ڕەهبەر مەحموودزاده*
قسە لەسەر دەوری ئەدەبیات و کارکردی ئەو بوارە لەسەر ژیانی مرۆڤ زۆر بەربڵاوە. ڕەنگه پوختەی پرسیاری جەنابت ئەوە بێ ئەدەبیات بۆ گەلێکی وەک گەلی ئێمە که لە زۆر دەرەتانی ئاسایی ژیان و زۆر مافی سەرەتایی بێبەشە به کەڵکی چ دێ؟
کارکردێکی ئەدەبیات کاکردی پاراستن و گەشە پێدانی زمانه. ڕەنگه لە ڕوانینی یەکەمدا وا بێتە بەرچاو ئەوە هەر ئەدەبه که به کەرەستەی زمان دەڕسکێ، ڕاستییەکەی ئەوەیە که ئەو هاوکێشەیە لەولاشەوە هەر ڕاستە واته زمانیش به هۆی ئەدەبیاتەوە گەشە دەکات و بەخۆیدا دێ و مانەوەی دەستەبەر دەبێ. لێرەدا ئەدەب ـ جگه لە لایەنی جوانیناسی و هونەریی پەتی ـ دەبێ بە دامەزراوەیەکی ناڕەسمیی گرینگیش کە کارێكی لەگوێن کاری سیستمی پەروەردەی وڵاتێک بۆ پاراستن و پەرەپێدانی زمانێک دەکا. بۆ ئێمەی کورد لە غیابی سیستمێکی ڕەسمی و یاسایی ئەوتۆ بۆ فێرکاریی زمانی خۆمان، ئەدەبیاتی کوردی دەبێ به دامەزراوەیەکی گرینگ بۆ پاراستن و فێرکاری و پەرەپێدانی زمانی کوردی. زمانێک کە ئێستا لە حوکمی نیشتمانیشمان دایه.
کارکردێکی دیکەی ئەدەبیات دەوری گرینگی ئەو بوارە لە مانا بەخشین به جیهانه. لە جیهانی نەریتیدا مرۆڤ گرفتی مانادار کردنی جیهانی نەبوو. جیهانبینییە نەریتییەکان به باشترین شێوە مانایان دەدا به ژیان و بوون و گەردوون. لە جیهانی مۆدێرندا وەنەبێ ئەو سەرچاوە مانابەخشە نەریتییانه نەمابن بەڵام ئیدی مانابەخشین به بوون و ژیان لە پاوانی ئەواندا نەماوە. بۆیه مرۆڤی مۆدیڕن هەتا ڕادەیەکی زۆر به شێوەی ڕاستەخۆ و ناڕاستەوخۆ به هۆی ئەدەبیاتەوە ـ بە بەربڵاوترین مانای خۆی ـ جیهانی دەوروپشتی خۆی مانادار دەکا.
کارکردی سێیەمی ئەدەبیات ساز کردنی پێوەندییەکی سیستماتیک و تۆکمه و ڕێکوپێک لەگەڵ میرات و کەلەپووری ڕابردووە. بە زمانێکی زۆر ساده بڵێم هەرچی لە چاخەکانی پێشوودا نووسراوە ـ تەنانەت ئەو نووسراوانەی لە سەردەمی خۆیاندا وەک بەشێک لە ئەدەبیاتیش حیسێب نەکراون ـ به هۆی جیاوازیی زمانیان لەگەڵ زمانی ئەوڕۆ واته بەهۆی ئەوەی زمانەکەیان شێوەیەکی جیاواز لە زمانی ستانداردی ئەوڕۆیه، ئەمڕۆ به ئەدەبیات حێساب دەکرێ و پسپۆرانی ئەدەبیات به ئەرکی خۆیانی دەزانن بیخوێننەوە و لێی بکۆڵنەوە.
