کتێبە شیعری "ئیسماعیل" بەرهەمی "ڕەزا بەراهەنی" بە وەرگێڕانی "جەماڵ مەلایی" له لایەن ناوەندی غەزەڵنووس لە سلێمانی چاپ و بڵاو کرایەوە. ئەم کتێبە شیعری و بەرهەمە ناوازەیەى ڕەزا بەراهەنی نووسەر، شاعیر و ڕەخنەگری ناسراوەی ئێرانی بە وەرگێڕانی جەماڵ مەلایی شاعیری توانای سنەیی، لە لایەن ناوەندی غەزەلنووس لە سلێمانی چاپ و بڵاو کرایەوە.
مەلایی لەوبارەیەوە گووتوویەتى "ئیسماعیل شیعرێکی درێژە و فۆڕم و داڕشتەیەکی سەرنجڕاکێشی هەیە و بە واتایەک وەک باشترین بەرهەمی شیعریی بەراهەنی لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێراندا ناوی لێ دەبرێت. ئەم شیعرە لە ڕاستیدا دەقێکی شینگێرییە کە ڕەزا بەراهەنی بۆ هاوڕێی شاعیری ئیسماعیل شاهروودی نووسیویە و بە هۆی دەوڵەمەندیی شیعرەکە، لەو کاتەوە توانیوە درێژە بە ژیانی خۆی بدات و شوێندانەر بێت لە سەر شیعر و نووسراوەی بەرەکانی دوای خۆی لە ئەدەبی کوردی و فارسی و تەنانەت تورکیشدا".
شایانی باسە کە وێنەی ڕووبەرگی کتێبە شیعری ئیسماعیل، بەرهەمی هونەرمەندی ناسراوە باسم ڕەسام ـه.