
ڕۆژی هەینی ٨ی خاكەلێوە، تێمی برووس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا كاردانەوەی بەرامبەر بە دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵی هاووڵاتیانی کورد لە ئێرانی بەهۆی بەشداریکردن لە ئاهەنگەکانی نەورۆز نیشان دا.
ناوبراو ڕایگەیاند کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ئاگاداری ئەو ڕاپۆرتانە هەیە و کۆماری ئیسلامی بە "یەکێک لە خراپترین پێشێلکارانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا" ناوبرد و ڕەخنەی لێگرت.
برووس لە وتەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە ڕێژیمی ئێران لە پێناو پاراستنی دەسەڵاتی خۆی پەنای بۆ سەرکوتی خەڵک بردووە و ماف و ئازادییە سەرەتاییەکانی لێ زەوت کردوون.
ناوبراو بە ئاماژە بە لەسێدارەدانی بەربڵاو، ئازاردانی کەمایەتییە ئایینی و نەتەوەییەکان و کەڵک وەرگرتن لە دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدانی ئارەزوومەندانە، وتی: کۆماری ئیسلامی لە هەموو وڵاتێکی جیهان زیاتر خەڵک بە ناڕەوا لە سێدارە دەدات و هەر دەنگێکی ناڕازی بە شێوازی پاوانخوازانە بێدەنگ دەکات.