رفتن به محتوای اصلی

کۆمارى ئیسلامى لە ڕێگەى کونسوڵگەرییەکەى لە هەولێر هەوڵى ڕفاندنى بێهزاد مەحموودی دەدات

کۆمارى ئیسلامى لە ڕێگەى کونسوڵگەرییەکەى لە هەولێر هەوڵى ڕفاندنى بێهزاد مەحموودی دەدات
AvaToday caption
posted onMay 20, 2021
noدیدگاه

بێزاد مەحموودى کە خەڵکى شارى بۆکانە و چەندین ساڵە پێشمەرگەیە لە سازمانى خەبات و ئێستا داواى پەناخوازى لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، دوو ڕۆژ لەمەوبەر بە هۆى وەڵامنەدانەوەى داخوازییەکانى و پشتگوێخستنى داواکاریی پەناخوازییەکەى ئاگرى لە جەستەى خۆى بەردا، بەڵام ئێستا ئیتلاعاتى سوپا لە کونسوڵگەرى کۆمارى ئیسلامى لە هەولێر خەریکى ئەوەن کە ناوبراو بە هەر شێوەیەک بووە ببەنەوە ئێران، بەڵام ناوبراو ڕەتى کردووەتەوە کە پێویستى بە هاوکارى ڕژێمى ئاخوندى بێت.

 

کونسوڵگەرى کۆمارى ئیسلامیش لە هەولێر بەیاننامەیەکى بڵاو کردووەتەوە کە تیایدا بێجگە لە نیشاندانى هاودەردى خۆى بۆ ڕوودانى ئەو کارەساتەى بەردەمی نەتەوە یەکگرتووەکان "کە بووە هۆى سووتانى هاووڵاتییەکى ئێرانى بە ناوى بێهزاد مەحموودى"، پشتیوانى کونسوڵگەرییەکەشى نیشان داوە بۆ بەدواداچوونى بابەتەکە.

لە بەیاننامەى کونسوڵگەرییەکەدا هاتووە "هەر لەم ڕاستایەدا، پسپۆڕانى نوێنەرایەتییەکەمان ڕۆژى چوارشەممە ٢٩ى گوڵان، لە نەخۆشخانە چوونە سەردانى ئەو کەسە و نوێنەرایەتییەکە سەرەڕاى ئامادەیی بۆ چارەسەر و هاوکارى، لەگەڵ پزیشکەکەى قسەیان کردووە و ئامادەیی خۆیان نیشان داوە بۆ چارەسەر و گواستنەوەى ناوبراو بۆ ئێران".

لە کۆتایی ڕاگەیێنراوەکەیدا نەسروڵا ڕەشنودى سەرکونسوڵگەرى کۆمارى ئیسلامى لە هەولێر هاتووە "سەرکونسوڵگەرى کۆمارى ئیسلامى لە هەولێر ئەو چاوەڕوانییەى لە وەزیرى نێوخۆى هەرێمى کوردستانى عێراقە کە سەرەڕاى بەدواداچوون بۆ ئەم بێموبالاتییە و ڕوونبوونەوەى هۆکارەکانى ئەم ڕووداوە، سەبابکاران سزا بدات".

پێناسى بێزاد مەحموودى لە نێو سازمانى خەبات

پێناسى بێزاد مەحموودى لە نێو سازمانى خەبات

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەندامانى تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى بەر لە هەموو کەس و هەر زوو سەردانى بێهزرادیان کرد و سەرەڕاى هاوکارى و پاڵپشتى، باسیان لە پیلانێکى لەم جۆرە کرد کە کۆمارى ئیسلامى خوازیارى ئەنجامدانیەتى. ناوبراو هەر خۆشى لە ڤیدیۆیەکدا باسى ئەمەى کرد کە چەند کەسێک لە کونسوڵگەرى کۆمارى ئیسلامى لە هەولێر سەردانیان کردووە و بە فارسى قسەیان لەگەڵى کردووە، بەڵام ئەو خۆى هەر بە پێشمەرگەى سازمانى خەبات دەزانێت و پێویستى بە هاوکارى کۆمارى ئیسلامى نییە!

لە بەرامبەردا شۆڕش حاجی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی هەولێری سازمانی خەباتیش گوتوویەتى "چەند کەسێک لە کونسوڵخانەی  ئێران چوونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنى هەولێر بەڵام نازانن مەبەستیان چی بووە، ئێمە چەند پێشمەرگەیەکمان بە چەکەوە لە نەخۆشخانەکە داناون بۆ پاراستنی بێهزاد و مۆبایلەکانیان لەو کەسانە وەرگرتووە کە ویستویانە بچنە نەخۆشخانەکە و ڕێگەیان نەداوە ڤیدیۆ و وێنە بگرن و دووریان خستوونەتەوە لە شوێنەکە".

شایەنى باسە بێهزاد (محەمەد) مەحمودى کە پێشمەرگەى سازمانى خەبات بووە، ئێستا لە هەولێر پەناخوازە و لەبەر خراپى دۆخى گوزەران و وەڵامنەدانەوەی لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان، لەبەردەم بارەگاى ئەو ڕێکخراوەیە ئاگرى لە خۆى بەردا و بە پێى ئەو زانیارییانەى کە دەست ئاڤاتودەى گەیشتوون، ناوبراو دۆخى ناجێگیرە و ڕێژەى سووتانەکەى ٩١%ـە و هەر ئەمڕۆش کاتژمێر  ١٠:٣٠ لەبەردەم بارەگاى نەتەوە یەکگرتووەکان و دژى پشتگوێخستنى کەیسى پەناخوازانى ڕۆژهەڵات خۆپێشاندانێکى جەماوەرى ئەنجام دەدرێت.