بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

٦٣ خۆپێشاندان لە حەفتەى یەکەمى ٢٠١٩ لە ئێران ڕووىان داوە

٦٣ خۆپێشاندان لە حەفتەى یەکەمى ٢٠١٩ لە ئێران ڕووىان داوە
posted onJanuary 13, 2019
noبۆچوون

 

بەپێی ڕاپۆرتێک لەناوخۆى ئێراندا کۆکراونەتەوە، لە هەفتەى یەکەمى ساڵى نوێوە، کۆماری ئیسلامی نزیکەى ٦٣ خۆپێشاندانى بەخۆیەوە بینیوە، بە جۆرێک ڕۆژانە نۆ خۆپێشاندان و ناڕەزایی دژى دەسەڵاتدارێتى تاران بەرپا بووە و، مەترسییەکى بۆ ئەو ڕژێمە دروست کردووە.

 

ئەو ڕاپۆرتە کە لە لایەن هێزەکانى ئۆپۆزسیۆنى ئەو وڵاتە ئامادە کراوە ئاماژەى بەوە داوە "هەفتەى یەکەمى کانوونى دووەم (بەفرانبار)ى ٢٠١٩، شەپۆلێکى خۆپێشاندان و ناڕەزایی ئێرانى گرتۆتەوە". ئەنجومەنى نیشتیمانى بۆ بەرەنگاربوونەوەى ئێران کە بارەگاى سەرەکیی لە پاریسى پایتەختى فەرەنسایە، ڕوونی کردووەتەوە "زۆربەى پێکهاتەى بزووتنەوە خۆپێشاندانەکانى ئێران لە لایەن قوتابیانى زانکۆ و قوتابخانەکان و، کرێکارانى کارگە گەورەو بچووکەکانى شارە گەورەو بچووکەکان بووە، لەپاڵ ئەوانیش خانەنیشان و توێژەکانى دیکەی کۆمەڵگە چوونەتە نێو خۆپێشاندانەکانەوە".

جەختى لەوەش کردەوە "کرێکارانى کارگەکان بەهۆى دواکەوتنى مووچەى شایستەیان لە هەفتەى یەکەمى ئەمساڵدا ١٣ خۆپێشاندانیان ئەنجام داوە، لە پاڵ ئەوانیش قوتابیان دژى سەرکووتکردنى ئەمنى و دەستگیرکردنى هاوڕێیەکانیان حەوت خۆپێشاندانیان ڕێکخست". لەو نێوەندەش شۆفێرانى بارهەڵگرەکان ١١ خۆپێشاندانیان لەسەرتاسەرى ئێران ئەنجام داوە.

کۆمارى ئیسلامى لە خۆپێشاندەران تۆقیوە!

کۆمارى ئیسلامى لە خۆپێشاندەران تۆقیوە!

 

ئەمەش لەکاتێکدایە لە کانوونى یەکەم (سەرماوەز)ى ٢٠١٨، لە ماوەى یەک مانگدا کۆمارى ئیسلامی ڕووبەرووى ٥٢٩ خۆپێشاندانى جەماوەرى ببووەوە، کە زۆربەى بەهۆى ئاڵۆزبوونى ڕەوشى ئابوورى و بژێوى ژیانیان بووە. جگە لەوەش لە کۆتاییەکانى ٢٠١٧ بۆ سەرەتاکانى ٢٠١٨ دژى حکومەتەکەى حەسەن ڕوحانى، سەرکۆمارى ئێران و، نەبوونى ئازادی خۆپێشاندانێکى جەماوەرى ١١٠ شارى گەورەو بچووکى ئەو وڵاتەى گرتەوە.

توێژەکانى دیکەى کۆمەڵگەى ئێران، ئەوانیش بێبەش نەبوونە لە ئەنجامدانى خۆپێشاندان دژى دەسەڵاتدارانى ڕژێمى کۆمارى ئیسلامی و، ئەوان لەو هەفتەیە نزیکەى ١٢ خۆپێشاندانیان ڕێک خستبوو، جووتیارانیش بەئاستى ١٠ خۆپێشاندان.

زۆربەى درووشمەکانی دژى دەسەڵاتداران پرسى بڵاوبوونەوەى گەندەڵی لەدامەزراوەکانى حکومەت و، لاوازی توانای کڕین و، بەرزبوونەوەى پێنوێنى هەڵاوسانى کاڵاکان و بەرزبوونەوەى ڕێژەى هەژاران کە سنوورى سەدا ٦٠ کۆى گشتى دانیشتووانى تێپەراندووە و بەلایەنى کەمەوە ٤٠ ملیۆن کەس لەژێر هێڵى هەرە هەژارەکانى ئێرانن.

خۆپێشاندان بۆ گەیاندنى پەیامەکانیان باڵەخانە فەرمییەکانیان گەمارۆ داوە، بەتایبەت لە بەردەم پەرلەمانى ئێران لە تاران، بەشێکى مامۆستایانیش دروشمى "خائین"یان دژى ڕوحانی بەرز کردەوە، کە هۆکارێک بووە بۆ دەستگیرکردنى هاوڕێیانیان لەلایەن پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانى وڵات.

خەڵکى چیتر لە سەرۆکوتى هێزە ئەمنییەکانى ئێران ناترسێت!

خەڵکى چیتر لە سەرۆکوتى هێزە ئەمنییەکانى ئێران ناترسێت!

 

لە توێژەکانى دیکەى کۆمەڵگەش خانەنیشانى مەدەنى و سەربازانى پێشوو، بە هۆى خراپی ڕەوشى ژیانیان چوونە پاڵ خۆپێشاندەران و، لەبەردەم پەرلەمانى وڵاتەکەیان لە تاران داوای بەدەستهێنانى مافەکانیان کردووە. بەشێک لەقوتابیە خۆپێشاندەرەکان باسیان لەوە کردووە "زانکۆکەکانى ئێران بەهۆى بەرزی باجەکان و خراپی کواڵێتی خۆراک و وێرانبوونى ژێرخانى زانستى و دەستێوەردانى هێزە ئەمنییەکان ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و خۆپێشاندانیان ساز کردووە".

هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانى کۆمارى ئیسلامی خۆشحاڵى خۆیان بەو خۆپێشاندانانە نیشان داوە و داواشیان لە خەڵک کردووە کە "دژى ڕژێمى نامرۆیی ئێران" ڕاپەرن. ئۆپۆزسیۆن پێى وایە "هێزە ئەمنییە سەرکووتکەرەکان بە هەموو شێوەیەک دەیانەوێت کۆت بخەنە سەر هاووڵاتیان و دەستگیرکردنى فراوانى دژى خۆپێشاندەران ئەنجام داوە، کە دژى جیاکاری و گەندەڵى خۆپێشاندانیان ساز کردووە و ڕایانبگرێت".

داواشیان لە ڕێکخراوەکانى مافی مرۆڤ و سەندیکا کرێکارییەکان و یەکێتى مامۆستایانی سەرتاسەرى جیهان کردووە، پاڵپشتى خۆپێشاندەرانى ئێران بکەن و لە هەمان کاتیشدا داواى ئازادکردنى گیراوانى گرتووخانەکانى ڕژێمى ئێرانیشیان کردووە.