بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

بەڵگەنامەکانی چوونیەتی دەستدرێژی سێکسی و کوشتنی نیکا شاکەرەمی ئاشكرا کرا

بەڵگەنامەکانی چوونیەتی دەستدرێژی سێکسی و کوشتنی نیکا شاکەرەمی ئاشكرا کرا
ڕەسمێک له نیکا شاکەرەمی، گەنجێکی ١٦ ساڵان که له لایەن هێزەکانی کۆماری سێدارەی ئیسلامی دەستدرێژی سێکسیی کراوەته سەر و دواتر کوشتوویانه
posted onApril 30, 2024
noبۆچوون

ئاژانسی هەواڵی بی‌بی‌سی له ڕاپۆرتێکی تێروتەسەڵدا ڕایگەیاند، بەڵگەنامەیەکی دەست کەوتووە کە دەریدەخات نیکا شاکەرەمی، تەمەن ١٦ ساڵان، که لە ٢٩ گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی لە گردبوونەوەیەکی ناڕزایەتی دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئیرانەوه دەستدرێژی سێکسیی کراوەتە سەر و دواتر کوژراوە.

بی‌بی‌سی جیهانی ڕۆژی دووشەممە ١٠ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، بەڵگەنامەیەکی نهێنی ئاشکرا کردووه که تێدا شێوەی گرتن و کوشتنی نیکا شاکەرەمی، به وردی باس دەکات.

بەڵگەنامەکانی چوونیەتی دەستدرێژی سێکسی و کوشتنی نیکا شاکەرەمی ئاشكرا کرا
ڕەسمێک له نیکا شاکەرەمی و دایکی که هەموو کاتیک رایگەیاندبوو که کچەکەی کوژراوه و خۆی نەکوشتووه‌

ئەم بەڵگەنامەیه کاتی خۆی له لایەن دەستەی لێکۆلینەوەی سەر به سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بۆ ڕوونکردنی بابەتی کوشتنی نیکا شاکەرەمی ئامادەکرابوو. ئێستا دوای تیپەڕبوونی نزیک به دوو ساڵ له کوشتنی نیکا، نوسخەیەک لەو ڕاپۆرته بەدەستی ئاژانسی هەواڵی بی‌بی‌سی جیهانی گەیشتووه.

گرێنگی ئەم ڕاپۆرته بێجگه له هەبوونی وردەکارییەکانی گرتن و کوشتنی نیکا شاکەرەمی، ڕوون بوونی نێوی هێزه ئەمنی و نیزامییەکانی ئێرانه که بەشداری ئەم تاوانەیان کردووه.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە نیکا شاکەرەمی، بە پێچەوانەی ئیدعای کۆماری ئیسلامی ئێران، کۆتایی بە ژیانی خۆی نەهێنابوو بەڵکوو دوای دەسبەسەرکردنی لەلایەن سێ کەسی سەر بە هێزەکانی ڕێژیمەوە، دەستدرێژی سێکسیی کراوه سەری و سەرەڕای ئەوەی دەست و قاچی بەسترابوو و بە باتووم لێی درا، بەرگرییەکی زۆری لە خۆی نیشان داوە.

بی‌بی‌سی جیهانی بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی لەبەر دەستیدایە وتوویەتی، ئاڕەش کەلهوور، سادق مونجەزی، بێهروز سادقی لە ئەندامانی هێزه نیزامییەکانی ئێرانن که نیکا دەسبەسەر دەکەن و مورتەزا جەلیل سەرپەرەستی ئەو گرووپە بووە.

بەڵگە نهێنییەکەی بی‌بی‌سی جیهانی دەریدەخات، هێزکانی ڕێژیم لە کاتی گواستنەوەی نیکا شاکەرەمی بۆ بەندیخانەی ئێڤین، دەستدرێژی سێکسیان کردووەتە سەر ناوبراو، بەڵام "نیکا" بەرەنگارییان بووەتەوە بۆیه ئەوانیش بە باتووم  لێیان داوە و کوشتوویانە.

 دواتر بە فەرمانی " نەعیم ١٦" بە ناسنامەی سەردارمحەممەد زەمانی لە شەقامێکی تاران لەسەر ڕێگای "یادگار امام" تەرمەکەیان فڕی داوە.

پێشتر بەر کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندبوو که نیکا شاکەرەمی خۆی کۆتایی به ژیانی هێناووه و له سەربانی بینایەکی چوار نهۆمی خۆی فڕێ داوەتەوه خوارێ.