رفتن به محتوای اصلی

هەندێک زانیارى تایبەت لەسەر گرۆگانگیرییەکەى ئیلام.. هێرشبەرەکە خۆى نەکوشتووە!

هەندێک زانیارى تایبەت لەسەر گرۆگانگیرییەکەى ئیلام.. هێرشبەرەکە خۆى نەکوشتووە!
AvaToday caption
posted onMay 23, 2022
noدیدگاه

🌐  ئاڤاتودەی

ڕاستییەکانى ڕووداوە خوێناوییەکەى بەڕێوەبەرایەتى دارایی و موڵکداریەتى موستەعزەفینى ئیلام چ بوو؟ بۆچى بەرپرسانى دادوەرى ڕاستییەکان دەشارنەوە؟ ڕۆڵى هێزە ئینزامییەکان لەم کارەساتە چى بوو؟ ئاخۆ هێرشبەرەکە خۆى کوشتووە یا کوشتوویانە؟

 

بە پێى ڕاپۆرتى ئاڤاتودەى کە لەسەر بنەماى ڕاپۆرتى سەرچاوە ناوخۆییەکان بەدى هاتووە، وردەکارى ئەم کارەساتە لەبارەى بەڕێوەبەرایەتى دارایی و موڵکداریەتى موستەعزەفینى ئیلام کە ڕۆژى چوارشەممە ٢٨ى بانەمەڕ ڕووى دا و بووە هۆى کوژران و برینداربوونى ١١ کەس، بەم شێوەیەى خوارەوەیە:

بە پێى فەرمانى بەرپرسانى باڵا، فەرمانى بەپەلەى دامەزراندنى کەسێک لە ئاشناکانى دەدرێتە یوسف فریادى زادە سەرۆکى بەڕێوەبەرایەتى دارایی و موڵکداریەتى موستەعزەفینى ئیلام و ئەویش سەرنجدان بەو فەرمانەى کە پێى کراوە، ڕایدەگەیێنێت کە لەسەر بنەماى چارتى بەڕێوەبەرایەتییەکە، ژمارەى فەرمانبەرەکانى زیاد لە پێویستن.

لەگەڵ ئەوەشدا دووبارە پێى ڕادەگەیێنرێتەوە کە دەبێت بە پێى دەسەڵاتى خۆى، فەرمانبەرانێک دەربکات تا بتوانرێت کەسێک لە جیاتى نەجەف ڕۆستەمى دابمەزرێنێت. نەجەف ڕۆستەمى، کە تا دوو مانگ پێش یەکێک لە فەرمانبەرە گرێبەستییەکانى بەڕێوەبەرایەتى دارایی و موڵکداریەتى موستەعزەفینى ئیلام بووە، لە لایەن فریادى زادەوە وەک پاسەوان دەگوازرێتەوە بۆ شارى سەرابلە.

ئەویش ناڕەزایەتى خۆى نیشان دەدات بەرامبەر شوێنگۆڕینى کارەکەى بێ هۆکار، بەڵام ماوەیەک دواتر (نزیکەى دوو مانگ دواتر)، حوکمى دەرکردنى بە بیانووى کۆتاییهاتنى گرێبەستنى کارەکەى، دەردەچێت. ڕۆستەمیش لە دوو مانگى ڕابردوو و بە هەموو ڕێگەیەک هەوڵ دەدات تا بۆ کارەکەى بگەڕێتەوە و کەسانێکى زۆر دەکاتە واسیت و ئامادەیی خۆشى ڕادەگەیێنێت کە لە هەر شوێنێک بێت ئامادەیە کار بکات، بەڵام بەرپرسان وەڵامى نادەنەوە و پشتگوێى دەخەن.

تا ئەوەى کە ڕۆژێک بەر لە ڕووداوەکە نیەتى خۆى بۆ یەکێک لە فەرمانبەرەکانى بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاشکرا دەکات و پێى دەڵێت: "سبەى کارێک دەکەم کە لەبرى یەک کەس (کەسى بە بەرتیل دانراو کە شوێنەکەى ئەوى گرتبووەوە) حەوت کەس دابمەزرێنن".

نەجەف ڕۆستەمى، لە ڕۆژى کارەساتەکە لەبەردەم دەروازەى باڵەخانەکە سۆراغى بەڕێوەبەرى گشتى دەکات و داواى دوو خوولەک بینین و قسەکردنى لەگەڵ دەکات کەچى بە سووکایەتییەوە دەکرێتە دەرەوە. ڕۆستەمى دەست بە تەقەکردن دەکات و سەرنجى هەمووان بۆ لاى خۆى ڕادەکێشێت. سەرۆکى بەڕێوەبەرایەتى دارایی و موڵکداریەتى موستەعزەفینى ئیلامیش کە دەبینێت بابەتەکە زۆر جدییە، لە ترسان لە پەنجەرەکەى ژوورەکەیەوە خۆى فڕێ دەداتە خوارەوە و خۆى ڕزگار دەکات. یەکێک لە فەرمانبەرەکان بە ناوى میلاد فەتاحى کە پەیوەندییەکى هاوڕێیانەى لەگەڵ ڕۆستەمى هەبووە، بە خۆشڕووییەوە قسەى لەگەڵ دەکات و هەوڵى ئارامکردنەوەى دەدات و سەرکەوتووش دەبێت لەوەى کە یەکێک لەو دوو نارنجۆکەى کە بە دەستییەوە بووە، لێى وەربگرێت.

