دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە رادەستکردنەوەی پەنابەرێکی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ئێران، دەڵێت: "ئەم کردەوەیه بەپێچەوانەی دەستووری عێراقە".
دووشەممە ٩ی سپمتەمبەری ٢٠٢٤ی زایینی، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە دۆسیەی بەهزاد خوسرەوی، ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کە دەگوترێت لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە رادەستی ئێران کراوەتەوە. راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دوای بەدواداچوونمان وەک دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و بەتایبەت نووسینگەی مافی مرۆڤ لە سلێمانی، سەبارەت بە هەواڵی رادەستکردنەوەی پەنابەرێکی کوردی خەڵکی ئێران بەناوی بەهزاد خوسرەوی، دانیشتووی شاری سلێمانی بە دەوڵەتی ئێران، دەرکەوتووە ئەو هاووڵاتییە خاوەن پێداویستی تایبەتە و پەنابەرێکی نیشتەجێی شاری سلێمانی بووە، بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوە لەوڵاتی خۆیەوە هاتووەتە هەرێمی کوردستان".
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، ئاماژەی بەو لایەنە داوە کە ئەو پەنابەرەی رادەست کردووەتەوە و رایگەیاندووە: "ئەو پەنابەرە دوای بانگکردنی لەلایەن دەزگاکانی ئاسایشی سنووری سلێمانی، رەوانەی وڵاتی ئێران کراوەتەوە، ئەوەش دوور لە هەر رێکارێکی ئیداری و یاسایی و بێ هەبوونی هیچ بڕیار و رێکەوتنێک لەو بارەیەوە".
بەگوێرەی ئەو ڕاگەیندراوه: "ناردنەوەی ئەو هاووڵاتییە بە وڵاتی خۆی پێچەوانەی بڕگەی دووەمی مادەی ٢١ی دەستووری عێراقی فیدڕاڵە؛ کە تێیدا هاتووە: نابێت پەنابەری سیاسی رادەستی وڵاتی خۆی بکرێتەوە، یان بگەڕێنرێتەوە بەزۆری بۆ ئەو وڵات و شوێنەی لێی رایکردووە، هەروەها پێچەوانەی بنەماکانی مافی پەنابەرێتی و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مامەڵەکردنە لەگەڵ پەنابەران".
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەکات: "ئەگەر هەر جۆرە ئاڵوگۆڕێک هەبێت بۆ گەڕاندنەوەی هەر پەنابەرێک بۆ وڵاتی خۆی لەنێوان وڵاتان، پێویستە لەژێر چاودێری و ئاگاداریی نێودەوڵەتیی، نەتەوە یەکگرتووەکان، لایەنی پەیوەندیداری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بێت و بەپێی یاسا کارپێکراوەکان مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە کەیسانە بکرێن".
دەستەی مافی مرۆڤ بە پێویستی دەزانێت، نەتەوە یەکگرتووەکان بێتە سەرهێڵ بۆ سۆراخکردنی هەواڵی ئەو هاووڵاتییە و پاراستنی ژیانی لەوڵاتی خۆی. هەروەها داوا دەکات هەموو ئەو هاووڵاتیانەی وڵاتانیش کە ئێستا پەنابەرن لەهەرێمی کوردستان، وەک میوان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و ژیانیان پارێزراو بێت، بەجۆرێک کە دوور لە یاسا و رێکارەکان هیچ مامەڵەیەکی دیکەیان لەگەڵدا نەکرێت.
بەهزاد خوسرەوی ساڵی ١٩٨٧ی زایینی لە سەقز لەدایکبووە و لە ٢٠١٤وه نیشتەجێی شاری سلێمانی بوو، فۆرمی پەنابەرێتیی کۆمیسیاریی نەتەوە یەکگرتووەکانی هەبوو.
هێزە ئەمنییەکانی سنە رۆژی یەکشەممە یەکی سپتەمبر، پەیوەندییان بە برای بەهزاد خوسرەوی کردووە کە نیشتەجێی شاری سەقزە و هەواڵی گەڕاندنەوەی براکەیان پێداوە و پێیانگوتووە، لە سنە راگیراوە و دەدرێتە دادگە.
ڕۆژی یەکشەممه، ٨ی سپتەمبر، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "یەکێتی بەهزاد خوسرەوی رادەستی ئێران کردووە و ئەوان وەکو ئەنجوومەنی ئاسایش ئاگاداری ئەو کارە نین".