دوای هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و هەوڵی جیهانی بۆ هێوەر کردنی تلاڤیۆ بەمەبەستی پێشگرتن له چێ بوونی جەنگێکی بەربڵاوی ناوچەیی، یەکێتیی ئەوروپا یەکدەنگ و یەکگرتوو، هەنگاوێکی جددی بۆ فەراوان کردنی سزاکان بەسەر کۆماری ئیسلامی هەڵگرتووه.
ڕۆژی دووشەممه، ٣ی بانەمەڕی ٢٠٢٤، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر درێژکردنەوەی گەمارۆکانی تایبەت به بەرنامە مووشەکی و درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی، ڕێکەوتن.
لەم پەیوەندییەدا، جۆزێپ بورێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا ڕایگەیاند، ئەم ڕێکەوتنه هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ پەرهدان به پێشەسازی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی و مووشەکییەکەی ئامانج گرتووه. هەروەها هەرجوره هەنگاوێکی ئێران بۆ هەناردەکردنی مووشەک و درۆن بۆ ڕووسیاش لەخۆ دەگرێتەوه.
بە وتەی ناوبراو، گەمارۆ نوێیەکان تەنیا به بازرگانی مووشەکی ئێران لەگەڵ ڕووسیە بەرتەسک نابێت بەڵکوو هەناردەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک بۆ گرووپە تیرۆریستییەکانیش لەخۆ دەگرێتەوه.
هەروەها ئەم سزایانە هەناردەکردنی هەرجوره پارچەیەک، قەدەغە دەکات کە بۆ بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکاردێت.
جێگای ئاماژەیه ڕۆیترز، ڕۆژی سێشەممه، ٤ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، له ڕاپورتێکدا ئاشکرای کرد، وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا دوو دامەزراوەی "مهرسام اندیشه ساز نیک و دادهافزار آرمان" که سەر بە فەرماندەیی ئەلیکترۆنیی سوپای پاسدارانن و چوار تیرۆریستی سەر به ئێرانشی به لیستی ڕەشی وڵایەته یەکگرتووەکان، زیاد کردووه.