دەسەڵاتدارانى ڕژێمى سووریا لە دیمەشق مەترسییەکانى خۆى لە زیادبوونى پاوانخوازییەکانى کورد لە ڕۆژهەڵاتى فورات نەشاردووەتەوە، هەروەها هەڵوێستى خۆى لەبارەى "کۆڕبەندی هۆزەکانی ژێر ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سووریاى دیموکراتی (هەسەدە)، بە "خیانەت" وەسف کردووە.
هاوکات وەزارەتى دەرەوەى ڕووسیا، هاوشێوەى دەسەڵاتەکەى دیمەشق، هەنگاوەکانى کوردەکانى بە هەوڵێک بۆ "دروستکردنى کیانێکى نیمچە دەوڵەت" وەسف کردووە، ئەمەش لە کاتێکدا کەشوهەواى ناوخۆیی سووریا و هەرێمایەتى و نێودەوڵەتى هەیە بۆ ئەوەى هەرێمى کوردستانى سووریا هاوشێوەى هەرێمى کوردستانى عێراق لە باکوورى سووریا دروست بێت.
لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەى، ئەمجەد عوسمان گوتەبێژى ئەنجوومەنى سووریاى دیموکراتیک کە لەلایەن کوردەکانەوە لە باکوورى سووریا بەڕێوە دەچێت، باسى لە حوکمڕانى خوازراویان کردووە بۆ وڵاتەکەیان، ئەویش بریتییە لە "سیستەمێکى نامەرکەزی تایبەت بە کۆمەڵگەى سووری".
ئاماژەى بەوە کردووە "لە دواى سەرهەڵدانى قەیرانەکانى سووریا، کورد ئاراستەو ڕێگایەکى گرتووەتە بەر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو قەیرانە". عوسمان گووتیشى " اراستەکەیان بریتییە لەوەى تیشکى زیاتر بخەنە سەر بەرژەوەندییەکانى خاک و گەلى سووریا، هەروەها بنیاتنانى ئایندەى سووریا لەسەر بنەمایەکى نوێ، بۆ ئەوەى گۆڕانکارى لە داهاتووی ئەو وڵاتە دروست بکات".
سەرەڕاى کۆنترۆڵکردنى چەندین کێڵگەى نەوت و غاز لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتیان، بەڵام هێزەکانى هەسەدە کە زۆرینەى پێکهاتەکەى کوردە و بەشێکی تریان لە کریستان و هۆزە عەرەبەکان پێک هاتووە، دەرگای دانووسانیان بەرامبەر ڕژێمى سووریاى دەسەڵاتدارى دیمەشق یاخود تورکیا دانەخستووە. لەم دواییەدا کوردەکان لە باکوورى سووریا، پاڵپشتییەکى جددییان لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە لێ کراوە کە هاوتایە بە هەڕەشە و گفتەکانى تورکیا، بەڵام ئەنکەرا نەیتوانیوە هیچ شتێک بەرامبەر ئەو ڕەوشەى باکوورى سووریا بکات، بۆیەش ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرکۆمارى تورکیا (بە قسەى میدیاکان) ناچار بووە ملکەچى واقعی سیاسیی ئەمڕۆى ڕۆژئاواى کوردستان بێت و ئێستاش لە هەوڵى ئەوەدایە قەناعەت بە واشنتۆن بێنێت ناوچەیەکى ئارام لەسەر سنووری وڵاتەکەى لەگەڵ سووریا و بەهەماهەنگی هێزە کوردییەکان دروست بکات، بەڵام ئەو داوایەش لەلایەن ئیدارەى دۆناڵد ترامپی سەرۆکى ئەمەریکاوە ڕەت کراوەتەوە.
جگە لەوانەش پاڵپشتییەکى مەعنەوی و دیپلۆماتى و میدیایی ئەوروپایان بەرامبەر ملهۆڕییەکانى تورکیا بەدەست هێناوە، بۆیەش بەم دواییانە ئیمانۆیل ماکرۆن سەرۆکى فەڕەنسا پێشوازییەکى گەرمی لە شاندێکى هێزەکانى هەسەدە کرد و "پاڵپشتى پاریسى بۆ کوردەکان دووپات کردەوە، بە تایبەت لەپرسى بەرەنگاربوونەوەى مەترسییەکانى گرووپی تیرۆریستى داعش".
لەبارەى خەونى کوردەکان لە دروستکردنى دەوڵەتێکى سەربەخۆ، زۆربەى وڵاتانى ناوچەکە، بەتایبەت ئەنکەرا و دیمەشق و تاران مەترسیی خۆیان بەو هەنگاوە نیشان داوە، بۆیە عوسمان لەدرێژەى چاوپێکەوتنەکەیدا دەڵێت "ئەو تۆمەتانە دژى پڕۆژەى ئەنجومەنى سووریاى دیموکراتیکە، بەتایبەت دواى کۆڕبەندی هۆزەکان کە لە ئەنجومەنى عەین عیسا بەڕێوە چوو، بۆیە دژایەتى پڕۆژەى ئەنجوومەنەکە دەکەن، چونکە پڕۆژەیەکى نیشتیمانى سووری ڕاستەقینەیە".
