بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

هێرشى سایبرى ئەمریکا بۆ دامەزراوە نەوتی و ژێرخانە ستراتیژییەکانى ئێران

هێرشى سایبرى ئەمریکا بۆ دامەزراوە نەوتی و ژێرخانە ستراتیژییەکانى ئێران
تاران بە درۆى خستەوە
posted onSeptember 22, 2019
noبۆچوون

هەندێک لە ڕاگەیاندنە ڕۆژئاوایی و عەرەبییەکان، پشتبەستوو بە ڕاپۆرتى گرووپێک بە ناوى "نێت بلاکز" و بەڕێوەبەرەکەى "ئاڵپ تاکرز" کە بەدواى ژێرخانە ئەنتەرنێتییەکانەوەن، شەممە ٣٠ى خەرمانان/٢١ى سپتەمبەر باسى هێرشى سایبرى و نهێنى ئەمریکاى بۆ سەر هەندێک لە دامەزراوە نەوتى و ژێرخانە ستراتیژییەکانى وڵاتى ئێران کرد.

‌‏

ڕاگەیاندنە جیهانییەکان بانگەشەى ئەوەیان بڵاو کردەوە کە ئەم هێرشە سایبرییانە، کاردانەوەیەک بووە بە هێرشەکەى سەر دامەزراوە نەوتییەکانى کۆمپانیاى ئارامکۆ کە لە ٢٣ى خەرمانان درایە پاڵ ئێران. لەسەر بنەماى ئەم ڕاپۆرتانە، هێرشە سایبرییەکەى ئەمریکا هەینى ٢٩ى خەرمانان ژمارەیەک لە ژێرخانە ستراتیژى و دامەزراوە نەوتییەکان و هەندێک لە دامەزراوە ئەنتەرنێتییەکانى ئەو وڵاتەى کردووەتە ئامانج.

بەڵام "ناوەندى بەڕێوەبەرایەتى ڕێکارى ئیفتاى سەرۆکایەتى کۆمارى ئیسلامى"، بە خێرایی و ڕۆژى شەممە لە کاردانەوەیەدا، "ڕوودانى ئەم هێرشە سایبرییەى بە درۆ خستەوە" و لە هەمان کاتیشدا، "لە هەموو هەواڵدەرى و ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى کۆمارى ئیسلامى، یەکسەر و ڕۆژى شەممە دەستیان کرد بە ڕەتکردنەوە و بەدرۆخستنەوەى ئەو هەواڵە و داوایان لە خەڵکى کرد کە بێ پشتڕاستکردنەوەى هەواڵ هیچ کات بڵاوى نەکەنەوە.

بەم شێوەیە ئێران پاش "بەدرۆخستنەوە"ى وەها هەواڵێک، خوازیارى سانسۆڕى ئەم هەواڵە لە لایەن ڕاگەیاندنەکان و تەنانەت چالاکانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوو. وەزارەتى نەوتى ئێرانیش شەممە، بڵاوى کردەوە کە "هەموو چالاکییەکانى دامەزراوە نەوتییەکانى ئێران بەردەوام و پارێزراوە".

مارک ئیسپێر وەزیرى بەرگرى ئەمریکا هەینى ٢٠ى سپتەمبەر گوتى دۆناڵد ترامپ سەرکۆمارى ئەمریکا لە پاش هێرشى سەر دامەزراوە نەوتییەکانى عەرەبستان ڕازى بووە بە ناردنى هێزى سەربازى بۆ ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست.

ژەنەڕاڵ جۆزێف دانفۆرد سەرۆکى ستادى هێزە چەکدارەکانى ئەمریکاش بە گوتنى ئەوەى کە هێشتا بڕیار لەسەر ناردنى هێزەکانمان بۆ سعودیە و ئیمارات نەدراوە، باسى لەوە کرد کە بەرگرتن لە هێرشى سەر عەرەبستان تەنیا بە سیستەمى پەدافەندى ئاسمانى مەحاڵە و سەرکەوتوو نابێت.

دۆناڵد ترامپ  پێداگرى لەوە کردەوە کە سیاسەتەکانى خانەخوێی بەرامبەر ئێران نیشان دەدات، خۆ دەنا هەمووان دەزانن کە ئەرتەشى ئەمریکا لە  ئەرتەشە بەهێزەکانى دونیایە و ئەگەر بیهەوێت دەتوانێت بە چرکەیەک شەڕ هەڵگیرسێنێت، بەڵام ئەم کارە ناکات، ئەمەش نیشاندەرى هێزى ڕاستەقینەى دەسەڵاتى ئەمریکایە.

واپێدەچێت ڕۆژى هەینى لە کاتى پێدانى پێشنیارە جیاوازەکان لە لایەن پنتاگۆنەوە بە دۆناڵد ترامپى سەرکۆمارى ئەمریکا لەسەر ئێران، ترامپ لەگەڵ هێرشى سایبرى ڕازى بووبێت و ئەم هێرشەش بە یەکێک لەو پێشنیارانە دادەنێن.

حوسەین سەلامى فەرماندەى گشتیى سوپاى پاسداران، ڕۆژى شەممە هەڕەشەى لە ئەمریکا و وڵاتانى دیکە کرد کە ئەگەر بیر لە هێرشکردنە سەر ئێران بکەنەوە، ئێران "دەوەشێنێت و خێرا وەڵام دەداتەوە و بەرپرسیاریەتییەکەشى دەگرێتە ئەستۆ".