ڕامین گورگانی هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری کامێران جارێکی دیکە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە. ناوبراو پێشتریش بەهۆی چالاکییەکانییەوە دەستبەسەر کرابوو.
ڕۆژی یەکشەممە ۱۹ی گەلاوێژ، ڕامین گورگانی هاووڵاتیی خەڵکی شاری کامێران لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارەدا دەستبەسەر کرا و دواتر بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواسترایەوە.
هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات پاش دەستبەسەرکردنی ڕامین گورگانی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی بنەماڵەکەی و وێڕای پشکنینی تەواوی ماڵەکەیان، دەستیان بەسەر هەندێک لە کەلوپەلی تایبەتی ناوبراودا گرتووە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ڕامین گۆرگانی لەبەر دەستدا نییە.