رفتن به محتوای اصلی

جگە لە کێوەکان دۆستى دیکەمان نییە

جگە لە کێوەکان دۆستى دیکەمان نییە
مافی ئەوەم نییە بۆ خەڵاتەکەم ئاهەنگ بگێڕم، چونكە هاوڕێیەكی زۆرم ئازار دەچێژن
posted onFebruary 4, 2019
noدیدگاه

 

ساڵى ٢٠١٨ ساڵێکى بەرەکەتدار بوو بۆ کوردان لە هەموو دونیا، چونکە سێ خەڵات بەخشرانە سێ کورد کە مایەى شانازى هەموو لایەکە بوون کە ئەوانیش بریتى بوون لە خەڵاتى ئاشتى نۆبێڵ بۆ نادیە مورادى کچە کوردى ئیزەدى و خەڵاتی فێلدزی ماتماتیک بۆ کۆچەر بیرکارى کوڕە کوردى ڕۆژهەڵاتى و ئێستاش خەڵاتى ڤیکتۆریاى ئوسترالیا بۆ بێهروز بووچانى کوڕە کوردى ڕۆژهەڵاتى.

 

بەشێک لە کتێبەکە:

بەشێک لە کتێبەکە

بێهروز لە بەشێکى کتێبەکەیدا باسى بیرەوەرییەکانى منداڵى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانى ئێران لە سەردەمى شەڕى ئێران و عێراق دەکات کە چۆن بنەماڵەکەى لەگەڵ خەڵکانى دیکە لە ترسى فڕۆکە شەڕکەرەکان بەرەو کێوەکان هەڵدێن: "پەنامان بردە بەر دار بەڕووەکانى دارستانەکان. ئاخۆ کوردەکان هیچ هاوڕێیەکى دیکەیان جگە لە کێوەکان هەیە؟"

بێهروز بووچانى لە هەندێک بەشى کتێبەکەى، هەندێک ناوونیشانى داناوە وەک "ڕۆژەیلى بێ ئامانج" و "ونبوو و سەرلێشێواو" و "ئەو زەینانەى کە لە نێو شەپۆلەکانى زەریا سەریان لێ شێواوى" و "بەدواى هێوریی ڕۆح لە دەشتە نوێیەکان" و "فەزاى زیندان وەک ڕاڕەوێکە کە بەرەو گۆڕەپانى زۆرانبازى کۆتایی دێت" و "بۆنى ئارەقەى گەرم کە هەموو جێگەیەکى گرتووەتەوە، خەریکە هەمووان شێت دەکات"، ئەم ناوونیشانانە نیشاندەرى دۆخى خراپى ژیان و گەوزەرانى نووسەر و دەیان کەسى دیکەى نێو کەمپەکە و هەزاران کوردى نێو ئێرانە.

بێهروز بووچانى لە گفتوگۆیەکی لەگەڵ دویچە ولە، کتێبی "هیچ دۆستێک جگە لە کێوەکان نییە" لە پلەى یەکەم بە بەرهەمێکى ئەدەبی و هونەرى و دواتر بە کتێبێکى هەژمار دەکات کە لە هەندێک توێ و ڕەهەندى فەلسەفى و سیاسى هەیە و بە شاهیدێکیشى دەزانێت لەسەر مێژووى ئوسترالیا. بێهروز لەبارەى بەرهەمەکەیەوە دەڵێت "ئەم کتێبە لەبارەى ناوچەیەکە کە لێوەى هاتووم، کوردستان و لەبارەى فەرهەنگى کوردەکانیشە. ئەوەى کە ئەم بەرهەمە بە کتێبێک بزانین لەسەر ژیانى پەنابەران لە مانووس، دروست نییە، بەڵکو زۆر واوەتر دەچێت".

 

بۆچى ئەم کتێبەم نووسى:

لە وەڵامى ئەوەى کە ئەم کتێبەم بۆچى نووسى، بێهروز بووچانى دەڵێت "من ڕۆماننووسم و هەندێک ڕاگەیاندن هەوڵ دەدەن کارەکەم بە بچووک هەژمار بکەن و بڵێن ئەو پەنابەرێکە. هەر بۆیە ناکرێت نکۆڵی لەوەش بکەین کە پەنابەرێکیش دەتوانێت شتێک بڵێت. من وڵاتەکەم بە هۆى کارەکەم و نەبوونى ئازادى و هەناسەکێشانەوە واز لێ هێنا و بە دووى ئازادى کەوتم کەچى لە نێو ئۆردوگایەک بە ناوى مانووس کەوتمە نێو زیندانێکەوە".

