رفتن به محتوای اصلی

سیناریۆکانى پشت کشانەوەى ئەمریکا لە سوریا چین؟

سیناریۆکانى پشت کشانەوەى ئەمریکا لە سوریا چین؟
ئێران زەرەمەندى یەکەم و تورکیا قازانجێکى زۆر لەم کشانەوەیە دەکات
posted onDecember 20, 2018
noدیدگاه

 

حەفتەی پێشوو، پەیوەندییەکى تەلەفۆنى لە نێوان سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ ئەنجام درا کە بە پێى لێکدانەوەى شڕۆڤەکاران، ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە کاریگەری لەسەر بڕیاری کشانەوەکەی ئەمریکا لە سوریا هەبوو کە تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى لە کاتى خۆى بڵاوى کردەوە کە هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا دەکشێنەوە.

 

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی کە قسەى بۆ ئاژنسی هەواڵی ڕۆیتەرز کردبوو کە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی هەینی پێشووی نێوان سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان و سەرۆک ترامپ کاریگەرى هەبووە لەسەر بڕیارى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا.ترامپ لە تویتەری خۆی نوسیبووی، "بەسەر داعشدا سەرکەوتوون کە تاکە هۆکاری مانەوەمان بوو لە سووریا". گوتەبێژی کۆشکی سپی سارا ساندەرس ـیش لە راگەیەندراوێکدا گوتی "دوای ئەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش پێی نایە قۆناغێکی ترەوە، دەستمان کرد بە گەڕاندنەوەی سەربازانی ئەمریکا بۆ وڵات".

بە پێى زانیارییەکانیش کە لە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەست کەوتبوون، باس لەوە کراوە کە "وەزارەتی دەرەوە تەواوی فەرمابنەرانى خۆی لەماوەی ٢٤ کاتژمێر و هەرچی سەربازەکانیش لەماوەی ٦٠ بۆ ١٠٠ رۆژ لە سوریە دەکشێنەوە".

 

پێنتاگۆن چى گوت:

پێنتاگۆن چى گوت

 

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند کە یەکەکانی ئەمریکا دەستیان کردووە بە کشانەوە لە سووریا، بەڵام کارکردنیان لەگەڵ هاوبەشە ناوخۆییەکاندا بەردەوامی دەبێت. گوتەبێژی پێنتاگۆن دانا وایت لەبارەی کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە. وایت لە راگەیەندراوەکەدا گوتبووى "هاوپەیمانی توانی خاکەکانی ژێر دەستی داعش ئازاد بکات بەڵام هەڵمەتی دژ بە داعش کۆتایی نەهاتووە. لەکاتێکدا هەڵمەتی دژ بە داعش چۆتە قۆناغێکی ترەوە، دەستمان کردووە بە قۆناغی گەڕانەوەی سەربازانمان بۆ وڵات".

وایت ئاماژەی بەوەش دابوو کە بەمەبەستی ئەمنیەتی ئۆپەراسیۆنەکان و پاراستنی هێز، زانیاری زیاتر نادەن و دەڵێت، "داعش لەهەرکوێیەک چالاکی ئەنجام دەدات بیدات، ئێمە بەردەوام دەبین لە کار کردن لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان و هاوبەشەکانماندا بۆ زاڵ بوون بەسەر داعشدا".

 

ئەمرۆ ترامپ چى نووسى:

ئەمرۆ ترامپ چى نووسى

 

ئەمڕۆ دۆناڵد ترامپ دوو تویتى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى تویتەر بڵاو کردەوە کە تیایاندا هاتووە:

تویتى یەکەم: "کشانەوەمان لە سوریا سورپرایز و لەناکاو نەبوو. من چەندین ساڵە کارى لەسەر دەکەم و ٦ مانگ بەر لە ئێستاش ڕامگەیاند. ڕوسیا و ئێران و سوریا دوژمنى ناوچەیی داعشن. ئێمە خەریکبووین کارى ئەوانمان دەکرد. کاتى ئەوە هاتووە بگەڕێینەوە بۆ ماڵەوە."

