لە شاری کرن لە پارێزگای کرماشان رێوڕەسمی نەریتی گاڤارە وەکوڵ (لانکە لە کۆڵ) بەڕێوەچوو. گاڤارە وەکوڵ رێوڕەسمێکی کۆنی کوردییە و خەڵکی خوارووی کوردستان پێیان وایە ئەمە دەسپێکی ساڵی نوێ و مزگێندەری بەهارە.
رێوڕەسمی گاڤارە وەکوڵ ئەمڕۆ سێشەممە لەنێو شاری کرن بەڕێوەچوو و خەڵکێکی زۆر بەشدارییان تێدا کردبوو و لە کۆمەڵێک بڕگەی جیاواز پێکهاتبوو.
گاڤارە وەکوڵ ئەمساڵ دوویەمین ساڵە بەڕێوەدەچێت، رێوڕەسمێکی کۆنی کوردییە ساڵی پار زیندوویان کردەوە.
ئەم رێوڕەسمە بۆ سوپاسگوزاری لە نیعمەت و بەرەکەت و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانە. هاوکات خواردنی دانەکوڵانە لێدەنرێت، ئەم خواردنە لە گەنم دروست دەکرێت.
لەم رێوڕەسمەدا چەند کەسێکی لانکە یان بێشکە لە کۆڵ دەردەکەون و ئەمەش بە مانای نوێبوونەوە و دەسپێکێکی نوێیە.
لە رێوڕەسمی ئەمساڵیشدا خەڵک بە دهۆڵ و زوڕنا داوەتیان کرد، گرووپی دەف ژەن و تەمورە ژەن، دەف و تەمورەیان ژەند، کچانی لانکە لە کۆڵ و سەوزە، گوڵ و ئاوێنە لە دەست نمایشیان بەڕێوەبرد.