بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئەمریکا گەمارۆى دەخاتە سەر بەرپرسە پێشێلکارەکانى مافى مرۆڤ لە ئێران

ئەمریکا گەمارۆى دەخاتە سەر بەرپرسە پێشێلکارەکانى مافى مرۆڤ لە ئێران
AvaToday caption
posted onDecember 7, 2019
noبۆچوون

برایان هۆک بەرپرسى کاروباری ئێران لە وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا، پشتیوانی خۆی لە ناڕەزایەتی گەلانی ئێران بە گووتەی ناوبراو  "دژی ڕژیمی سەرکوتکاری کۆماری ئیسلامی" دەربڕی.

 

هۆک لە هەژماری تویتەری خۆیدا نووسی: دەمهەوێ ئەوڕۆ سەبارەت بە ناڕەزایەتی، ئازادی ڕادەربڕین و چاپەمەنی لە ئێران قسە بکەم. ڕێبەرانی ئێران بە پێی یاسای بنەڕەتی ئەو وڵاتە بەڵێنی پشتیوانی لە ئازادی ڕادەربڕین و چاپەمەنیان بە ئێران داوە و یاسای بنەڕەتی ئیزنی ئازادی پێکهێنانی کۆبوونەوە و ڕێپێوانی بۆ خەڵک دەرکردووە.

برایان هۆک لە درێژەدا نووسیویەتی: کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوو هەموو ئەو خاڵانەی مافی مرۆڤی پێشێل کردووە و لە کاتی خۆپێشاندانەکانی چەند حەوتووی ڕابردوودا بە شێوەیەکی دڕندانە لە دژی مافەکانی خەڵکی جووڵاوەتەوە و ئیزنی دەستپێڕاگەیشتنی خەڵک بە ئەنتەرنێتی نەداوە و خەڵکی سڤیلی کووشتووە. ئەمریکا بە تووندی ئەو کارەی کۆماری ئیسلامی مەحکوم دەکات و پشتیوانی لە خۆپێشاندەرانی ئەو وڵاتە بە مەبەستی هاتنە سەر کاری دەوڵەتێک کە بە راستی نوێنەریان بێت دەکات نە حکومەتێک کە لە لایەن گەندەڵانەوە و بە مەبەستی دابینبوونی بەرژەوەندی کەسانی گەندەڵ بەڕێوە دەبرێت.

هۆک لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردۆتەوە ئەمریکا سوور دەبێ لە سەر درێژەدان بە سیاسەتی بەرامبەر بە ئێران و گەمارۆی زیاتر بە تایبەت لەسەر ئەو کەسانەی بەشدارن لە سەرکوتی ئازادی ڕادەربڕینی خەڵک دادەنێ. هەر لەو چوارچێوەدا ئێمە گەمارۆ دەخەینە سەر محەمەد جەواد جەهرومی وەزیری پەیوەندییەکانی ئێران و ڕایدەگەیەنین گەمارۆی زیاتر لە دژی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەدایە.

بە گووتەی برایان هۆک کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵەکانی لە دژی ڕۆژنامەنووسان و  بنەماڵەکانیان لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران زیاد کردووە بە تایبەت لە دژی ڕادیۆ ئەمریکا، ڕادیۆ فەردا، بی بی سی فارسی، ئێران ئینتێرناشناڵ . لە درێژەدا گووتی ڕژیمی ئێران پێشینەیەکی ڕەشی هەیە لە گرتن و کووشتنی ڕۆژنامەنووسان و بۆیە ئێمە بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان لە لایەن ئەو ڕژیمە مەحکوم دەکەین.