 

خەڵاتى ئەدەبی ڤیکتۆریا:

بێهروز بوچانى

بەرپرسانى خەڵاتى ئەدەبی ڤیکتۆریا، بە ڕیزپەڕ خەڵاتەکەیان بەخشیوەتە بێهروز بووچانى کە هاووڵاتییەکى ئوسترالی نییە و ڕێگەیان دابوو بۆ ئامادەبوون لە نێو مەراسیمى خەڵاتەکە، بەڵام ئەو لە ڕووى یاساییەوە ڕێگەى پێ نادرێت پێ بنێتە نێو خاکى ئوسترالیا، هەر لەبەر ئەمەش نەیتوانى بەشدارى مەراسیمى بەخشینى خەڵاتەکە بکات.

بێهروز بووچانى کە نزیکەى ٦ ساڵە لە کەمپى دوورگەى مانوسە، کتێبێکى نووسى کە لەم حەوتوویەى پێشوو لەبەر "ئەفراندنى كارێكی باڵای هونەری و تیۆری ڕەخنەیی" خەڵاتى ڤیکتۆریاى ئوسترالیا بەخشرایە کتێبەکەی بە ناوى "هیچ دۆستێک جگە لە کێوەکان نییە". ئەم پەنابەرە کوردە بە هۆى بەنایاسایی چوونە نێو خاکى ئوسترالیاوە، لە دوورگەى مانووس دەستبەسەر کراوە و هەر لە نێو ئەو کەمپەدا کتێبی "هیچ دۆستێک جگە لە کێوەکان نییە"ى نووسى، کتێبێک کە لە ڕێگەى کورتەنامەى واتس ئەپەوە لە نێو کەمپەکە بۆ هاوڕێکەى ئومێد تۆفیقیاانى وەرگێڕ و بە دزى نووسى و لە کتێبەکەیدا باسى سەفەرەکەى لە ئەندۆنیزییەوە بۆ ئوسترالیا و کەوتنە نێو زیندان دەکات، هەر لەبەر ئەمەش بوو بۆ خەڵاتى ٢٤ هەزار دۆلارى بەرهەمى ناچیرۆکى و خەڵاتى ١٠٠ هەزار دۆلارى ئەدەبی ڤیکتۆریا پاڵێورا و هەردوو خەڵاتەکەى پێ بەخشرا. بووچانى لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ گاردیەن گوتى "هەست دەکەم هاودژییەکم هەیە و بە دڵنیاییەوە بۆ بردنەوەى ئەم خەڵاتە من کتێبەکەم نەنووسیوە. ئامانجى سەرەکى من ئەوە بوو کە خەڵکى ئوسترالیا و سەراسەرى دونیا درکێکى قووڵیان لەوە بێت کە چۆن ئەم سیستەمە کەسانى بێ گوناه بە شێوەیەکى تەواو سەربازى و دوورخراوە لە دوورگەى مانووس  و بە ناڕەوا بۆ ماوەى شەش ساڵ ئازار دەدەن. وەرگرتنى ئەم خەڵاتە بۆ پەنابەرێکى دەستبەسەر، مایەى شەرمى دەوڵەتى ئوسترالیایە. هیوادارم ئەم خەڵاتە سەرنجى زیاتر بۆ دۆخە نەخوازراو و خراپەکەى پەنابەرانى ئەم کەمپە ڕابکێشێت و گۆڕانکارییەک لەم سیاسەتە وەحشیانەیە دروست بکات".

لە لێدوانێكیشی بۆ تۆڕى میدیایی بی.بی.سی، بەهرۆز گوتى "بۆ وەرگرتنى خەڵاتەکە لە لایەك دڵخۆشم چونكە سەرنجی خەڵكیم بۆ ئەم کەمپە زیندانییە پڕ نەهامەتییە ڕاكێشاوە، لەلایەكى ترەوە هەست دەکەم کە مافی ئەوەم نییە لێرە ئاهەنگ بگێڕم، چونكە هاوڕێیەكی زۆر هەیە لێرە ئازار دەچێژن، بەڵام بە گشتى هیوادارم کتێبەکەم هەوڵێكی سیستماتیك بێت بۆ داماڵینی پەنابەران لەناسنامە و مرۆڤایەتی. بێهروز کە خەڵکى ئیلامى ڕۆژهەڵاتى کوردستانە، نووسەر و ڕۆژنامەنووس و چالاکڤانى مافى مرۆڤ و شاعیرە و لە کارى سینەماییشدا چەندین کارى هەیە کە باس لە کێشە و ئاریشەکانى کوردان دەکات. لەبەر دۆخى خرپى وڵاتەکەى لە ساڵی 2013ى زایینى و لە ڕێگەى قاچاخ دەچێتە، هۆکارى جێهێشتنى وڵاتەکەى بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە "نەمدەویست بخرێمە زیندان، بەڵام لێرەش چەند ساڵە هەر زیندانم".

