بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئیمپراتۆریەکەى ئەردۆغان بەرەو داڕمان دەچێت

ئیمپراتۆریەتەکەى ئەردۆغان بەرەو داڕمان دەچێت
AvaToday caption
posted onSeptember 11, 2019
noبۆچوون

عەبدوڵا گول، داوود ئوغلو و عەلی باباجان، سیاسەتڤان و بەرپرسانی پلەبەرزی پێشووی تورکیە بڕیار وایە پارتێکى نوێ دامەزرێنن. دوای ئاشکرابوونی کێشە ناوخۆییەکانی پارتى داد و گەشەپێدان، دامەزرانی ئەو حزبە نوێیە زۆر جدی بووەتەوە.

ڕۆژنامەی حورییەت بڵاوی کردووەتەوە ڕۆژی دووشەممە ١٨ خەرمانان دوای نیزیک بە پێنج کاتژمێر قسە و گفتوگۆ لە نێو ئەندامانی ڕێبەری پارتی داد و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان، بڕیار درا داود ئوغلو وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەو وڵاتە لە پارتەکە دەربکرێت.

داود ئوغڵو لە ماوەی ڕابردوودا سەبارەت بە دوور بوونەوەی ئاکەپە لە پێوەر و ئامانجەکانی و هەروەها هەڵوەشانەوەی هەڵبژاردنەکانی ئیستەنبوڵ لە لایەن ئەردۆغان ڕەخنەی لە پارتى داد و گەشەپێدان گرتبوو. هەروەها و لە لایەکی دیکە داود ئوغڵو بەرامبەر بە لەسەرکار لادانی شارەوانییە کوردییەکانی باکووری کوردستان بە تووندی ڕەخنەی لە ئەردۆغان گرتبوو.

زۆربەی بەرپرسانی پارتى دەسەڵاتدار بە تایبەت عەبدوڵا گول سەرکۆماری پێشووی تورکیە و عەلی باباجان جێگری سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتە کە هەردووکیان لە دامەزرێنەرانی پارتی داد و گەشەپێدانن ڕیزەکانی ئەو پارتەیان جێ هێشتووە. باباجان کە لە ڕابردوودا وەزیری ئابووری تورکیە بوو، یەکێک لە ڕەخنەگرانی بەرنامە ئابوورییەکانی ئەردۆغانە، ناوبراو لە ناو پارتى داد و گەشەپێداندا سەر بە ڕەوتی لیبراڵ و هاوڕای یەکیەتی ئەوروپایە.

ئەردۆغان دادەڕمێ

پارتی داد وگەشەپێدان دادەڕمێت

 

هەواڵدەری فەرانسە بە ئاماژە بە چوونەدەروەی یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆنی ئەو پارتە نووسیویەتی داد و گەشەپێدان بەرەو داڕوخان دەچێت.

عەلی باباجان، جێگری سەرۆکوەزیرانی پێشوو و وەزیری پێشووی ئابووری تورکیە ڕۆژی ١٨ خەرمانان ڕایگەیاند بە هۆی کێشەی قووڵ لە نێوان سیاسەتەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان و بایەخ و بەها و ئایدیاکانی، ئەو پارتەی بە جێ هێشتووە. هەواڵدەری فەرانسە لە درێژەدا نووسیویەتی: پارتى داد و گەشەپێدان لە سەرەتاکانی کارکردنی کاری دەکرد بۆ چاکسازی سیاسی و ئابووری و دوای بە دەستەوەگرتنی دەسەڵات لە ساڵی ٢٠٠٢ توانی ئابووری تورکیە لە قەیران ڕزگار بکات و پەرەى پێ بدات.

گەزى پارک

گۆڕانەکان لە گزەى پارکەوە دەستیان پێ کرد

لە دوای ناڕەزایەتییەکانی گزەی پارک لە ساڵی ٢٠١٣ هەلومەرج بەتەواوی لە تورکیە گۆڕا. ئەردۆغان هیچ ڕەخنەیەکی قەبوڵ نەکرد و دوای کودەتا ناکامەکەی ساڵی ٢٠١٦ دەستی کرد بە دژایەتی دژبەرانی و دانانی سیستەمی سەرۆکایەتی، بە تەواوەتی دەسەڵاتی خستە دەستی خۆی. ڕەخنەگران دەڵێن ئەردۆغان لە لایەن تاقمێک لە ڕاوێژکاران و خزمەکانی خۆی لەناو کۆشکەکەی گەمارۆ دراوە و زۆر بە زەحمەت وڵامی کارناسانی دیکە دەداتەوە.

سیماکانی پێشووی ئەو پارتە وەک عەبدوڵا گول و داوود ئوغڵوو لە لایەن پارتی داد و گەشەپێدان خراونەتە پەراوێزەوە. ئەوان لە لاوازبوونی دەسەڵاتی یاسا وەک لادانى شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و هەروەها لادانى سەرۆکی بانکی ناوەندی ناڕازین.

سی ئۆپۆزسیۆن

عەلی باباجان گووتویەتی ئێستا تورکیە پێویستی بە ستراتیژی و بەرنامەی نوێ هەیە. باباجان ساڵەکانی نێوان ٢٠٠٢ تا ٢٠٠٧ کۆڵەکەکانی گەشەی ئابووریی تورکیەی دامەزراند. میدیاکانی تورکیە گومان دەکەن سەرکۆماری پێشوی ئەو وڵاتە عەبدوڵا گول هەوڵ دەدات پارتێکى نوێ درووست بکات.

عەبدوڵا گول مانگی مەی لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ عەبدوڵقادر سلوی، ڕۆژنامەنووسى تورک گووتی بەتەمایە پارتێکی نوێ دابمەزرێنێ و لەو بارەوە لەگەڵ ئەردۆغان قسەی کردووە، بەڵام ڕادەوەستێ تا هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستەنبوڵ تەواو بێت. موراد سابونچی، ستووننووسی ناسراوی تورکیە باس لە بوونی جۆرێک لە پەشیمانى لەناو ئەندامانی پارتى داد و گەشەپێدان دەکات. بە گووتەی ئەو شرۆڤەکارە زۆربەی ئەو ئەندامانە پشیمانن کە بەرامبەر سیاسەتە سەرکوتکارانەکانی ئەردۆغان بێدەنگ بوون و ئێستا خوازیاری چاکسازین.

بەو حاڵەوە کاتێک سەبارەت بە بەرنامەکانی عەلی باباجان پرسیاری لێکرا، گووتی زۆر کەس ئەو ڕێگەیان گرتە بەر و شکستیان خوارد.