رفتن به محتوای اصلی

نێرگز محەممەدی: بە باتۆن لێیاندام و تۆمەتی 'هاوکاریی ئیسرائیل'ـیان دایە پاڵم

نێرگز محەممەدی: بە باتۆن لێیاندام و تۆمەتی 'هاوکاریی ئیسرائیل'ـیان دایە پاڵم
posted onDecember 15, 2025
noدیدگاه

براوەیەکی خەڵاتی نۆبڵ رایگەیاند، لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا لە مەشهەد، هێزە ئەمنییەکان بە باتۆن لە سەر و ملیان داوە و تۆمەتی "هاوکاریی حکومەتی ئیسرائیل"ـیان ئاراستە کردووە.
نێرگز محەممەدی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، دوای سێ رۆژ بێئاگایی، لە پەیوەندییەکی کورتدا لە شوێنی دەستبەسەرکردنییەوە رایگەیاند، رۆژی هەینی (21ـی سەرماوەز) لە کاتی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی حەوتەی خوسرەو عەلیکوردی، پارێزەر لە مەشهەد، بە تووندی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لێیدراوە و دەستبەسەر کراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی بنەماڵەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، نێرگز محەممەدی گوتوویەتی: "لێدانەکان هێندە قورس و بەردەوام بوون، دوو جار گواستراومەتەوە بۆ بەشی فریاکەوتن." ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێزەکان لە کاتی لێداندا هەڕەشەی کوشتنیان لێکردووە.
خێزانەکەی دەڵێن، نزیکەی 15 کەس کە جلوبەرگی مەدەنییان لەبەردابووە و بەشێکیان "بە زمانی فارسی قسەیان نەدەکرد"، هێرشیان کردووەتە سەر نێرگز محەممەدی و بە باتۆن لێیانداوە.
داواکاری گشتیی مەشهەد پشتڕاستی کردووەتەوە کە لەو رێوڕەسمەدا 39 کەس دەستبەسەر کراون. جگە لە نێرگز محەممەدی، ژمارەیەک چالاکڤانی دیکەی وەک سپیدە قولیان، پووران نازیمی و عالیە موتەڵیبزادە لەنێو دەستبەسەرکراوان دان.
کچی عالیە موتەڵیبزادە هۆشداری داوە کە دایکی تووشبووی شێرپەنجەیە و پێویستیی بە دەرمان و چاودێریی پزیشکی هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستی بە دەرمانەکانی نەگەیشتووە.
گرژییەکان دوای گیانلەدەستدانی خوسرەو عەلیکوردی دێت؛ پارێزەرێک کە وکالەتی بەندکراوانی سیاسی دەکرد و هەفتەی رابردوو لە نووسینگەکەی خۆیدا بە مردوویی دۆزرایەوە، رووداوێک کە چالاکڤانان بە "گوماناوی" وەسفی دەکەن.