بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

لە کۆمیدیاوە بۆ سەرکۆماری

لە کۆمیدیاوە بۆ سەرکۆماری
AvaToday caption
ڤلادیمێر زلنسکی کۆمێدییەنی ئۆکراینی بووە سەرکۆماری
posted onJune 3, 2019
noبۆچوون

ڤڤلادیمێر زلنسکی، کۆمێدییەنی ئۆکراینی لە خوولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری وڵاتەکەى، توانی ڕکەبەرەکەى "پێترۆ پرۆشێنکۆ" کە ئێستا سەرکۆماری ئەو وڵاتەیە، شکست بدات و ڕێژەی ٧٣%ى دەنگەکانى خوولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئۆکراینی بباتەوە و پرۆشێنکۆ دۆڕانی خۆی لەو هەڵبژاردانەدا قبووڵ بکات.

 

پێشبینی و ڕاپرسییەکانی پێشوو لە ئۆکراین دەرخەری ئەوە بوون کە زۆربەی دەنگدەرانی ئۆکراینی لە دۆخی وڵاتە ناڕازین و بە ئەگەری زۆر زلنسکی هەڵدەبژێرن. زلنسکی هیچ جۆرە پێشینەیێکی سیاسی و بەڕێوەبردنی نەبووە و لە زنجیرەیەکی تەلەڤزیۆنیدا ڕۆڵی سەرکۆماری ئەو وڵاتەی گێڕابوو و ئێستا بە ڕاستی بووەتە سەرکۆماری ئۆکراین. هەڵبژاردنی زلنسکی بە مانای ڕەتکردنەوەی سیاسەتەکانی دەوڵەت لە ساڵەکانی پێشووی ئەو وڵاتە و داوای درووستکردنی گۆڕانکاری و چاکسازییە.

دەنگدەران هۆکاری سەرەکی دۆڕانی پێترۆ پڕۆشێنکۆ بە باشنەکردنی بژێوی ژیانی خەڵک و بوونی گەندەڵی ماڵی و کارگێڕی دەزانن. زلنسکی لانیکەم یەک تایبەتمەندی هەیە و تایبەتمەندییەکەشی ئەوەیە کە درووشم نادات و پێی وایە سەبارەت بە کەموکۆڕییەکانی ئەو وڵاتە هەموو لایەک ناڕازین.

 

زلنسکی کێیە؟

زلنسکى

ڤلادیمێر زلنسکی، فیلمنامەنووس، کۆمێدییەن، پێشکەشکار، بەرهەمهێنەری فیلم، گۆرانیبێژ، تەنزنووس و سیاسەتڤانی خەڵکی ئۆکراینە. ناوبراو لە دایک بووی ٢٥ی ژانوییەی ١٩٧٨ـى شاری "کریوی ڕاگ"ـە لە ناوچەی نیپرۆ پێترۆسکی ئۆکراین. دایک و بابی یەهودین، بابی مامۆستای زانکۆیە و ئەندازیارە، زلنسکی لە زانستگای نەتەوەیی ئابووری کێەڤ لە بواری مافدا خوێندنی تەواو کردووە، بەڵام بە شێوەی پسپۆڕ لەو بەشەدا کاری نەکرد.

زلنسکی لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا بەشداری کێبەرکێی کۆمێدی "کی.ڤی.ئێن" کرد و دوای ئەوە بۆ چوونە نێو گرووپێکی کۆمێدیی ئۆکراینی بەشداری فاینەڵى کەى.ڤ.ئێن کرد و لە کۆتاییدا ساڵی ١٩٩٧ بووە براوەی ئەو کێبەرکێیە.