 

کتێبێک "دژایەتى ژانرە ئەدەبیەکان":

ئومێد تۆفیقیان کە کتێبەکەى بووچانى وەرگێڕاوەتە سەر زمانى ئینگلیزى، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ دویچە ولە گوتى "پاش ئەوەى کە دەستم بە وەرگێڕانى نامەکانى بووچانى کرد، دەمزانى بڕیار وایە ببێتە شاکارێکى گەورە و کاردانەوەى زیادى بەرامبەر دەبێت، بەڵام چاوەڕوانى ئەوە نەبووم ئەم کاردانەوانە وا بە خێرایی بێنە دی".

تۆفیقیان لە درێژەى قسەکانى ئاماژە بە دوو ڕەهەندى گرنگى خەڵاتى ڤیکتۆریا دەکات و دەڵێت "ئەم خەڵاتە سەرنجى بۆ سیاسەتە سنوورییەکانى ئوسترالیا و شێوازى مامەڵەى نائینسانى لەگەڵ پەنابەران لە لایەن ئوسترالیاوە ڕادەکێشێت کە هیچ تاوانێکیشیان ئەنجام نەداوە و خاڵێکى دیکەى گرنگ ئەو ڕەهەندە جیهانیەى خەڵات و کتێبەکەیە. زۆرێک لە وڵاتانى دونیا ئوسترالیل وەک نمونەیەکى جوان سەیر دەکەن کە چۆن بەرگرى لە سنوورەکانیان دەکات، کەچى ئێستا پێچەوانە دەبێتەوە و هەموو تێدەگەن کە ئوسترالیا چەندە زاڵمانە لەگەڵ مرۆڤە بێتاوانەکان ڕەفتار دەکات".

ئومێد تۆفیقیان لە گفتوگۆیەکى لەگەڵ تۆڕی میدیایی ئەى. بی.سی دەڵێت "شێوازێکى فەلسەفى قووڵ لەم کارەدا هەیە. بێهروز بووچانى چانر و تەکنیک گەلى جیاوازى تێکهەڵکێش کردووە و من شێوازەکەى ئەوم بە دژایەتى لەگەڵ ژانرە ئەدەبییەکان هەژمار کردووە. بێهروز بووچانى لەم کتێبەدا باسى سیستەمێک دەکات کە سنووردار ناکرێتەوە بۆ سیاسەتى کۆچ و ناوەندى هێشتنەوە و دەستبەسەرکردنى پەنابەران، بەڵکو دژایەتییەکى بەرفراوانترە لەگەل سیاسەتى دەوڵەتى ئوسترالیا".

ئومێد تۆفیقیان لە گفتوگۆیەکى دیکەى تەلەفزیۆنى گوتى وەرگرتنى ئەم پارەیە بۆ بێهروز بووچانى ئەهمیەت و گرنگییەکى دیکەى هەیە  "بۆ ئەو گرنگترین شت ئەوەیە کە وەک بیرمەند و داهێنەر و ڕووناکبیرێک بناسرێت. لەمەڕ ئەو پارەیەى کە دەدرێتە بێهروز، هاوکارییەکى باشە بۆ بەردەوامبوونى نووسینى بێهروز و چالاکییەکانى و بەمەیش مەودایەکى زۆرتر دەتوانێت بەردەوام بێت لە کارەکەى".

 

ئۆردوگاى پەنابەران خوازیارى چوونە نێو ئوسترالیایە:

ئۆردوگاى پەنابەران

دەوڵەتى ئوسترالیا، ئەو پەنابەرانەى کە بە شێوەى نایاسایی هاتوونەتە وڵاتەکە، دەستبەسەر و دەیانباتە ئۆردوگاگەلێک لە دوورگەى نائورو لە زەریاى ئارام و دوورگەى مانووس کە سەر بە پاپواى غینیایە. ئەم کەسانە ڕێگەى چوونە نێو خاکى ئوسترالیایان پێ نادرێت مەگەر ئەوەى کە مافى پەنابەرایەتییان پێ ببەخشرێت.