هەرچەندە هەڕەشەکان و سەرچاوەکانى زۆرن، بەڵام کوردەکان دەستى باڵایان لە ناوچەکانى خۆیان هەیەو، هاوکات لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانى ڕۆژئاواوە پارێزراون، هاوشێوەی ناوچەیەکى ئارامی ساڵانى نەوەتەکانى سەدەى ڕابردوو کاتێک ویلایەتە یەکگرتووەکان دژى فرۆکەکانى عێراق هێڵى ٣٦ى بۆ پاراستنى کوردەکانى هەرێمى کوردستان دیارى کرد.
لەبارەى هەڕەشەکانى حکومەتى دیمەشق بۆ سنووربەزاندنی ناوچەکانى خۆسەرى لەباکوورى سووریا و گفتوگۆ لەگەڵ کوردەکان بۆ ئەوەى بڕیارەکانى خۆى بەسەریاندا بسەپێنێت، گوتەبێژەکەى هەسەدە باسى لەوە کرد کە "پێش چەند مانگێک گفتوگۆمان لەگەڵ حکومەتى سووریا لە دیمەشق کرد، بەڵام هیچ ئەنجامێکى نەبوو"، لە هەمان کاتیشدا هەڕەشەکانى دیمەشقیش بەهەند وەردەگرن.
چاودێران هێمایان بەوە کردووە "پاڵپشتییە دەرەکییەکان، تەنها لە ئاودانى خەونى کوردەکان کورت ناکرێتەوە، بەڵکو تایبەتمەندییەکى دیکەى بەهێزى هەیە ئەویش علمانیبوونیانە، ئەمەش وای کردووە چەندین ڕەوتى ناوخۆیی لە دەوریان کۆ ببێتەوە و ببێتە خاڵێکى ئەرێنی". ئێستا کوردەکان کار لەسەر نزیککردنەوەى هۆزە عەرەبەکان دەکەن بۆ نێو ڕیزەکانى خۆیان، وەک چۆن کریستانەکان دواى سەرکەوتنەکانیان بەسەر داعش و ڕزگارکردنى ناوچەى ئێزدییەکان و گەڕانەوەى دیلەکان، چوونە پاڵیان.
لەبارەى ئەگەرى کۆتاییهاتنى شەڕى سووریا لەمساڵدا عوسمان پێشبینى ئەوە دەکات "پرسی سووریا بووەتە کەیسێکى نێودەوڵەتى و پێمان وایە سوورییەکان پێویستیان بەوەیە کۆتایی بەو ململانێیە بهێنن و چارەسەرێک بۆ قەیرانەکەیان بدۆزنەوە و هیچ چارەسەرێکیش بەدەر لەئیرادەى نێودەوڵەتى لەسووریا بەدی نایەت". دەشڵێت "پێم وایە لەناوبردنى داعش هەنگاوێکى گرنگە بەئاراستەى خێراکردنی چارەسەرى سیاسی. بابەتەکە ئەمڕۆ لەدواى داعش باشتر و ئیمکاناتى گەورەترە، ئەگەر ئیرادەى ڕاستەقینە لەنێو سوورییەکان هەبێ ئەوا دەگەینە لێکگەیشتنێک بۆ ئەوەى پارێزگارى لەو بەشەى وڵاتەکەیان بکەین کە ماوە".
لەگەڵ فراوانبوونى پانتایی ململانێیەکانى سووریا لە ساڵى ٢٠١٢، ئەستێرەى کوردەکان دوای چەندین دەیە لە پەراوێزخرانیان، گەشەى بەخۆیەوە بینی و لەبەرامبەریشدا پانتاییەکانى دەسەڵاتى حکومەتى دیمەشق لەناوچە کوردییەکان ڕووى لە پاشەکشێ کرد، تەنانەت دواى دەرکردنى داعش لەناوچە فراوانەکانى باکوور و ڕۆژهەڵاتى سووریا، بوونە جێی سەرەنجی جیهان. دیمەشق، لە دواى کشانەوەى سەرجەم هێزەکانى، ئێستا چەند فەرمانگەیەکى فەرمی بچووکى لەچەند ناوچەیەک ماوە وەک قامیشلۆ وحەسەکە، بەڵام ڕاگەیاندنى خۆسەرەییەکەیان لەلایەن سووریاوە دانى پێدا نەنراوە، بۆیە تا ئێستا کێشەى کوردەکان لەگەڵ حکومەتى دیمەشق لەسەر پرسى دانپێنانە بەدەسەڵاتەکەیان، هەروەها دابینکردنى دەسەڵاتێکى زیاتر بۆ بەرێوەبردنى ناوچەکانیان.
بەم نزیکانە تەواوی چاوپێکەوتنەکەى ئەمجەد عوسمان، گوتەبێژەکەى ئەنجومەنى سووریاى دیموکراتیک لە ماڵپەرى ئاڤاتودەى بڵاو دەبێتەوە .