ساڵی ٢٠٠٨ لە فیلمێکی درێژ بە ناوی "ئەوین لە شارێکی بڵیند" بەشداری کرد و بە ڕۆڵە جوانەکەى درەوەشایەوە. زلنسکی کاری ئەکتەریی بە بەشداربوون لە فیلمی "دەفتەری ئەویندارانە، سەردەمی ئێمە" لە ساڵی ٢٠١١ و فیلمى کۆمێدی ـ ڕووسی "ڕژۆسکی لە بەرامبەر ناپلیۆن" لە ساڵی ٢٠١٢ى زایینى، درێژە پێ دا. زلنسکی لە ساڵەکانی ٢٠١٠ تا ٢٠١٢، بووە ئەندامی ئەنجوومەن و بەرهەمهێنەری تەلەڤزیۆنی ئینتێر.

ساڵی ٢٠١٤ دژی بڕیاری وەزارەتی فەرهەنگی ئۆکراین بۆ یاساغبوونی هاتنی ئەکتەری ڕووسی بۆ ئۆکراین، قسەی کرد. لە ساڵی ٢٠١٥ ـەوە ئۆکراین ڕێگری کرد لە هاتنی ئەکتەران و هونەرمەندانی ڕووسی بۆ ئەو وڵاتە.

 

زلنسکی لە ڕۆڵی سەرکۆماری ئۆکراین

زلنسکى ٢

ساڵی ٢٠١٥ زلنسکی لە زنجیرەیەکی تەلەڤزیۆنیدا بە ناوی "خزمەتکاری خەڵک" بەشداری کرد و ڕۆڵی سەرکۆماری ئەو وڵاتەی گێرا. لەو زنجیرەیەدا زلنسکی لە مامۆستایەکی سادەی مێژووەوە دەبێتە سەرکۆماری ئەو وڵاتە. زلنسکی لەو زنجیرەدا بە پایسکیل و پاس سەردانی نووسینگەی سەرکۆماری خۆی دەکات. درووشمەکانی زلنسکی لەم هەڵبژاردنە دژى گەندەڵی، لە ناوەرۆکی ئەو زنجیرە تەلەڤزیۆنییە وەرگیراوە.

ساڵی ٢٠١٨، زلنسکی بە هاوکاری دەرهێنەرانی زنجیرەی خزمەتکاری خەڵک، حزبێکی بە ناوی خزمەتکاری خەڵک دامەزراند و بە درووشمی خەبات دژی گەندەڵی بووە سەرکۆماری ئۆکراین. لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ئیشپیگل گووتبوی "من بۆ گەڕانەوەی متمانە بۆ سیاسەتمەداران هاتوومە ناو دونیای سیاسەتەوە و دەمەوێ کەسانی پسپۆڕ بە دەسەڵات بگەن و بەڕاستی بەتەمای ئەوەم ئاڵوگۆڕی سیاسی درووست بکەم".

زلنسکی شەش مانگ پێش لەوەی خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانى وڵاتەکەى بپاڵێوێت، لە ڕاپرسییەکاندا لە پێشەوە بوو. لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، هاوکارییەکی زۆر کەمی لەگەڵ میدیا سەرەکییەکان کرد و لە بەرامبەردا لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کلیپ و یوتیوبەوە قسە و پەیامى خۆی گەیاند.

ئێمانۆئێل ماکرۆن سەرکۆماری فەڕانسە لە ١٢ ئەپرێلى ٢٠١٩ لە کۆشکی ئیلیزە لە پاریس میوانداری زلنسکی کرد. دەگوترێ پشتیوانانی زلنسکی، گرووپێک لە ئۆلیگارشییەکانی ئۆکراینن کە گەورە دەوڵەمەندی ئۆکراینی "کالامویسکی" یەکێک لەوانە. تا ئێستا ڕوون نییە زلنسکی چ جۆرە سیاسەتێک دەگرێتە بەر، بەڵام ئەو شتانەی تا ئەوڕۆ گووتویەتی جیاوازییەکی لەگەڵ سیاسەتەکانی پڕۆشێنکۆ نییە.

زلنسکی لە دیمانەیەکدا پوتینی بە دووژمن ناوبردووە.