تویتى دووەم: "ئەمریکا دەیهەوێت ببێتە پۆلیستى ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست و هیچ شتێک وەرنەگرێت؟ بەڵام ژیانە بەنەرخەکان و ترلیۆن دۆلار بۆ پاراستنى کەسانى دیکە سەرف بکات. لە کاتێکدا کە لە زۆربەى کەیسەکان سوپاسێکیشمان ناکرێت. دەمانەوێت هەمیشە لەوێ بین؟ لە کۆتاییدا کاتى ئەوە هاتووە کە کەسانى دیکە شەڕ بکەن!"

 

کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا و یەپەگە:

کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا و یەپەگە

 

بە پێى چەند زانیارییەکى گەیشتوو بە تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەى، هێزەکانى ئەمریکا و تورکیا ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەى کە لە ئەگەرى هێرشى سوپاى تورکیا بۆ سەر ڕۆژاواى کوردستان، ئەوا ٤٨ کاتژمێر پێش لە هێرشەکە هێزەکانى ئەمریکا ئاگادار بکەنەوە بۆ جێهێشتنى شوێنەکانیان.

هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک بڕیارەکەى ترامپ بە خیانەت لەقەڵەم دەدەن و دەڵێن "لە پشتەوە خەنجەرمان لێ دراوە"، هەروەها چەند هەواڵێک هەیە کە یەپەگە دەیهەوێت ٣٢٠٠ چەکدارى داعش ئازاد بکات، لە نامەى سیناتۆرەکانى ئەمریکا بۆ دۆناڵد ترامپیشدا ئاماژە بەم زانیارییانە کراوە کە نووسیویانە " لەگەڵ ئەوەشدا هێزەکانمان یارمەتییەکى گرنگى هاوپەیمانە کوردەکانمان دەکەن کە زۆر گرنگ و پێویست بوون لە شەڕ دژى داعش. ئەگەر هاوپەیمانە کوردەکانمان لە ناوچەکان پشتیوانى ئەمریکا لەدەست بدەن، ئێمە دووبارە ڕووبەڕووى مەترسى سەرهەڵدانەوەى داعش و لەنێوچوونى بەرخودانى کوردەکانى ناوچەکە دەبینەوە. هاوکات سەدان شەڕکەرى بیانى داعش لە دەستى هاوپەیمانە کوردەکانن و مەترسى بەرەڵاکردنیان هەیە".

هەر ئەمڕۆش کوردانى ڕۆژاواى کوردستان لە نێزیک پایگاى هێزەکانى ئەمریکا لە کۆبانێى رۆژاواى کوردستان دژى بڕیارەکەى دۆناڵد ترامپ و ئیدارەکەى لەسەر کشانەوەى  هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا ئەنجام درا کە هەزاران کەس تیایدا بەشدار بوون.

 

وەزیرى بەرگرى: یەپەگە لە نێو تۆنێلەکان زیندەچاڵ دەکەین

وەزیرى بەرگرى

پاش بڕیارەکەى ترامپ سەبارەت بە کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا، تورکیا هێزى زیاترى بردە سەر سنوورى وڵاتەکەى لەگەڵ سوریا، خلوسى ئاکار وەزیرى بەرگرى تورکیا کە بەشدارى مەراسیمى ڕۆژى میللى قەتەرى لە دۆحە کردبوو، پاش دیدارى ناوەندى فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانى هەردوو وڵات، لەبارەى هێرشى ئاسمانى تورکیا لە کێوەکانى سنجار و کاراجاک گوتى "بێ هیچ زەرەێک بە خەڵکى سیڤیل و خەڵکى بێگوناه، تیرۆریستەکانى ناوچەکە لەنێو دەبەین. خەباتى تورکیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى تیرۆریزم بەردەوامە. سەرنجى ئێمە لەسەر منبج و ڕۆژهەڵاتى فوراتە. لەم بارەوە چالاکى بەرفراوان ئەنجام دەدەین. هەردوو ئۆپەراسیۆنى چڵە زەیتون و فوراتمان بە سەرکەوتووییەوە کۆتایی پێ هێنا. تورکیا بۆ دابینکردنى ئەمنیەت و ئارامى لە ئیدلیب ١٢ پایگەى چاودێریمان دروست کردووە. تورکیە هەموو چالاکییەکانى خۆى لە چوارچێوەى مافى نێونەتەوەیی و مافەکانى مرۆڤ ئەنجام دەدات و ڕێز لە بەها نەتەوەیی و مەعنەوەیی و پیشەییەکان دەگرێت. هەموو چالاکییەکان بێ زەرەدان لە مرۆڤە بێگوناه و سڤیلەکان ئەنجام دەدەین".

