رفتن به محتوای اصلی

خاتەمی: دەسەڵات لەبەردەم ڕووخاندایە

خاتەمی: دەسەڵات لەبەردەم ڕووخاندایە
خاتمی گوتى دڵنیایە لە داڕمانى ڕژێمى وڵاتەکەى، ئەگەر بێت و پەیکەربەندییەکى فراوان ئەنجام نەدات.
posted onOctober 2, 2018
noدیدگاه

 

لەگەڵ ئاڵۆزبوونى ڕەوشى ئابوورى و دارایی کۆمارى ئیسلامی ئێران، بەهۆى جێبەجێکردنى قۆناغی یەکەمى سزاکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان، سەرۆکى پێشووتری ئەو وڵاتە هۆشداریی دەداتە بەرپرسەکانى ڕژێم لەوەى لەبەردەم دوو بژاردەى مەترسیدارن کە بریتین لە "بەرپاکردنى شۆڕش یاخود کودەتا".

 

مەحمەد خاتەمی کە سەرۆکایەتى وڵاتى لە ماوەى ١٩٩٧ بۆ ٢٠٠٥، پێنجەمین سەرۆککۆمارى ئێران بووە لە دواى شۆڕشی ئیسلامى لەبەردەم ژمارەیەک بریندارانى جەنگی هەشت ساڵەى وڵاتەکەى لەگەڵ عێراق گوتى "ئەگەر ڕەوشەکە بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت وڵاتەکەمان لەبەردەم مەترسییەکى گەورەدایە". گووتیشى "کاتێک کۆمەڵگە لەسەر ڕەوشى ئێستا ناڕازییە و کەسیش ئامادە نییە بە هیچ شێوەیەک گوێی لێڕابگرێت و، بە پێی پێویست مامەڵە لەگەڵ پێویستییەکانى نەکرێت و، سەرجەم پەنجەرەو دەرگاکانى لێدابخرێت، ئەوا یا کودەتا ڕوودەدات یا شۆڕش". لەدواى ئەنجامدانى شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران لە ١٩٧٩، ئەو وڵاتە ڕەوشى ئابوورى لە ئاستێکى خراپدا بووە، بەڵام لەگەڵ کرانەوەیەکى نیمچە سیاسی، بەتایبەت لەدواى گەیشتنى ڕیفۆڕمخوازان تاڕادەیەک ڕەوشەکە بەرەو سەقامگیری هەنگاوی نا، بەڵام یەکێک لە کێشە هەرە سەرەکییەکانى ئەو ڕژێمە ملهۆڕییەکانى دەسەڵاتدارانى ئەو وڵاتەیە کە ئامادە نییە چارەسەرێک بۆ قەیرانە ئابوورییەکەى و کەیسى پێکهاتەکان بدۆزێتەوە.

هەرچەند تەمموزی ٢٠١٥، هەلێکى گەورە بۆ تاران ڕەخسا بۆ ئەوەى لەچوارچێوەى ڕێککەوتننامەى بەرنامە ئەتۆمییەکەى چارەسەرێک بۆ ئاڵۆزییەکانى بدۆزێتەوە، بەڵام سەرکەوتنى دۆناڵد ترامپ، بۆ سەرۆکایەتى ئەمریکا  دووبارە خەونى ویلایەتى فەقهێی لەگۆڕنایەوە. ترامپ لە ئایاری ئەمساڵ تاکلایەنانە لەو ڕێککەوتنە شەش قۆڵییە کشایەوەو، بەڵێنیشى دا سزای تووندتر بەسەر ئەو وڵاتە بسەپێنێت، یەکەم سزاشی لە مانگی ئابی ڕابردوو بوون، کۆمەڵێک سێکتەرى ئابوورى گرنگی گرتەوە وەک پیشەسازی، ئۆتۆمبێل، یەدەگی فرۆکەوانى و سیستەمى بانکی و دارایی. بڕیاریشە لە تشرینى دووهەمی داهاتوو، قۆناغی دووهەمی سزاکان بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، کەبە هەستیارترین قۆناغ دادەنرێت، چونکە سێکتەرى ووزەو نەوتى ئێرانى کردۆتە ئامانج.

سەرۆکى پێشووتى کۆمارى ئێران دەشڵێت "هەر کەسێک بە خەمەوە باسى ڕەوشى وڵاتەکەى بکات، ڕووبەرووى کۆمەڵێک تۆمەت و جنێو دەبێتەوە". خاتمی لە گوتى دڵنیایە لە داڕمانى ڕژێمى وڵاتەکەى، ئەگەر بێت و پەیکەربەندییەکى فراوان ئەنجام نەدات.

لەبەرامبەریشدا ژمارەیەک ڕیکخراوی قوتابیانى ئێران نامەیەکى ڕەخنە ئامێزیان ئاراستەى خاتمی کردووەو، بەپێچەوانەى هەڵوێستەکانى تومەتباریان کردووە بەوەى " ڕیفۆرمخوازەکان ڕۆڵێکى سەرەکیی هەبووە لەگەیشتن بەو قۆناغەى ئێستاو، هەنگاوەکانیانیش ئێرانییەکانی بێئومێد کردووە".

خاتمی تاکە کەسێک نییە، مەترسیی هەبێت لەداڕمانى ڕژێمى وڵاتەکەى، بەڵکو لەچەند هەفتەیەکى ڕابردوو، ژمارەیەک مەلا مزگەوتەکانى ئەو وڵاتە لەپەیامەکانیان ترسیی گەورەى خۆیان لەچارەنووسە نادیارەکەى وڵاتەکەیان بۆ هاووڵاتیان درکاندووە.