بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

تورکیە بەردەوامە لە بۆمبارانى ڕۆژئاوا

تورکیە بەردەوامە لە بۆمبارانى ڕۆژئاوا
AvaToday caption
posted onNovember 10, 2019
noبۆچوون

مانگێک دوای دەستپێبوونی هێرشی سەربازی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان شەڕێکی قورس لە نێوان ئەرتەشی تورکیە و هێزەکانی هەسەدە ڕووی داوە. جگە لە ڕووبەڕوو بوونەوەی هێزەکانی سوریەی دێموکرات لە گەڵ جیهادییەکانی تورکیە، هێزی ئاسمانی تورکیە لە تەلتەمەر و سەرێ کانی بۆردومانی پێگەکانی هەسەدە و ناوچە مەدەنییەکان دەکەن.

 

چاودێری مافەکانی مرۆڤی سوریە باس لە شەڕ و تێکهەڵچوونی قورسی نێوان هێزەکانی هەسەدە و سەربازانی تورکیە دەکات. دەگوترێ هێزەکانی تورکیە بۆردومانی ئاسمانیان بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کردووە. بە هۆی ئەم هێرشانە چوار سەربازی سوریە کوژراون و چەند شەڕڤانی ڕۆژئاوای کوردستان شەهید بوونە و سەرچاوەکانی هەسەدە باس لەوە دەکەن بە هۆی شەڕی ئەم دواییە هێزەکانی تورکیە و چەکدارەکانی سەر بە سوپای سوریە پێنج سەربازی سوریە کوژراون و ٢٦ کەسی دیکە بریندار بوون.

هەواڵدەری ئانادۆڵی بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک گووتویەتی تورکیە پابەندی ئاگربەستە. تورکیە باس لەوە دەکات لە دەستپێکی هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان توانیویەتی ٤٨٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە داگیر بکات. ڕاگەیاندنی تورکیە لەمەر پابەندبوون بە ئاگربەست لە کاتێکدایە کە ئێستا تورکیە هێرشێکی گەورەی بۆ سەر تەلتەمەر و زەرگان بەڕێوە دەبات و بە هیوای داگیرکردنی ئەو ناوچانەیە.

بۆردوومانیی

بە هۆی ئەو هێرشانە ڕۆژانە خەڵکی مەدەنى ڕۆژئاوای کوردستان لە کورد، عەرەب، سریانی، ئاشوری و ئەرمەنی ئاوارە دەبن.

هەر لە پەیوەندی بە ڕووداوەکانی سوریە بڕیار وایە لە پەرواێزی دانیشتنی ناتۆ، نوێنەرانی چوار وڵاتی تورکیە، ئالمان، فەرانسە و بەریتانیا لە کۆنفرانسێکیدا کۆ ببنەوە. ئەو کۆنفرانسە بە ئامانجی پێڕاگەیشتن بە ئاوارەکانی سوریە بەڕێوە دەچێت و درێژەی کۆنفرانسی وڵاتانی ناوبراوە لە ئیستانبوڵ.

ئیبراهیم کالن وتەبێژی دەوڵەتی تورکیە ڕایگەیاندووە ئامانجی ئەو کۆنفرانسە دیتنەوەی ڕێگەیەکی ئاشتیانەیە بۆ قەیرانی سوریە و دانانی ناوچەیەکی ئەمن لە نێوان تورکیە و سوریە. ئەوە لە کاتێکدایە کە دانیشتنی تایبەت بە نووسینەوەی یاسای بنەرەتی سوریە بە بێ ئاکام کۆتایی پێ هاتووە. لەو گرووپەدا نوێنەرانی دەوڵەتی ئەسەد و هەروەها نوێنەرانی ئۆپۆسۆسیۆن بەشدارن.

لە گرووپی نووسینەوەی یاسای بنەرەتی سوریەدا کوردەکان بەشدار نەکراون و هەسەدە ڕایگەیاندووە ئەوان ئەو گرووپە و ئاکامەکانی بە فەرمی ناناسن.