ئاکار سەبارەت بەوەى کە گوایا یەپەگە تۆنێلى ژێرزەمینى لێداون بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى سوپاى تورکیا، گوتى "تۆنێلەکانیان بۆ دەکەینە زیندەبەچاڵ".

 

چاوش ئۆغڵو: لە ئۆپەراسیۆنى سەر سوریا ئامانجمان تیرۆریستانى یەپەگەیە

چاوش ئۆغڵو

 

مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا لە هەژدەمین کۆربەندی دۆحە باسى هێزەکانى ئەمریکا کرد و گوتى "ژیانی سەربازانی ئەمریکا ناخەنە مەترسییەوە و ئامانجمان، ھەروەک لە عەفرین و ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات، رێکخراوی تیرۆریستی یەپەگە/پەکەکەیە و ئەگەر ئەمریکا پێى وایە کە ئەوان پارێزەری خۆیانن ئەوا شتێکی دیکەیە".

هەروەها مەولود چاوش ئۆغڵو سەبارەت بە داعش گوتى "داعش یەکێکە لە ھەرە کێشە گەورەکان لە سووریا و عێراق. ھیچ وڵاتێک هێندەی تورکیا تیرۆریستانی داعشی لە چالاکی نەخستووە. ئێمە زیاتر لە چوار ھەزار تیرۆریستمان لە چالاکی خستووە کە سێ ھەزاریان لە سووریا و ھەزاریان لە عێراق بووە".

وەزیری دەرەوەی تورکیا راشیگەیاند کە داعش تاکە رێکخراوی تیرۆریستی نییە لە ناوچەکەدا و ئاماژەی بە بوونی تیرۆریستانی یەپەگە/پەکەکە لە ناوچەکەدا کرد و گوتی: "كه‌ دێته‌ سه‌ر یه‌په‌گه‌ دۆسته‌ رۆژاواییه‌كانمان پشتگیری ئه‌وان ده‌كه‌ن. پاساویشیان بۆ ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ 'یه‌په‌گه‌ به‌ره‌نگاری داعش ده‌بێته‌وه‌'. له‌وانه‌یه‌ له‌ خاڵه‌كانی ناوه‌وه‌ وا دیار بێت، به‌ڵام پێویسته‌ سه‌یری هۆكاره‌كه‌ی بكه‌ین. یه‌په‌گه‌ له‌ ناوچه‌كانی ناوه‌وه‌ له‌دژی داعش شه‌ڕ ده‌كات چونكه‌ رقیان له‌ ئایدۆلۆجیای ئه‌وانه‌ و یان ده‌یه‌وێت زیاتر زاڵ بن به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا، ئێستا هه‌موو كه‌س له‌ ناوچه‌كه‌ چاویان به‌رامبه‌ر كاره‌كانی یه‌په‌گه‌ ده‌به‌ستن كه‌ چۆن به‌ خراپی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كه‌مینه‌كان ده‌كات له‌ ناوچه‌كه‌".

مەولود چاوش ئۆغڵو گوشاره‌كانی یه‌په‌گه‌ بۆ سه‌ر ئێزدی و سریانییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌ به‌ نموونه‌ هێنایه‌وه‌ و گوتی: "له‌ توركیا زیاتر له‌ ٣٠٠ هه‌زار كورد ده‌ژین و ناچاربوون ئه‌و ناوچانه‌ جێ بهێڵن كه‌ یه‌په‌گه‌ی لێبوون و ده‌ست به‌سه‌ر ماڵ و موڵكیشیاندا گیراوه‌".

