بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

هۆک بۆ خەڵکی ئێران: بانگەشەکانی کۆماری ئیسلامی لەمەڕ گەمارۆکان درۆیە

هۆک بۆ خەڵکی ئێران: بانگەشەکانی کۆماری ئیسلامی لەمەڕ گەمارۆکان درۆیە
AvaToday caption
posted onJuly 27, 2019
noبۆچوون

برایان هۆک، نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کاروباری ئێران، لە پەیامێکی ڤیدیۆیی گوتی "بانگەشەکانی کۆماری ئیسلامی لەمەڕ گەمارۆکانی ئەمریکا دژی ئێران درۆیە" و ڕاستییەکانی گەمارۆکانی دەرخست.

وەزارەتی درەوەی ئەمریکا ڤیدیۆیێکی ۳:۱۸ خولەکی لە برایان هۆک لە هەژماری تویتەرەکەیدا بڵاو کردووتەوە کە لەوێ ڕاستییەکانی بۆ خەڵکی ئێران دەرخستووە. هۆک لەم پەیامە ڤیدیۆیەدا چوار بانگەشەی ناڕاستی ڕژێمی ئێرانی لە پەیوەندی لەگەڵ گەمارۆکان،  بە ئاماژەکردن  بە ڕەهەندەکانی ئەم گەمارۆیانە ڕوون کردووتەوە.

 

بانگەشەی یەکەم:

ئەمریکا گەمارۆی خستووتە سەر گواستنەوەی داودەرمان بۆ خەڵکی ئێران.

ڕاستییەکەی:

ئامریکا هەر جۆرە خزمەتگوزارییەک کە پەیوەندی بە داودەرمان و خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ خەڵکی ئێرانەوە هەبێت لێیخۆشبووە و گەمارۆی نەخستووتە سەر. بە پێ یاسای ئەمریکا، ڕێگەپێدانێکی گشتیی بۆ هەناردەکردنی کەرەستە پزیشکییەکان لە ئەمریکاوە بۆ خەڵکی ئێران لە ئارادایە. ئەمریکا ڕێزی زۆر لە خەڵکی ئێران دەگرێت و نایهەوێ پێش بە خەڵکى ئێران بگرێت بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە کەرەستە و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان.

خەڵکی ئێران چاک دەزانن کە کێشەی سەرەکی بۆ پێشگرتنی ئەوان بەم خزمەتگوزارییانە، ڕژێمی ئێرانە. لە کۆمەڵگای پزیشکی ئێران، دەنگۆ و ڕاستیگەلێک هەن سەبارەت بەمەی کە ڕژێمی ئێران و سوپای پاسداران خەریکی ئەنبارکردنی داودەرمانن تا خۆیان بە بەهایێکی زۆرترەوە بیفرۆشن و سوودی لێوەرگرن.

 

بانگەشەی دووەم:

ئەمریکا گەمارۆی خستووتە سەر هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بۆ نێو ئێران.

ڕاستییەکەی:

ئێمە گەمارۆمان نەخستووتە سەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان.  دەتوانین ئەمەش لە بەرنامە ڕەشنووسى نووسینگەی کