رفتن به محتوای اصلی

ئاڵمان جەختی لەسەر پێویستی درێژبوونەوەی گەمارۆ سەربازییەکانی ئێران کردەوە

ئاڵمان جەختی لەسەر پێویستی درێژبوونەوەی گەمارۆ سەربازییەکانی ئێران کردەوە
posted onAugust 27, 2020
noدیدگاه

وەزیری دەرەوەی ئاڵمان و هاوتا ئیسرائیلیەکەی ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی خەرمانان جەختیان لەوە کردەوە کە دەبێ گەمارۆ سەربازییەکانی سەر ئێران درێژ بکرێتەوە.

ئەشکنازی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل وێرای ڕاگەیاندنی ئەوەیکە پێشگرتن لە دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە سیستەمی پێشکەوتووی سەربازی و بڵاوبوونەوەیان لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین پێویستە، هیوای خواست ئاڵمان و وڵاتانی دیکەی ئەوروپایی ڕێگر نەبن لەو کارە.

وەزیری دەرەوەی ئاڵمان هایکۆ ماس، وێرای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی سەبارەت بە درێژبوونەوەی گەمارۆ سەربازییەکانی سەر ئێران دەگەڵ ئەشکنازی هاوڕایە گووتی: ئاڵمان و چەند وڵاتی دیکە هەوڵ دەدەن ڕێگە چارەیەکی دیپلۆماتیک بۆ ئەم مەبەستە ببیننەوە.

سەرۆکی دەزگای دیپلۆماسی ئیسرائیل گووتی: ئێرانی پۆشتە بە چەکوچۆڵی پێشکەوتوو بۆ سەقامگیری ناوچەکە بەقازانج نییە. و هەروەها باسی لە بێهیوایی وڵاتەکەی سەبارەت بە هەڵوێستی نەرێنی بەرلین، پاریس و لەندەن سەبارەت بە درێژبوونەوەی گەمارۆ سەربازییەکانی ئێران کرد و گووتی: ڕووبەڕوو بوونەوە دەگەڵ سیاسەتی هێرشبەرانەی ئێران دەبی بە کردەوە ئەنجام بدرێت نەک بە شێوەی قسە و راگەیەندراو.

گەمارۆ سەربازییەکانی سەر کۆماری ئیسلامی ١٨ی ئۆکتۆبری ئەمساڵ کۆتاییان پێدێت. ئەمریکا و ئیسرائیل داوای درێژبوونەوەی گەمارۆکان دەکەن بەڵام گەڵاڵەی ئەمریکا بۆ ئەو مەبەستە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگی نەهێنایەوە.

هایکۆ ماس لەمەر شێوازی درێژبوونەوەی گەمارۆ سەربازییەکانی سەر ئێران گووتی: دەبێ ئەو کارە بە شێوەیەک بکرێت کە چین و ڕووسیەش ڕازی بن و لە ئەنجومەنی ئاسایش ڤێتۆی نەکەن.

لە درێژەی قسەکانیدا گووتی: خوێندنەوەی ئێمە سەبارەت بە ئێران هەڕەمەکی نییە و دەزانین ئێران ڕۆڵێکی مەترسیدار دەگێرێت.