بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

گرنگترین قسەکانی مەولانا عەبدولحەمید لە وتاری نوێژی هەینی ١٢ی ڕەشەمە لە زاهیدان

گرنگترین قسەکانی مەولانا عەبدولحەمید لە وتاری نوێژی هەینی ١٢ی ڕەشەمە لە زاهیدان
AvaToday caption
posted onMarch 3, 2023
noبۆچوون

مەولانا عەبدولحەمید، لە وتاری نوێژی هەینیی ئەمڕۆیدا بە وتەی پێغەمبەری ئیسلامی دەستی پێ کرد کە گووتوویەتی: ئەو کەسەی متمانە نەپارێزێت ئیمانی نییە، ئەو کەسەش ئەگەر پابەند نەبێت بە بەڵێنەکەیەوە، هیچ ئایینێکی نییە.

 

مەولانا ئاماژەکردن بە درۆزنی بەرپرسانی کۆماری ئاخوندی گوتی: 
ئایینی ئیسلام ڕێگە بە هیچ کەسێک نادات درۆ بکات، بەرپرسان و حکومەتەکانی جیهان دەبێت ڕاستگۆ بن لەگەڵ گەلەکەیان. خراپترین حاکم حاکمێکە کە درۆ لەگەڵ گەلەکەی دەکات. کاتێک خەڵک، کەسێک وەک سەرکردە هەڵدەبژێرێت و متمانەی پێ دەکات و ئەویش درۆ لەگەڵ خەڵک و میللەت بکات، ئەمە خراپترین درۆیە. ڕاستگۆیی و حەقیقەت، ڕزگاربوونە و درۆ دەبێتە هۆی وێرانکاری و نەهامەتی، ئەمە خاڵێکە کە پێغەمبەر ئاماژەی پێ کردووە. ئیسلام فەرمانی کردووە کە نابێت خیانەت لە هیچ ئەمانەتێک بکرێت و لە قسەکردن پێویستە ڕاستگۆ بین. 

هەندێک لە بەرپرسانی کۆماری ئاخوندی درێغی ناکەن لە درۆ و قسەی ساختە، بۆ نمونە بەرپرسێک (مەبەستی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئاخوندییە) لە ڕۆژئاوا گووتی کەس لە ناڕەزایەتییەکان نەکوژراوە و کەسیش لە زیندان نییە. بەڕاستی سەرمان سوڕما کە چەندە بە ڕوونی درۆ دەکات، کەچی لە ڕاپەڕینەکان و ناڕەزایەتییەکان لەم دواییانەدا زۆرێک شەهید بوون و زۆریش لە زیندانن. هەر لەم مزگەوتەی زاهیدان، لە هەینی خوێناوی زاهیدان، چەندین نوێژخوێن شەهید بوون.

هیچ سیستەمێکی حکومەت و سەربازی مافی ئەوەی نییە بە پێچەوانەی حەقیقەتەوە قسە بکات، تەنانەت ئەگەر سیستەمێکی ئیسلامیش بێت و هیچ سیستەمێکی ئیسلامیش تا ڕۆژی قیامەت بەردەوام نابێت، تەنانەت سیستەمێکی دادپەروەریش تا ڕۆژی قیامەت بەردەوام نابێت. کەس ئەبەدی نییە، ئەوەی دەمێنێتەوە ڕاستگۆیی و خزمەتکردنی گەلە، هەموومان دەڕۆین.

لە کاتی ژەهراویکردنی قوتابخانەکانی کچانی ئەو وڵاتە، کچانی ئێرانیان کردە ئامانج و کێشەیان بۆ هەموو میللەت دروست کرد و ئەم ڕەوتە زۆر جددییە و دوای سێ مانگ بەسەر دەستپێکردنیدا، سەدان کچ ژەهراوی بوون. سەرەکیترین ئامانجی ئەم ڕەوت و هێرشانە کچانن.

جێگەی سەرسوڕمانە کە تا ئێستا پرسێکی وا گەورە چارەسەر نەکراوە و هۆکارەکان و ژەنجامدەرانی دیاری نەکراون، لەکاتێکدا حکومەت هەموو ئاسانکارییەکانی لەبەردەستدایە.

زۆر کەس پێیان وایە ئەمە جۆرێکە لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان و بە ژەهراویکردن کچانیان کردووەتە ئامانج.