رفتن به محتوای اصلی

کێشەی ژن، مێژوو و ئایین

کێشەی ژن، مێژوو و ئایین
AvaToday caption
posted onSeptember 5, 2020
noدیدگاه

دەریا

نووسینی دەریا عوسمانپوور

 

کە باس لە فاکتەرەکانی کێشەی ژن و بەتایبەتی کێشەی ژن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێ، زۆربەی هەرە زۆری نووسەر و ڕەخنەگران، لە سەد تا سێسەد ساڵ لەمەوبەر تێپەڕ نابن. ئەوەی ئەوان باسی دەکەن، نەریتی کۆمەڵگا و ئایینە، ئەوە لە کاتێکدایە کە کێشەی ژن، کێشەیەکی مێژووییە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕاو و سازبوونی یەکەم کۆمەڵەی مرۆڤەکان و پێکەوە ژیان. ئەو کات کە پیاو دەچوو بۆ ڕاو و ژن لە ماڵەوە ئاگاداری لە منداڵ و ماڵ دەکرد.

 

هۆکاری ئەم دابەشکارییە سرووشتییەش، بەهێزبوونی جەستەیی پیاو بوو. پیاو دەیتوانی ئاژەڵە دڕندەکان بکوژێ و تێشووی ماڵ و منداڵ بەرهەم بهێنی، ژن ئەم تواناییەی نەبوو و هەر بۆیەش مەحکووم بوو بە مانەوەی لە ناو ماڵ، هەرچەند هەندێک نموونەی یەکجار کەم و بچووک هەن کە ژنی بەهێزیش لە ڕووی جەستەییەوە هەبووە و ئەم ئەرکەی بەجێ گەیاندووە. لەوانەیە یەکەمین ناڕەزایەتییەکانی ژنانیش لە هەمبەر بەرابەرنەبوونیان لە ڕووی مافەوە لە تەک پیاوان لێرەوە سەری هەڵدابێ و ئەمە هاندەری ژنان بووبێ بۆ ئەوەی خۆیان تاقی بکەنەوە و ئەم کۆتەی مانەوە لە ناو ماڵ بپسێنن، هەرچەند تا ئێستاش بۆ زۆربەی ژنان وا خۆشترە کە لەناو ماڵ بمێننەوە و خۆیان و جەستەیان ئازار نەدەن و پیاو نانیان بدات و لەم پێناوەشدا بەشێک لە ماف و ئازادییەکانیان لەدەست بدەن.

ئازادی تێچووی هەیە و هەموو کەس ئامادە نییە تێچووەکەی بدات، ئەم ڕێسایە بۆ ژنانیش ڕاستە و هۆکاری بەردەوامیی نابەرابەری، بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ ئەم ئامادەنەبوون بۆ تێچووانەی زۆرینەی ژنان کە وای کردووە موحتاجی پیاو بن و ژێردەستەی بمێننەوە و زۆر یاسای تاڵ و ناڕەوایان بەسەردا بسەپێندرێ.

دواتر کە کۆمەڵگا هێدی و نیان گەشەی مێژوویی خۆی دەست پێ کردووە، شێوەی ژیانیش گۆڕدراوە، مرۆڤ لە ڕاوەوە ڕووی کردووەتە کشتوکاڵ. لێرەدا ژن هاتە ناو کارەوە و هاوشان لەگەڵ پیاو کاری کردووە. ژن نرخی زیاتر بووە و وەک هێزی کار چاوی لێکراوە، هەر بۆیەش لە هەمبەر مێردکردنی یان دەبوو ژن بە ژن بکرێ کە بە واتای هێنانەوەی هێزێکی تری کار بووە یان دەبوو شیربایی و بەرخوێن وەربگیردرێ کە ڕێگایەک بووە بۆ هێنانەوە و قەرەبووی هێزی کاری لەدەستچوو.