سەعید ڕۆستەمى یەکێکى دیکە لە فەرمانبەرانى ئەو بەڕێوەبەرایەتییە کە خزمى ڕۆستەمى هێرشبەریشە، لەگەڵ فەتاحى هەوڵى ئارامکردنەوەى دەدەن. ژمارەیەکى دیکە لە فەرمانبەرانیش لە ترسان خۆیان لە نێو حەسارى باڵەخانەکە دەشارنەوە.

دراوسێکانى بەڕێوەبەرایەتییەکە بە بیستنى دەنگى تەقە، پەیوەندى بە هێزە ئینتزامییەکانەوە دەکەن و ئەوانیش بە دەنگەدەنگى زۆرەوە و بە قڕیشکەى سەیراەوە خۆیان دەگەیێننە شوێنەکە و بە بڵیندگۆ دەست بە هەڕەشە دەکەن کە دەبێت ڕۆستەمى خۆى بدات بە دەستەوە دەنا هێرش دەکەنە سەر باڵەخانەکە.

سەعید ڕۆستەمى (ئامۆزاى هێرشبەرەکە) کە دەیهەوێت نێوەنجگیرى بکات، لەگەڵ ئەوەى دەستەکانیشى بەرز کردووەتەوە و دەیهەوێت خۆبەدەستەوەدانى نەجەف بە هێزە ئینتزامییەکان بدات.

بەڵام کارەساتەکە لێرەوە دەست پێ دەکات کە هێزە ئینتزامییەکانیش لە نێو خۆیاندا ڕایدەگەیێنن کە سەعید ئامۆزا و هاودەستى نەجەف ڕۆستەمییە و فەرمان بە قەناسبەدەستەکەیان دەدەن کە تەقەى لێ بکات و ئەویش بە گوللەیەک دەیکوژێت. نەجەف ڕۆستەمیش کە دەزانێت تەقە لە سەعید ڕۆستەمى ئامۆزاى کراوە، شێت و هار دەبێت و یەکێک لەو نارنجۆکانەى کە لە نێو دەستیدایە، فڕێى دەداتە نێو ئامادەبووانى باڵەخانەکە و چەندین کەس دەکوژێت و بریندار دەکات.

هێزە ئینتزامییەکانیش دەچنە نێو باڵەخانەکە و لە پشتڕا تەقە لە نەجەف ڕۆستەمى دەکەن و بە چەند گوللە دەیکوژن.

لەم کارەساتە، ئەم خاڵانە جێگەى سەرنجن:

١. هێزى ئینتزامى بانگەشەى ئەوە دەکات کە نەجەف ڕۆستەمى خۆى کوشتووە، لە کاتێکدا لە پشتەسەرەوە لێى دراوە و لەلایەن هێزى تایبەتیشەوە لێى دراوە.

٢. هێزى ئینتزامى بانگەشەى ئەوە دەکات کە نەجەف ڕۆستەمى کەسێکى شەڕەنگێز و خاوەن ڕابردوویەکى خراپ و شەڕەنگێزى هەبووە، بەڵام بە پێى قسەى هاوکار و دراوسێکانى، کەسێکى ئارام و زۆر بەڕێز بووە و لە ڕووى ئەخلاقیشەوە هیچ کێشەیەکى نەبووە.

٣. هێزە ئینتزامییەکان بانگەشەى ئەوەى کردووە کە سەعید ڕۆستەمى هاودەستى نەجەفى بووە کە ئەمەش پێچەوانەى ڕاستییەکانە. ئەو یەکێک لە فەرمانبەرانى ئەم کۆمەڵیەیە بووە و تەنیا نێونجگیرى کردووە و بۆ کارى خێر گیانى لەدەست دا و هێزە ئینتزامیەکان تەقەیان لێ کرد.

٤. دووبارە بە پێى بانگەشەى درۆیینى هێزە ئینتزامییەکان، دەڵێن یەکێک لە نارنجۆکەکان لە لایەن هێزە ئینتزامییەکان پووچەڵ کراوەتەوە، لە کاتێکدا کە ئەو نارنجەکە لە دەستى میلاد فەتاحى بووە کە لە گۆشەیەک کەوتبوو و گیانى لەدەست دابوو.

٥. خاڵى جێگەى سەرنج، نمایش و شانۆگەرییەکى گاڵتەجاڕانەى سەرۆکى هێزى ئینتزامى ناوچەکە بوو کە جلیقەیەکى گوللەنەبڕى لەبەر دەکەن و کاتژمێرێک دواى تەقەکردن و کارەساتەکە دەیهنێنن و بە زەحمەتێکى زۆرەوە لەسەر دەرگا و دیوارى باڵەخانەکە سەرى دەخەن تا فیلمى لێ بگرن و بەمەش نیشانى بدەن کە قەیران و کارەساتەکەى کۆنتڕۆڵ کردووە.