بنەماڵەى پەنابەران لە نائورو و پیاوانى زگورت و بێ ژنیش لە مانووس دەهێڵدرێنەوە. نزیکەى ٢٠٠٠ پەنابەرى ئێرانى و کورد لەم دوو دوورگەیە دەژین. پەنابەرانى مانووس کە نزیکەى ٦ ساڵە لە دۆخێکى خراپ و قورسدا زیندانین، دژى دەستبەسەرکردن و ڕەفتارى توندى بەرپرسانى ئۆردوگاکەیان، سکاڵاى خۆیان گەیاندە دادگا. دادگا، دەستووى بنەڕەتى پاپواى غینیاى نوێ لە ٣١ى ئۆکتۆبەرى ٢٠١٧ى زایینى، حوکمى دا کە نیشتەجێکردنى پەنابەرانى ئەم ئۆردوگایە لەگەڵ یاساى بنەڕەتى دژایەتى هەیە و هەر ئەوەش بوو کە حەوتوویەک دواى ئەوە شوێنى پەنابەران خراپ و بەنابەران گوازرانەوە بۆ شوێنێکى کاتى. بە پێى قسەى هەندێک لە دانیشتوانى ئۆردوگاکە، نزیکەى ١٨٠ کەس لە ٧٠٠ پەنابەرى مانووس، ئێرانى و کورد و ٧٠ کەسى دیکەیشیان ئەفغانین.

 

کاردانەوەى کوردان بەرامبەر ئەم خەڵاتە:

کاردانەوەى خەڵاتەکە

زۆرێک لە نووسەران و ڕۆماننووسەکان و خەڵکى ئاسایی قسەیان لەسەر وەرگرتنى ئەم خەڵاتە کرد کە لێرەدا هەندێکیان دەخەینە ڕوو:

دکتۆر هاشم ئەحمەد زادە، مامۆستاى زانکۆ لەمبارەوە دەنووسێت "یه‌كه‌م ئیمپراتۆری ڕۆمی، ئاگوستوس، له‌ ڕێكه‌وتی هه‌شت ساڵ به‌ر له‌ زاییندا، شاعیری بلیمه‌تی ڕۆمی واتا ئاڤیدۆ بۆ دوڕگه‌ی تۆمیس شاربه‌ده‌ر ده‌كات و دواجار ئاڤیدۆ له‌ غوربه‌تی تاراوگه‌دا سه‌ر ده‌نێته‌وه‌. ئه‌م سه‌ره‌ڕۆییه‌ی ئیمپراتۆر ئاگۆستۆس و ئه‌م ئازاره‌ كوشه‌نده‌یه‌ی ژیانی تاریكی تاراوگه‌ی ئاڤیدۆ، پازده‌ به‌رگ شاكاری ئه‌ده‌بی كلاسیكی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ به‌ مێتامۆرفێسوس ناسراون. له‌ یه‌ك له‌و گێڕانه‌وه‌ ئوستوره‌ییانه‌دا به‌سه‌رهاتی شاعیرێك ده‌خوێنینه‌وه‌ كه‌ دێدالوسی ناوه‌. له‌ڕاستیدا به‌سه‌رهاتی دێدالوس گێڕانه‌وه‌ی ناڕاسته‌وخۆ و ئه‌دیبانه‌ی چاره‌نووسی خودی ئاڤیدۆیه‌. دێدالوس هه‌ر ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ مه‌زنه‌یه‌ كه‌ بۆ زیندانیكردنی دیارده‌ ترسێنه‌ره‌كه‌ی پێكهاتوو له‌ سه‌ری گا و جه‌سته‌ی مرۆڤ، مینۆتاور، ده‌بێته‌ داهێنه‌ری ئافرێندراوی به‌ناوبانگی لابرینت. به‌لام شا سته‌مكاره‌كه‌ی مینۆس، شاعیری بلیمه‌تی وڵاته‌كه‌ی، بۆ دوڕگه‌ی كرێت شاربه‌ده‌ر ده‌كات. دێدالۆسی شاعیر و توانا بۆ ڕزگاری له‌م دوڕگه‌یه‌، شاكارێكی تر ده‌ئافرێنێت و له‌ مۆم و په‌ڕ باڵێك بۆ ئیكارۆسی كوڕی ساز ده‌كات و بڕیاری فڕین ده‌ده‌ن. ئه‌گه‌رچی ئیكارۆسی بزۆز و پڕله‌ شه‌وقی فڕین و ڕزگاری، ئامۆژگاریی باوك بۆ نزیكنه‌بوونه‌وه‌ له‌ ڕۆژ، له‌ گوێ ناگرێت و باڵه‌ مۆمییه‌كانی ده‌توێنه‌وه‌ و ده‌كه‌وێته‌ ناو ده‌ریای ڕه‌شه‌وه‌، به‌ڵام به‌های ئه‌ده‌بییانه‌ی دێدالۆس و ئیكارۆس له‌ پشت سه‌ده‌كانه‌وه‌ هه‌تا ڕۆژگاری ئه‌مڕۆ درێژ ده‌بێته‌وه‌ و چێژ ده‌به‌خشێته‌وه‌. ئه‌وه‌ نییه‌ جۆیسی مه‌زن دێدالۆس ده‌كاته‌وه‌ نوێنه‌ری خۆی و وێنه‌ی هونه‌رمه‌ند له‌ تافی لاویدا [ی] پێ ده‌ئافرێنێته‌وه‌ و ده‌یكاته‌وه‌ پاڵه‌وانی ئۆلیسه‌كه‌ی خۆی؟ بێهروزی بوچانی، نووسه‌ری سه‌رده‌مانێكی تره‌ كه‌ ئاگۆستوس و مینۆسه‌كانی سه‌رده‌م شاربه‌ده‌ری ده‌كه‌ن. هه‌ر چۆن ئاڤیدۆ و دێدالۆس به‌ ئافراندنی ئه‌ده‌بی، له‌و دیو ده‌ریاكاندا و له‌ گه‌مارۆی بێبه‌زه‌یی ئاوه‌كاندا، دوڕگه‌كان ده‌كه‌نه‌ ژوانگه‌ی نووسین، بێهروزیش دوڕگه‌ی مانوس ده‌كاته‌ به‌رده‌بازی گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی تڕاژیكی خۆی و نه‌ته‌وه‌كه‌ی. بێهروز زۆر وه‌ستایانه‌ و شاره‌زایانه‌ زمانی هاوبه‌شی مرۆڤایه‌تی، واتا هونه‌ر و ئه‌ده‌ب، بۆ جارێكی تر ده‌كاته‌ه‌وه‌ هاواری ڕزگاریی مرۆڤ له‌ كۆتوبه‌ندی ده‌سه‌ڵاتداران. له‌م ڕۆوه‌ ئیتر (هیچ دۆستێك جگه‌ له‌ چیاكان) ده‌بێته‌ دۆستی هه‌موو جوانیخواز و جوانئه‌ندێشان له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان! بێهروزی كوردیش ئیتر بووه‌ته‌ نیشانه‌یه‌ك بۆ په‌ڕجووی ئه‌ده‌ب وه‌ك زمانی هاوبه‌شی هاواری مرۆڤییانه‌ی هه‌موو مرۆڤه‌كان."

 

عیسا کاووسى نووسى بێهروز بووچانى بە نووسینی کتێبی "جگە لە چیاکان کەس دۆستم نییە" بە نێوبانگترین خەڵاتى ئەدەبی ئوسترالیاى پێ بەخشرا کە خەڵاتى ئەدەبی ڤیکتۆریایە. کۆڕی دادوەران لە وەسفی کتێبی بێهروزی بوچانی دەڵێن: کە لەم کتێبەدا لە شێوەی گێڕانەوەی جیاواز کەڵک وەگیراوە و نەریتی جیاوازی ئەدەبی لە هەموو دنیا پێکەوە لەم ڕۆمانەدا ئاوێتە بوون، بە تایبەت ڕیشەی لە نەریتی ئەدەبی کوردی دایە.

 

حەمە هاشم ـى هونەرمەند و نیگارکێش جیاوازتر دەنووسێت و دەڵێت "یەکێک لە تەلەفزیۆنەکانی کوردستان بەمەزەندەی خۆی گرنگی بە کاک بەھرۆز و ڕۆمانەکەی دەدات؟! پێشكه‌شكار ناساندنی به‌هرۆز بوچانی و بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاته‌كه‌، پاشان..