با نموونەیەکت بۆ باس بکەم. "تذکره الاولیا" ی عەتتاری نەیشابووری لە زەمانی خۆیدا دەقێکی ئایینی بووە و لەناو دەقە ئایینییەکانیشدا ئەو کەسانه خوێندوویانەتەوە که بڕوایان به تەسەووف و عیرفان هەبووە. ئەوڕۆ تیۆریزانێکی وەک بابەک ئەحمەدی نەک وەک دەقێکی ئایینی بەڵکوو وەک دەقێکی ئەدەبی لێی دەکۆڵێتەوە و دەیخوێنێتەوە. تاریخی بەیهەقی وەختی خۆی ـ و ئێستاش ـ دەقێکی مێژوویی بووە بەڵام ئەوڕۆ وەک ئەدەبیاتیش دەخوێندرێتەوه. یان وەک نموونەیەکی دیکه له ئەدەبی کوردیدا لە سەدەکانی ڕابردوو شێعری یارسان کۆمەڵە کەلامێکی تەعلیمی بۆ پێڕەوانی خودی ئەو ئایینە بووه و پێشەوایانی یارسان به هۆی ئەو شێعرانەوە خەڵکی خۆیان فێری جیهانبینی و شەریعەتی ئایینی خۆیان کردووە. ئەوڕۆ ئەدیبی کورد نەک بۆ فێر بوونی ڕێوشوینی ئایینی یارسان بەڵکوو وەکوو کۆمەڵە دەقێکی ئەدەبی کە هەڵگری شێوە زمانێکی تایبەت و شێوە جوانیناسییەکی تایبەتن لەگەڵ ئەو دەقانه هەڵسوکەوت دەکا. واته لە جیهانی قەدیمدا هەر یارسانەکان کەلامی خۆیان خوێندۆتەوە بەڵام ئەوڕۆ حوکم نییە کەسێک بڕوای بەو ئایینە هەبێ هەتا کەلامی یارسان بخوێنێتەوە. ئەو مێکانیزمه وا لە مرۆڤ دەکا لەگەڵ دەریای میراتی نووسراوی چاخەکانی رابردوو لە پێوەندییەکی قووڵ دا بێ.
بۆ زۆر کەسیش ئەدەبیات هەر به هۆی کارکردی هونەری و جوانیناسانەی گرینگه. واته بۆ زۆر کەس ئەدەبیات جگه لە ئەدەبیات هیچی دیکه نییە و هەر بۆیەش لەلای خۆشەویست و چێژبەخشه. لە کۆتاییدا دەمهەوێ کەڵک لە دوو خوازە (استعارە) بۆ نیشاندانی گرینگیی ئەدەبیات وەربگرم:
خوازەی یەکەم. قەدیم ئەو دێیانەی لەسەر جاده هەڵدەکەوتن خەڵکەکەیان لەچاو خەڵکی ئەو دێیانەی چەپەک و تەریک و دوورکەوته بوون زۆر ئاگادارتر و چاوکراوەتر بوون، چونکه ئەو دێیانه هاتوچۆیان بەسەرەوە بوو و خەڵک ئاگاداری باسوخواس و ڕووداو و جەریانەکان بوون.
تێکڵاویی لەگەڵ ئەدەبیات دروست کردنی خانوو لە تەنیشت جادەیە. چونکه ئەدەبیات چوارڕێیان یان چەندڕێیانێکه که فەلسەفە و ئایین و کۆمەڵناسی و دەروونناسی و ئەخلاق و مێژوو تێیدا پێک دەگەن. خەڵکی ئەو هەرێمه خەڵکێکی چاوکراوە و تێگەیشتوون.
خوازەی دووەم. کاتێک کەسێک به هەر هۆیەک لە وڵاتی خۆیدا بۆی دژوارە درێژه به ژیانی بدا، لە وڵاتێکی دیکە دەبێ بە پەنابەر. ئەو کەسە پەنابەرێکی سیاسی یان کۆمەڵایەتییە.
لە جیهانی ئەوڕۆدا ژیان ـ هەم بە مانا فەلسەفییەکەی هەم بە مانا سیاسی و کۆمەڵایەتیەکەی ـ دژوار بووە. چوونه سەری ڕێژەی خۆکوژی نیشاندەری دژوار بوونی ژیانی مرۆڤی ئێستایه. بۆ ئەو کەسانەی بەرگەی "باری قورسی هەستی" ناگرن یان بە پێچەوانه بەرگەی "سووکایەتی لەڕادەبەدری هەستی" ناگرن، وڵاتێکی زۆر گەورە و ئاوەدان و پێشکەوتوو و ئینسانی بوونی هەیە هەتا خۆیان لە ئارێشە و سەرێشەکانی تاقەتپڕووکێنی ژیانی ئێستا ڕزگار بکەن و لەو وڵاتە گەورە و جوانەدا ببن به پەنابەر: وڵاتی ئەدەبیات. شارۆمەندانی ئەو وڵاته له زۆر بارەوە ژیانێکی ئیدەئالی خۆیان دەژین. ژیانێکی شیاوی مەقامی مرۆڤ.
* ئەم وتارە لە لاپەڕەى فەیسبووکى نووسەر وەرگیراوە.