 

بارزانى: هیوادارم گەلی كورد لە سووریا ئازار و نەهامەتیی زیاتر نەبینن

بارزانى

 

مەسعود بارزانی سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان و سەرۆکى پێشووى هەرێمى کوردستان پەیامێکى لەسەر پێشهاتەکانی ئەم دوایەی سووریا بڵاو کردەوە و نیگەرانی خۆی لە ناڕوونی رەوش و سەلامەتی کوردانی سووریا خستە ڕوو. لە پەیامەکەی بارزانی هاتووە:

"ڕووداو و پێشهاتەكانی ئەم دوایەی سووریا و بە تایبەت بارودۆخی گەلی كورد لەو وڵاتە جێگەی نیگەرانین. پێشتریش لەمەڕ ئاییندەی گەلی كورد لە سووریا و ئەو بارودۆخەی لە ڕۆژاوا دروست بووە، تێبینی و نیگەرانیی خۆمان ڕاگەیاندووە و نەدەبوو بەم حاڵەتەی ئێستا بگات. ژمارەیەكی یەكجار زۆری هاووڵاتیانی كوردی سووریا لە ژیانی ئاوارەییدا دەژیین و پەلاماری تیرۆریستانی داعش و بارودۆخی نالەباری سیاسی و هەڕەشەكانی تر لە ساڵانی ڕابردوو، خەڵكی كوردی لە سووریا زۆر ئازار داوە، و هێشتا شەڕی داعشیش تەواو نەبووە."

مەسعود بارزانى لە کۆتاییدا گوتوویەتى "هیوادارم ڕووداوەكانی ئەم دواییە و پێشهاتە تازەكان، نەبێتە هۆی ئەوەی توندوتیژی و شەڕ پەرە بستێنێت و، چیتر هاووڵاتیان و گەلی كورد لە سووریا ئازار و نەهامەتیی زیاتر نەبینن."

 

پۆتین: ئەمریکا کاتى خۆشى گوتى لە ئەفغانستان دەکشێینەوە

پۆتین

 

لە لایەکى ترەوە ڤلادیمێر پۆتین ـى سەرکۆمارى ڕوسیە لە دانیشتنێکى هەواڵى ساڵانەى خۆى لە مۆسکۆ باسى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا کرد و گوتى "بە گشتى لەگەڵ دۆناڵد ترامپ ـى سەرکۆمارى ئەمریکام لەمەڕ سەرکەوتن بەسەر داعش، بەڵام هێشتا دەرچوونى هێزەکانى ئەمریکامان لە سوریە نەبینیوە، ئاخر پێشتر گوتبووشیان لە ئەفغانستان دەچنە دەرەوە، کەچى هەر لەوێ ماونەتەوە". پۆتین باسى لەوە کرد کە "ئامادەبوونى ئەمریکا لە سوریا نایاسایی بوو".

 

فەڕەنسا: ئێمە لە سوریا ناکشێینەوە

فەڕەنسا

 

ناتالى لوازو وەزیرى کاروبارى ئەوروپایی دەوڵەتى فەڕەنسا لە بەرنامەیەکى تەلەفزیۆنى لەبارەى ئامادەیی هێزەکانى فەڕەنسا لە سوریا گوتى "هێزەکانمان دەمێننەوە لە سوریا"، فلۆڕانس پارلى وەزیرى بەرگرى فەڕەنساش بە بڵاوکردنەوەى پەیامێک نووسى "گرووپى تیرۆریستى داعش زۆر لاواز بووە و زیاتر لە ٩٠%ى پێگەکانى خۆى لەدەست داوە وتواناى لۆجیستیکى پێشووى نەماوە. گرووپى تیرۆریستى داعش هێشتا لە ڕەگ و ڕیشەوە دەرنەهێنراوە، بۆیە دەبێت بە تەواوى دواهەمین بەجێماوى ئەم گرووپە تیرۆریستییە شکست بدەین".

 

 

ئێران و سیناریۆکانى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا:

ئێران و سیناریۆکانى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا

 

دوێنێ حەسەن ڕوحانى سەرکۆمارى ئێران سەردانى ئەنکاراى کرد و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پێشوازی لێ کرد. ڕوحانى لەبارەى سەفەرەکەى گوتى "لەگەڵ تورکیا لەبارەى پاراستنى یەکپارچەیی سوریا هاوڕوانگەین" و هەروەها ئەوەشى گوت کە "هیچ هێزێک ناتوانێت برایەتى و پەیوەندیى نێوان ئێمە و تورکیا تێک بدات". بە پێى لێکدانەوەى هەندێک شڕۆڤەکارى سیاسى باس لەوە دەکەن، ئەم سەفەرە بە پەلەیەى ڕوحانى سوودوەرگرتن لە دەرفەتەکانى بەردەم سوریا و تورکیایە و هەوڵدانە بۆ ڕازیکردنى تورکیا بۆ ئەوەى پشتى ئێران بەرنەدات.