دواتر کۆمەڵگاکان گەشەی زیاتر دەستێنن، ئەم گەشەیە لە ئەورووپا زووتر و زیاتر بوو و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەشی زۆری تا ئێستاشی لەگەڵدا بێ نەکراوە، هەر بۆیەش بەرابەریخوازی لە ئەورووپا سەری هەڵدا و ژنان داوای مافی بەرانبەریان کرد. ژیانی پیشەیی و پێویستیی کەمتر بە هێزی جەستەیی و هەبوونی پەروەردە و تەکنەلۆژی وای کرد ژن هەم ئەم دەرفەتەی بۆ بڕەخسێ و هەمیش ئەم مافەی بۆ خۆی ببینێ و ئەم تێڕادیتووییەی هەبێ کە داوای ئەم مافە بکات و تا ئاستێکی زۆریش سەرکەوتن. لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین، کەمبوون یان نەبوونی پێشەسازی، پاشکەوتوویی سیستەمی پەروەردە و هتد، هۆکار بوون کە بزاڤی یەکسانیخوازیی ژنان نەگا بەم ئاقارەی کە دەبوو و دەبێ هەبێ.

ژنى بەختیارى

لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و لە زۆرینەی بەشەکانی ئەم بەشە لە کوردستان، شێوازی ژیان لە ڕواڵەتدا گۆڕاوە بەڵام لە ڕاستیدا ئاستی ژیان هەر لە قۆناخ و سەردەمی ژیانی کشتوکاڵدایە. بەڕێوەبردنی ژیان پێویستی بە هێزە، کۆڵبەری و کرێکاری و کورەخانە و هتد، هەرچەند لە زۆریاندا ژن دەوری هەیە بەڵام ڕاستی ئەوەیە کە نە هەموو ژن دەتوانن و نە هەموو ژن دەیانهەوێ لێرەدا دەور ببینن. لێرەدا دیسان ژن مەحکووم دەبێ بەوەی دۆخی ژیانی بەسەرداسەپاو قەبووڵ بکات و لە پێناو مانەوەیدا، لە ئازادییەکانی خۆش بێ و ژێردەستەیی لە پێناو مانەوەدا هەڵبژێرێ.

شێوازی ژیان و ئاستی ئابووریی وڵاتە داگیرکراوەکەمان و ناچاریی ژن بە خۆ یا ئازادی بەدەستەوەدان، بووە هۆکار کە دۆخەکە لە قازانجی پیاودا بشکێتەوە یانیش هێزێکی زۆرتر بداتە پیاو لە هەمبەر ژن و بە مافی بێ ئەملا و ئەولای خۆی بزانێ تا بەم شێوەیە لەگەڵ ژن بەرەوڕوو بێ. لەوانەیە هەموومان دەیان جار ئەم ڕستانەمان بیستبێ کە پیاوان دەڵێن، من شەو و ڕۆژ لە دەرەوە کار دەکەم، کە هاتمەوە چاوەڕوانی پێڕاگەیشتن و ڕێزم.

ئەم دۆخە بەتەواوی بە دڵی ئایینە بەتایبەتی ئایینی ئیسلام کە هەم نێرسالارە و هەمیش بەپێچەوانی ئایینی کریستیان، هیچ ئیزن و ڕێگەی گۆڕانکاری نادات و هەمیش لە ناو ئیسلامییەکان تا ئێستا کەسێکی وەک مارتین لۆتێر کینگ هەڵنەکەوتووە. لێرەدا ئایینی ئیسلام کە بەردەوام هەوڵ دەدا کۆمەڵگایەکی دواکەوتوو هەبێ و تەنیا لەم کۆمەڵگایەدایە دەتوانێ بوونی هەبێ، یاساکانی خۆی بەسەر ژندا دەسەپێنێ. دەربازبوون لەم دۆخەش پێویستی بە تێچووی زۆرە کە هەمدیسان زۆرینەی ژنەکان ئامادە نین تا ئەم تێچوویە بدەن.

لە کۆمەڵگای کوردیدا هەن ئەو ژنانەی هەوڵیان داوە ئەم دەورە بگۆڕن. ئایشێ شان، مریەم خان و فەتانە وەلیدی و .... تێچووەکەیان بە توندترین شێوە داوە. هەرچەند هەر بەم تێچوویە قورسانە ئێستا ژنی کورد و دۆخەکەی لەگەڵ زۆرینەی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین جیایە و تەنانەت لە خەباتی نەتەوەییدا دەوری سەرەکی وبەرچاو دەگێرێ کە ئەمە بۆ هەموو پارچەکانی کوردستان هەیە.