دانوستانکارانی سێ وڵات و هێزەکانی سوریای دیموکرات دانوستاندن لەسەر چارەنووسی رۆژئاوای کوردستان دەکەن و بەگوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، دیپلۆماتەکانی ئەمریکا، تورکیا، سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات نەرمی زیاتر دەنوێنن، بەپێچەوانەی ئەو شتەی لە راگەیەنراوەکاندا باسی دەکەن.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا لە زاری ژمارەیەکی زۆر سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی کردووەتەوە، لایەنە دانوستانکارەکان خەریکن تاوتوێی رێککەوتنێکی هێزەکی (بالقوە) دەکەن، بۆ ئەوەی پرسێکی داهاتووی سوریا چارەسەر بکەن، پرسێک کە ئەگەری هەیە بتەقێتەوە.
بەپێی ئەم راپۆرتە، رەنگە ئەم هەوڵانە لە مانگەکانی داهاتوودا رێکەوتنێکی بەدوادا بێت و بەم پێیە هەندێ لە شەڕڤانانی کورد باکووری رۆژهەڵاتی سوریا بەجێبێڵن و ئەوانەش کە دەمێننەوە بخرێنە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی بەرگری سوریاوە.
چەند رۆژ لەمەوبەر بەرپرسێكی پارتی کرێکارانی کوردستان ڕایگەیاندبوو "ئەگەر خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە دەستی هێزەکانی سوریای دیموکراتدا بمێنێتەوە و دەسەڵاتی کوردی مسۆگەر بکرێت، ئەوا لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکشێنەوە."
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکراتیش ئامادەیی دەربڕیوە بۆ ئەوەی ئەو شەڕڤانانەی کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان نین، ئەوێ بەجێبێڵن.
سەرچاوەکانی ئاژانسی رۆیتەرز گوتوویانە، سەرەڕای پێشکەوتنەکان، زۆر بابەتی هەستیاریش چارەسەریان پێویستە، لەوانە چۆن هێزەکانی سوریای دیموکرات دەخرێنە چوارچێوەیەکەوە و دەخرێنە ژێر چاودێریی وەزارەتی بەرگری، هەروەها هەندێ بابەتی دیکەی وەک کێڵگە نەوتییەکان و ناوچە دەوڵەمەندە کشتوکاڵییەکان چۆن چارەسەر دەکرێن.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، بە کاناڵی ئەشراق نیوزی عەرەبستانی سەعودی گوتووە: ئەوان دەیانهەوێت بەپێی یاساکانی وەزارەتی بەرگری سوریا بجوڵێنەوە، بەڵام بە مەرجێک وەک "پێکهاتەیەکی سەربازیی" بمێننەوە.
وەزیری نوێی بەرگری سوریا ئەوەی رەت کردووەتەوە، هێزەکانی سوریای دیموکرات وەک پێکهاتەیەکی سەربەخۆی سەربازیی بمێننەوە.
دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا دەڵێن، دەیانهەوێت هەموو گرووپە چەکدارەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتەدا رێکبخەن.
بەگوتەی دیپلۆمات و سەرچاوەکان، ئەوەیکە کورد لە رۆژئاوای کوردستان چەند دەتوانێت خۆسەری و خۆبەڕێوەبەریی خۆی بپارێزێت، رەنگە پەیوەندیی بە هاتنەسەرکاری دۆناڵد ترەمپەوە هەیە، کە ئاخۆ پشتگیرییەکانی ئەمریکا بۆ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر درێژە دەدات یان نا.
دۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندیی لەگەڵ ئەو پرسەدا لێدوانێکی ئاشکرای نەداوە.
هەموو لایەنەکان نیگەرانییان لەوە دەربڕیوە کە ئەگەر رێککەوتنێک نەیەتە ئاراوە، ناسەقامگیری لە باکووری رۆژهەڵاتدا بێتە ئاراوە.
لەلایەکی دیکەشەوە، شکستی ئەو هەوڵانەی لە ئارادان، دەتوانێت کاریگەریی لەسەر هەوڵەکانی تورکیا بۆ کۆتاییهێنان بە پەکەکە دابنێت.
بەپێی راپۆرتی رۆیتەرز، هەر چەشنە رێککەوتنێک بەستراوەتەوە بە هەڕەشەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە، کە ئاخۆ هێرش دەکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان یان نا.
دوای رووخانی بەشار ئەسەد، حکومەتی تورکیا ئێستا دەستڕۆیشتوویەکی زۆری لە سوریادا هەیە.