بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئارژانتین داوای دەستبەسەرکردنی عەلی ئەکبەر ویلایەتی دەکات

ئارژانتین داوای دەستبەسەرکردنی عەلی ئەکبەر ویلایەتی دەکات
AvaToday caption
posted onNovember 12, 2019
noبۆچوون

ئارژانتین داوای لە کۆماری ئازەربایجان کردووە عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری کاروباری نێودەوڵەتی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر بکات و ڕادەستی ئەو وڵاتەی بکاتەوە. ویلایەتی لە تاوانبارە سەرەکییەکانی تەقینەوەی ناوەندی یەهودییەکانی ئارژانتینە کە تێیدا ٨٥ کەس کوژران.

 

ماڵپەری ڕۆژنامەی ئیسرائیلی جرۆزالم پۆست دۆینێ دوشەممە ٢٠ خەزەڵوەر بڵاوی کردەوە بڕیار وایە عەلی ئەکبەر ویلایەتی بۆ بەشداریکردن لە دانیشتنی ڕێبەرانی مەزهەبی جیهان ڕۆژانی ٢٣ و ٢٤ خەزەڵوەر سەردانی باکۆ پێتەختی ئازەربایجان بکات.

ئارژانتین داوای لە کۆماری ئازەربایجان کردووە عەلی ئەکبەر ویلایەتی کە تاوانبارە بە دانانەوەی بۆمب لە ناوەندی یەهودییەکانی بیونس ئایرس لە ساڵی ١٩٩٤ دەستبەسەر و ڕادەستی ئەو وڵاتە بکات. بە هۆی تەقینەوەی ئۆتۆمۆبێلێک لە ساڵی ١٩٩٤ لە ناوەندی یەهودییەکانی ئارژانتین "ئامیا" ٨٥ کەس کوژران و زیاتر لە ٣٠٠ کەس بریندار بوون.

ئەو تەقینەوە بوو بە هۆی خەسارەت گەیاندن بە ٤٠٠ یەکەی نیشتەجێبوون. ئەگەرچی هیچ گرووپێک ئەو تەقینەوەی وەئەستۆ نەگرتووە و کۆماری ئیسلامی ڕەتی کردۆتەوە دەستی تێدا هەبووبێت، بەڵام ئیسرائیل و لێکۆلەرانی ئارژانتین شوێنپێی ئێرانیان لەو ڕووداوە تیرۆریستییە دیتووەتەوە.

ویلایەتی کە لە سەردەمی تەقینەوەکەدا وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی بوو، تاوانبارە بە دەستتێدابوون لەو هێرشە تیرۆریستییە. ویلایەتی ئێستا ڕاوێژکاری ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و ئەندامی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی ڕژیمە.

 

ئارژانتین باڵیۆزی ئازەربایجانی بانگ کردووە

جرۆزالم پۆست بڵاوی کردەوە ئارژانتین شەوی هەینی باڵیۆزی ئازەربایجانی بانگ کردووە و نیگەرانی ئەو وڵاتەی لەمەر سەردانی ویلایەتی بۆ باکۆ ڕاگەیاندووە. دەوڵەتی ئارژانتین داوای لە دەوڵەتی ئازەربایجان کردووە لە کاتی چوونی ویلایەتی بۆ ئەو وڵاتە دەستبەسەر بکرێت و ڕادەستی ئارژانتین بکرێتەوە.

دوو ساڵ پێش لە ڕوودانی تەقینەوەی ئامیا و لە مانگی مارسی ١٩٩٢ بە هۆی تەقینەوەی ئۆتۆمۆبێلێکی بۆمبرێژکراو لە بەرامبەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە بوینس ئایرس ٢٩ کەس کوژران و ٤٤٢ کەس بریندار بوون. ئیسرائیل و ئەمریکا ئێران بە تاوانباری ئەو تەقینەوە دەزانن. ئارژانتین حیزبوڵا بە ئەنجامدەری تەقینەوەکە دەزانێ و ئەو ڕێکخراوەی خستووەتە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان.

عەلی ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی فەلاحیان و ویلایەتی کە بە پێی ڕیزبەند سەرکۆمار، وەزیری ئیتلاعات و وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی بوون و هەروەها ئەحمەد وەحیدی، مۆحسێن ڕەزایی، ئەحمەد ئەسغەری و موحسێن ڕەببانی کە بە پێی ڕیزبەند فەرماندەی ئەو کاتی سوپای قودس، فەرماندەی ئەو کاتی سوپای پاسداران، دەبیری سێیەمی باڵیۆزخانەی ئێران لە ئارژانتین و ڕاوێژکاری فەرهەنگی ئەو باڵیۆزخانە بوون و هەروەها چەند کەس و ڕێکخراوی لوبنانی وەک تاوانبارانی ئەو دۆسیە ناسێندران.

پۆلیسی ئینتەرپۆل بڕیاری دەستبەسەرکردنی عەلی فەلاحیان، مۆحسێن ڕەزایی، ئەحمەد ڕەزا ئەسغەری، ئەحمەد وەحیدی، مۆحسێن ڕەببانی و عیماند موغنیە سەرۆکی ئەو کاتی یەکەی چالاکی تایبەتی حیزبوڵلای لوبنانی دەرکردووە.