بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

کۆماری ئیسلامی دژى میدیای ئازادی کوردی کەوتووەتە خۆ

کۆماری ئیسلامی دژى میدیای ئازادی کوردی کەوتووەتە تەقە
تەلەفزیۆنى مەهاباد وەک نمونە
posted onOctober 28, 2018
noبۆچوون

 

ناوەندی دەنگ و ڕەنگی شارەکانی کۆمارى ئیسلامى، بۆ دژایەتیکردنى میدیاى ئازادى کوردى، کەڵک لە سیما ناسراوەکانی دونیای ئەدەب و هونەری کوردی وەردەگرێت.

 

دەنگ و ڕەنگی شاری مەهاباد چەندین بەرنامەی تایبەت بە شیعر و ئەدەبیاتی کوردی بەڕێوە دەبات و پێشکەشکاری ئەو بەرنامانەش ئەو کەسانەن کە لە نێو خەڵکدا خۆشەویستن و خاوەن ئەزموون لە کارەکانی خۆیاندا. خوێندنەوەی شیعر بە دەنگی کەسانی دەنگخۆش و باسکردن لەسەر مێژوو و ئاسەوارە مێژوییەکان و هەروەها بڕگەی تایبەت بە کەلەپوور و فەرهەنگی کوردی لە شار و دێ بەشێکن لەو بەرنامانەی لەو چوارچێوەدا بەرهەم دەهێندرێن.

 

دەنگ و ڕەنگی مەهاباد ماوە ماوە پرسیار نامە لە نێو خەڵکدا بڵاو دەکاتەوە و زانیاری لەسەر ئەوە کۆ دەکاتەوە کامە تەلەفزیۆنە کوردییە زۆرتر چاو لێ دەکەن و لەو نێوەشدا کامە بەرنامەیان زۆرتر؟ لە بەشێکی دیکەی پرسیارەکاندا باسی ئەوە دەپرسن ئەو بەرنامانەی ئێوە بە دڵتانن  چ کاتژمێرێک و بە شەو یان بە ڕۆژ بڵاو دەبنەوە؟

 

سەرچاوەیەک لە دەنگ و ڕەنگی مەهابادەوە بە تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەی ڕاگەیاند "پاش ئەوەی پرسیارنامەکان پڕكرانەوە دەچنەوە بەردەستی کاربەدەستە سەرەکییەکانی تەلەفزیۆنەکە و لە ڕێگەی ڕاوێژکارە تایبەتییەکانی خۆیانەوە کە سەر بە دەزگای ئیتلاعاتن لە پلانی کاری تەلەفزیۆنەکە دەگونجێندرێن".

 

سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد بەشێکی کاری دەنگ و ڕەنگی شارەکان ئێستا جێگرەوە سازییە، بەو واتایەی کە نمونەی ئەو بەرنامانەی خەڵک پێیان خۆشن و لە تەلەفزیۆنە کوردییەکانی حیزبەکان و بەشەکانی دیکەی کوردستان بڵاو دەبنەوە لە دەنگوڕەنگی شارەکان دروست دەکرێنەوە.

 

 ئامانج لەو کارەش بێ بەردەنگکردنی تەلەفزیۆنە کوردییەکانە کە کۆماری ئیسلامی بە مەترسی بۆسەر خۆیان دەزانێت و لەو نێوەدا چالاکانی فەرهەنگی کوردی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە لایەن مێدیای کۆماری ئیسلامی و بە پلانی وەزارەتی ئیتلاعات بەکار دەهێندرێن.