ـ ئه‌لو

+ ئه‌لو

ـ به‌ڕێز به‌هرۆز بوچانی پیرۆزبایی بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاته‌كه‌ت لێده‌كه‌ین، ئه‌و خه‌ڵاته‌ چی بوو به‌ده‌ستت هێنا و چۆن به ‌ده‌ستت هێنا؟

نووسه‌ر له‌سه‌ره‌تای وه‌ڵامه‌كه‌یدا بوو ده‌یویست باسی بایه‌خی هونه‌ری كاره‌كه‌ی بكات، له‌پڕ كاكی بێژە‌ر گوتى:

ـ به‌ڕێز بێهرۆز، تۆ ده‌توانی پاره‌كه‌ وه‌ربگری؟

+ جارێ من له‌ زیندانم پاش ڕێوشوێنی ده‌رچوونمان له‌م شوێنه‌ به‌ڵێ.

ـ ئه‌ی پاره‌كه‌ چی پێ ده‌كه‌ی؟

+ به‌ڕێز پێم خۆش نییه‌ تۆ پرسیاری پاره‌ له‌من ده‌كه‌ی. من كه‌ کتێبەکەم نووسی، بۆ پاره‌ نه‌منوسیوه‌، ئه‌سڵه‌ن بیرم له‌ پاره‌ نه‌كردووەته‌وه‌، ئه‌و پاره‌ تۆ باسی ده‌كه‌ی ئه‌و بەهایەى لای من نییه‌، من ده‌مه‌وێ پرسیاری لایه‌نی ئه‌ده‌بی خه‌ڵاته‌كه‌و باسی كتێبه‌كه‌م لێ بپرسی، من له ‌ڕێگه‌ی ئه‌م كتێبه‌وه‌ ژان و ئازاری گه‌لێك باس ده‌كه‌م، ئه‌م وڵاته بە‌ خوێنه‌رانی ئینگلیزی زمان ئاشنا ده‌كه‌م و ئاشنایان دەکەم به ‌فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوری كورد، من ده‌مه‌وێ زمانی تێگه‌شتنی كه‌لتوری و نه‌ته‌وه‌یی بم، ئه‌وه‌ی بۆ من گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ نه‌ك پاره‌كه‌..

ـ سوپاس بۆ بێهرۆز بوچانی له‌ڕێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ له‌گه‌ڵمان بووی.
جاوه‌ره‌ ئه‌م فلیمه‌ ببینه‌و دڵت نه‌ته‌قێ، جارێ به‌هۆی سیاسه‌تی پانئێرانیزمه‌وه‌ ده‌وڵه‌تی ئێران كارێكی كردووه‌، هه‌ندێك له‌ كوردانی ئیلام خۆیان به ‌كورد نه‌زانن، ده‌ڵێن گه‌لێكی سه‌ربه‌خۆین له‌ناو گه‌لانی ئێراندا، به‌ڵام ئه‌م ئه‌دیبه‌ جوامێره‌ كه‌ خه‌ڵكی ئیلامه‌ له‌ پێنج ساڵی زیندانی ئوسترالیادا له‌ خه‌می گه‌یاندنی كۆژانی گه‌له‌كه‌یه‌تی به ‌دونیا و خۆی به‌ كوردێكی ڕە‌سه‌ن ده‌زانێ، تۆ له ‌جیاتی ڕێگه‌پێدان به‌توانا و شانازییه‌كه‌ی، بەم شێوەیە نائومێدی بكه‌ی.

 

ناسر دەستیار دەنووسێت "خراپ نییە بزانن کە ساڵى ڕابردوو بێهروز بووچانى لە بەڵگەفیلمێکى ئارەش کەمالى بە ناوى "چوکا، لێرە کاتژمێر چەندە" هاوکارێکى گەورە بوو. فیلمەکە لەبارەى دوورگەى مانووس بوو، شوێنێک کە پەنابەرەکانیان تێدا هێڵدراوەتەوە. بێهروز بووچانى بە ڕێنوێنیکردنى دەرهێنەرى فیلمەکە، ڕۆڵى وێنەگر و وتووێژکار لەگەڵ پەنابەرەکانى لە ئەستۆ بوو. ئەم کارەى تەنیا لە ڕێگەى مۆبایلەکەیەوە ئەنجام دا".

نمونەى دوو لە نامەکانى بوچانى بۆ ئومێدى هاوڕێی (وەرگێڕى کتێبەکە)

دوو نمونەى نامەى بێهروز بوچانى بۆ ئومێدى هاوڕێی (وەرگێڕى کتێبەکە)