بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

هێرشەکەى ئێران بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکان پرسى گفتوگۆى پۆمپئۆ و بەرپرسانى سعودیەیە

هێرشەکەى ئێران بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکان پرسى گفتوگۆى پۆمپئۆ و بەرپرسانى سعودیەیە
AvaToday caption
posted onSeptember 18, 2019
noبۆچوون

مایک پۆمپئۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا کە لە پاش "هێرشە وێرانکەر"ەکەى ڕۆژى شەممە ٢٣ى خەرمانان/ ١٤ى سپتەمبەر بۆ سەر پاڵاوگە گەورەکانى عەرەبستان، گەیشتە ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست. ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٧ى خەرمانان/ ١٨ى سپتەمبەر لەگەڵ محەمەد بن سەلمان پاشاى عەرەبستان دەستى بە گفتوگۆ کرد کە پرسى سەرەکى گفتوگۆکەش ئێران و هێرشەکانى ئێران بوو بۆ سەر عەرەبستان.

وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا پاش عەرەبستان دەچێتە ئەبوزەبی تا لەگەڵ محەمەد بن زائید پاشاى ئیماراتى عەرەبی هەر لەسەر ئەم پرسە کۆ ببێتەوە.

حوسییەکان (لە زمانى ئێرانەوە) هەڕەشەیەکى جددیان کردووە کە ئەگەر ئیمارات پێى لە نێو قەیرانە شەڕاوییەکەى یەمەن نەکێشێتە دەرەوە، دامەزراوە نەوتی و شوێنگە گرنگ و ستراتیژییەکانیان هەروەک عەرەبستان دەخەنە بەر گورزى خۆیان. وەزارەتی دەرەوەى ئەمریکا پێداگرى لەوە کردەوە کە سەفەرەکەى پۆمپئۆ بۆ "هەماهەنگى بەرامبەر هێرشە وێرانکەرەکانى ئێران" دەستى پێ کردووە.

دۆناڵد ترامپ دووشەممە لە دیدارێکى لەگەڵ پاشاى بەحرەین کە هاتبووە کۆشکى سپى، لە کاتێکدا گوتى "واپێدەچێت ئێران لە پشت هێرشەکەى سەر عەرەبستانەوە بێت"، باسى لەوە کرد کە بۆ نیشاندان "کاردانەوەى خێرای" نییە و ئەو "بە دواى شەڕەوە نییە لەگەڵ کەس، بەڵام بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەیە و ئەمریکا لە هەموو سەردەمە مێژووییەکانى دیکە، ئامادەى شەڕە".

دۆناڵد ترامپ پێداگرى کردەوە کە ئەمریکا ئامادەى هاوکارییە بە هاوپەیمانەکانى، بەڵام عەرەبستان دەبێت تێچووى سەربازى ئەم پاڵپشتى و ئامادەبوونە بدات، عەرەبستان خۆى هێشتا بە فەرمى نەیگوتووە ئێران لە پشتى هێرشەکەوەیە، بەڵکو تەنیا ئەو چەکەى کە هێرشى پێ کرایە سەر دامەزراوە نەوتییەکەی، بە "ئێرانى" ناو بردووە، بەڵام هێشتا بێدەنگە لە ئاست ئەو قسەیەى سەرکۆمارى ئەمریکا کە گوتى دەبێت سعودیە تێچووى هاوکارییە سەربازییەکانى ئەمریکا دژ بە ئێران بدات.

پاشاى عەرەبستان پێشتر گوتبووى کە "وەڵاتەکەى دەتوانێت بەرگرى لە خۆى بکات".

وەزارەتى بەرگرى سعودیە گوتوویەتى کە "بەڵگەکانى دەستبوونى ئێران لە هێرشەکە، ڕۆژى چوارەشەممە ٢٧ى خەرمانان، "هاوکات لەگەڵ ئامادەبوونى وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا لە عەرەبستان" بڵاو دەکاتەوە.

لەم نێوەندەدا، وەزیرى وزەى سعودیە "بەڵێنى دا" کە تواناییەکانى بەرهەمهێنانى نەوتى وڵاتەکەى تا کەمتر لە دوو حەوتووى دیکە بگەیێنێتەوە بارى ئاسایی خۆى، بەڵێنێک کە پسپۆڕانى بوارى نەوت لەم بارەوە گومانیان هەیە و هەواڵدەرییە ئابوورییەکان نۆژەنکردنەوەى ١٩ شوێنى خاپووربووى ئەم دامەزراوە نەوتییانە تا چەند مانگى ئایندە بە کارێکى قورس دەزانن.