ئەمڕۆ دکتۆر کەمال مەزھەر ئەحمەد کە لە ساڵی ١٩٣٧ى زایینى و لە گوندی ئاغجەلەری کەرکووک لە دایک ببووە، لە تمەەنى ٨٤ ساڵى و لە ئەڵمانیا کۆچى دوایی کرد.
دکتۆر کەمال لە ساڵی ١٩٦٩ى زایینی لە ئەنستیتۆتی رۆژھەڵاتناسیی ئەکادیمیای زانستەکانی سۆڤیەت دکتۆرای زانستەکانی وەرگرت و کارى کردووە لە زانکۆی بەغدا لە ئەنستیتۆتی گەلانی رۆژھەڵاتی نزیک و ناوین لە باکوور، ئینیستیتیوتی باڵای لێکۆڵینەوەکانی نەتەوەیی و سۆسیالیستیی زانکۆی موستەنسەرییە و ھەروەھا ئینیستیتیوتی لێکۆڵینەوەکانی عەرەبی و یەکێتیی نووسەرانی کورد و ئەنستیتۆتی کورد لە پاریس.
د.کەمال مەزهەر چەندین بەرهەمى مێژوویی ناوازى هەیە کە نیشاندەرى بیرتیژى و ماندوونەناسى ئەم پیاوە گەورەیەن. ١٢ بەرهەمى بە زمانى عەرەبی و ٨ بەرهەمى بە زمانى کوردی و سێ بەرهەمى بە زمانى ڕووسى و هەروەها زیاتر لە پێنح بەرهەمى وەرگێڕدراویشى هەیە.
ئەمە نمونەى هەندێک لە بەرهەمەکانیەتى:
خەباتی رزگاریخوازی کورد و ئازەر لە ئێران، كوردستان لەساڵەكانی شەڕی یەكەمی جیهان، چینی کرێکارانی عێراق، ئافرەت لە مێژوودا: کورتە باسێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتى، میر، رێنیسانس، تێگەیشتنی راستی؛ شوێنی لە رۆژنامەنووسی کوردی و چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی گەلی کورد و هتد