ماڵپەڕی بلۆمبێرگ لە زمان ڕاوێژکارێکی پلەبەرزی ئابوری دۆناڵد ترامپ سەرکۆماری ئەمریکا گووتی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە لە زووەوە دەگەڵ خوان گوایدۆ ڕێبەری دژبەرانی ڤەنزوێلا دانوسانیان دەست پێ کردووە بۆ ئەوەی لە ئەگەری ڕووخانی دەوڵەتی نیکۆلاس مادۆرۆ ڕێگە چارەیەک بۆ دەربازکردنی ئابوری ئەو وڵاتە لەو دۆخە خراپە ببیننەوە.
ئاری کولاک بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ئابوری نەتەوەیی ئەمریکا کە ڕۆژی ڕابڕدوو لە واشنتۆن قسەی دەکرد لە درێژەی قسەکانیدا گووتی ئەمریکا لە بەرنامەیدایە لە ڕێگەی بانکەکان، مۆبایل و ئەپلیکەیشنەکان و ڕێگەی دیکە پارەى کاش بنێرێت بۆ ڤەنزوێلا. لە درێژەی ئەو بەشەی قسەکانیدا گووتی ئەو پارە کاشە لە سەرەتا دا دۆلار دەبێ بۆ ئەوەی پێویستی بە دراوی بۆلیوار نەبێ.
کولاک لە درێژەی قسەکانیدا گوتی وەزارەتی خەزێنەداری، ئەنجومەنی ئەمنیەتی نەتەوەیی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی هاوکات کار لەسەر ئەو گەڵاڵەیە دەکەن و لە ئەگەری گۆڕانی رێبەری ئەو وڵاتە بە خێرایی دەست بە کار دەکەن. ئەمریکا کە گەمارۆی قورسی خستۆتە سەر ڤەنزوێلا هۆشداری داوە کە نابێ هیچ کارێک دژی گوایدۆ بکرێت کە وەک سەرکۆماری کاتی ئەو وڵاتە ناساندوویەتی.
ڤەنزوێلا سەرەڕای بوونی سەرچاوەی زۆری نەوتی لەو ساڵانەی دواییدا لەگەڵ هەڵاوسانی لە رادەبەدەر، برسیەتی و کەمبوونی دەرمان و پچڕانی کارەبای سەرتاسەری ڕووبەڕوو بووەتەوە. دەوڵەتی مادۆرۆ بە پێچەوانەی دژبەرانی بانگەشەی ئەوە دەکات کێشەکانی ئەو وڵاتە نە بە هۆی بەڕێوەبەری خراپ بەڵکو بە هۆی ئەو خەسارە گەورانە بووە کە دژبەرانی ناوخۆیی و دەرەکی بە شێوەی پلان بۆ داڕێژراو لەو وڵاتەیان داوە.
بێ بەهایی پارەى ڤەنزوێلا