بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئەگەری شەڕی خوێناوی کورد و تورکەکانی ئاڵمان

ئەگەری شەڕی خوێناوی کورد و تورکەکانی ئاڵمان
AvaToday caption
posted onOctober 14, 2019
noبۆچوون


نیزیک ملیۆنێک هاووڵاتی ئاڵمان کوردن. کارناسان هۆشداری دەدەن هێرشی تورکیە بۆ سەر کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەتوانێ ببێتە هۆی شەڕ و تێکهەڵچوونی لە نێوان ئەوان و لاینگرانی ئەردۆغان.

هەواڵدەری ئاڵمان ڕۆژی دووشەممە ٢٢ ڕەزبەر ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە کاریگەریەکانی هێرشی تورکیە بۆ سەر کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بڵاو کردەوە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە زۆربەی کوردەکانی ئاڵمان کە ژمارەیان دەگاتە ملیۆنێک و دوسەدهەزار کەس لە باکوری کوردستانەوە هاتوونەوە ئەو وڵاتە و لە ئیالەتی جۆراوجۆر و بە تایبەت لە ئیالەتی نوردراین نیشتەجێن.

هەواڵدەری ئاڵمان لە زمان بوراک چوپور کارناسی کاروباری تورکیە نووسیویەتی ئەگەری ڕوودانی شەڕی تووند لە نێوان لاینگرانی سەرکۆماری تورکیە و کوردەکانی ئەو وڵاتە زۆرە. ئەو مامۆستایەی زانستگای دۆرتمۆند دۆخی ئێستای نێوان کوردەکان و تورکەکانی لە ئاڵمان بە لە حاڵەتی لەتەقینەوەدابوون وەسف کردووە.

چوپور لەو بڕوایەدایە هەرچەند زیاتر هێرشی تورکیە کە دژی یاسا نێودەوڵەتیەکانە درێژە بکێشێت بە هەمان ڕێژە ئاستی مەترسی تووندوتیژی لە نێوان کورد و تورکەکان زیاد دەکات. حوسێن توپل ڕۆژنامەنووسی دانیشتووی ئاڵمان دەڵێ زۆربەی لاوە کورد و تورکەکان لە ئاڵمان لەگەڵ کێشەی ناسنامە بەرەوڕوون بە تایبەت ئەو لاوە تورکانەی لاینگری ئەردۆغانن لەگەڵ لاوە کوردەکان تووشی تێکهەڵچوون دەبن. بە گووتەی ناوبراو تا ئێستا چەندین جار لە قوتابخانەکان و کارگە فێرکاریەکان جیاوازی بۆچوونەکان بووە بە هۆی شەڕ و کێشە.

ئەو ڕۆژنامەنووسە پێی وایە دەوڵەتی تورکیە بۆ بزواندنی لاوانی تورک کەڵکی زیاتر لە میدیا فەرمی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وەردەگرێت. ناوبراو ئاماژە بە درامایەک دەکات کە لە نێو تورکەکانی ئاڵمان لاینگرێکی زۆری هەیە. قارەمانی ئەو چیرۆکە تورکێکە کە خەریکی گرتنی وڵاتانە و کردەوەکانی زۆر وەک کردەوەکانی ئەردۆغان دەچێت.

بە گووتەی سەردار یوکسل نوێنەری پەرلەمان لە ئیالەتی نوردراین وێستفالێن شەڕ و تووندوتیژی لە نێوان تورک و کوردەکانی ئاڵمان یەکێک لە هۆکارەکانی سیاسەتی ئەردۆغانە و کردەوەکانی سەرکۆماری تورکیە بووە بە هۆی ئەوەی لاینگران و دژبەرانی نەتوانن لە کەشێکی ئارام و دێموکراتیکدا لەگەڵ یەکتری هەڵسوکەوت بکەن. لەیلا مەلاعەبدوڵلا سەرۆکی کۆمەڵگەی کوردەکانی دانیشتووی شاری زیگن لە ئاڵمان بە هەواڵدەری ئاڵمانی گووتوە مزگەوتەکانی سەر بە یەکیەتی ئیسلامی تورکەکان بۆ سڵامەتی و سەرکەوتنی ئەردۆغان ڕێوڕەسمی پارانەوە و نزاکردن بەڕێوە دەبەن و بەو کارە دەبنە هۆی زیادبوونی ڕقی نێوان کورد و تورکەکان.

ڕۆژنامەی ئاڵمانی " کلنر ئێشتات ئێنتسایگر" نزاکردن بۆ ئەردۆغانی لەو مزگەوتانە پشت ڕاست کردووەتەوە بەڵام یەکیەتی ئیسلامی تورکەکان ڕەتی کردووەتەوە.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر کورد لە شارەکانی ئاڵمان دژی هێرشی تورکیە بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان خۆپێشاندانیان کردووە. زۆربەی خۆپێشاندانەکان بە بێ تووندوتیژی کۆتاییان پێهاتووە. تەنیا لە دوو شار خۆپێشاندانی کوردەکان شەڕ لەگەڵ تورکەکانی لێکەوتووەتەوە.