تابناک کە ماڵپەڕى موحسین ڕەزایی فەرماندەى پێشووى سوپاى پاسداران و سکرتێرى ئێستاى کۆمەڵەى پاراستنى بەرژەوەندى نیزامى کۆمارى ئیسلامییە، لە وتارێکدا لە ژێر ناوونیشانى "پشتى پەردەى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا؟، شەش گریمانەى لە بەرامبەر سیناریۆى دەرچوونى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریە هێناوەتەوە کە لێرەدا باسیان دەکەیت:

گریمانەى یەکەم: پاشەکشێکى ئەمریکا لە سوریە، بەشێکە لە گەڵاڵەى جان بۆڵتونى ڕاوێژکارى ئەمنی میللى ترامپ و مایک پەمپئۆ بۆ سەرەنجى سەربازى و ئەمنی لەسەر ئێران. بە پێى ئەم سیناریۆیە، واشنتۆن هێزەکانى خۆى لە سوریە دوور و لە کەنداوى فارس نێزیک دەکاتەوە و لە قۆناغى دواتر ئەگەرى ئەوە هەیە هێرشێکى سەربازى بکاتە سەر ناوچە ئەتۆمییەکانى ئێران.

گریمانەى دووەم: پاشەکشێکى ئەمریکا لە سوریە بە پێى ڕێککەوتنى هاوبەشى ئەمریکا و ڕوسیە و تورکیایە کە تیاشیدا ئێران زەرەرمەند دەبێت بەوەى لە سوریە دەربکرێت.

گریمانەى سێیەم: دەرچوونى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریە، خوێنبەهاى خاشقچپییە. لە ڕاستیدا پاشەکشێى ئەمریکا لە سوریا و بەردانى پشتى کوردکان، ئیمتیازێکە کە واشنتۆن بە ئەنکەراى داوە تا واز لە فشار و پاڵەپەستۆکان لەسەر سعودیە و پاشا گەنجەکە بهێنێت کە ئەمەیش دووبارە بە زەرەرى کۆمارى ئیسلامییە.

گریمانەى چوارەم: ئەگەرى هەیە ئەمریکییەکان گەڵاڵەیەک بۆ هێرشکردنە سەر هێزە ئێرانییەکان لە سوریە و هێزەکانى حیزبوڵا لە لوبنان (لە لایەن ئیسرائیلەوە) بێت. ئەمریکا بە بردنەدەرەوەى هێزەکانى خۆى لە سوریە، بە دواى ئەوەوەیە کە ئێران یا حیزبوڵا نەتوانن هێرش بکەنە سەریان.

گریمانەى پێنجەم: ئەمریکا بڕیار نییە بە تەواوى لە سوریە بچێتە دەرەوە، بەڵکو بە بردنەدەرەوەى هەندێک لە هێزەکانى، لە لایەکەوە دەرفەتێک بۆ هێرشى ئەنکەرا بۆ سەر باکورى سوریە دژى کوردەکان دروست دەکات و لە لایەکى ترەوە بەم پاشەکشەیە، پەیوەندییەکیش لەگەڵ بەشار ئەسەد دروست دەکاتەوە.

گریمانەى شەشەم: ئەمریکا بە ڕاگەیاندنى دەرچوونى هێزەکانى لە سوریا، فەزا خۆشتر دەکات بۆ خۆتێهەڵقورتاندنى تورکیا لە باکورى سوریا. ئۆپەراسیۆن و دەستتێوەردانەکانى تورکیا لە باکورى سوریە دەتوانێت بەینى نێوان تورکیە و ئێران و ڕوسیە تێک بدات. لە ڕاستیدا بەرفراوانبوونى ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەکانى تورکیە لە سوریە دەتوانێت بەینى نێوان ئەنکەرا و مۆسکۆ و تاران تێک بدات بەمەیش وا بکات دانیشتنەکانى ئاستانە و دروستکردنى کۆمیتەى یاساى بنەڕەتى سوریە شکست پێ بهێنێت.

 

٦ سیناتۆرى ئەمریکا لەسەر کورد دێنەگۆ:

٦ سیناتۆرى ئەمریکا لەسەر کورد دێنەگۆ

 

لینزى گراهام و جانی ئێرنێست و تام کاتن و جەیمى شاهین و ئانگۆس کینگ جەى ئاڕ و مارکۆ ڕۆبیۆ، کە ٦ سیناتۆرى ئەمریکان، لە بارەى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا نامەیەکیان بۆ دۆناڵد ترامپ ناردووە و تیاشیدا باسى مەترسییەکانى کشانەوە هێزەکانى ئەمریکایان لە سوریا کردووە کە لێردا هەموو دەقەکەى بڵاو دەکەینەوە:

جەنابی سەرکۆمار/ ئەمڕۆ ئەو نامەیەمان کە بۆ تۆ نووسیوە، نیگەرانى خۆمان سەبارەت بە بڕیارى ئیدارەکەى جەنابتان لەسەر کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا ڕابگەیێنین. ئێمە پێمان وایە ئەم کارە و لەم کاتەدا زۆر لەناکاو و ناژیرانەیە و هەڵەیەکى گەورەیە کە نە تەنیا ئاسایش و ئەمنیەتى ئەمریکا دەخاتە ژێر مەترسییەوە، بەڵکو داعش، بەشار ئەسەد، ئێران و ڕوسیا بوێرتر دەکات.

ئەمریکا هێزێکى کەم و سنووردارى لە سوریە هەیە، نزیکەى ٢٠٠٠ سەربازى ئەمریکى لە سوریەن بۆ ئەوەى پێش بە داعش لە باکوورى ڕۆژهەڵاتى سوریە بگرن. لە کاتێکدا جەنابت لەو بڕوایەداى کە مەترسییەکانى داعش نەماون، بەڵام دۆخە مەیدانییەکان وێنایەکى دیکەمان پێ نیشان دەدەن.

لەگەڵ ئەوەشدا هێزەکانمان یارمەتییەکى گرنگى هاوپەیمانە کوردەکانمان دەکەن کە زۆر گرنگ و پێویست بوون لە شەڕ دژى داعش. ئەگەر هاوپەیمانە کوردەکانمان لە ناوچەکان پشتیوانى ئەمریکا لەدەست بدەن، ئێمە دووبارە ڕووبەڕووى مەترسى سەرهەڵدانەوەى داعش و لەنێوچوونى بەرخودانى کوردەکانى ناوچەکە دەبینەوە. هاوکات سەدان شەڕکەرى بیانى داعش لە دەستى هاوپەیمانە کوردەکانن و مەترسى بەرەڵاکردنیان هەیە.

ئەگەر تۆ لەسەر بڕیارەکەتى لەسەر کشانەوەى هێزەکانمان لە سوریە، داعشە بەجێماوەکانى نێو سوریە بە دڵنیاییەوە هێز و تواناى خۆیان لە ناوچەکە زیاتر دەکەن.

هاوکات داعش تەنیا مەترسى نییە، دیکتاتۆرى بەشار ئەسەد لەسەر خەڵکى سوریە زیاتر دەبێت. بۆیە ئیمە نیگەرانى ئەوەین کە کشانەوەى هێزەکانمان لە سوریە، بەشارئەسەد بوێر و سەرەڕۆتتر بکات بۆ سەرکوتى خەڵکەکەى. کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریە، دوو دوژمنى دیکەى ئەمریکا بەهێز دەکات کە ئێران و ڕوسیان.

هەروەک جەنابتان ئاگادارن، هەم ئێران و هەم ڕوسیە لە کێشەکانى سوریە سوود وەردەگرن بۆ دەستتێوەردانى زیاترى نێو ئەو وڵاتە. هەر نیشانەیەک لە لاوازى ئێمە، هێز و تواناى زیاتر دەبەخشێتە ئەوان تا ئەوەى کە بڕوا و متمانەى هاوپەیمانەکانمان پێمان کەم ببێتەوە.

ئیدارەکەى جەنابتان نابێت هەڵەى ئیدارەکەى پێشوو دووبارە بکاتەوە، کە ئەو ناوچانەیان دایە دەستى کارەکتەرە ناوچەییەکان.

لە کۆتاییدا ئێمە داوا لە جەنابتان دەکەینەوە کە پێداچوونەوە بە بڕیارى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سووریە بکەن تا بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانى گەلەکەمان پارێزراو بن.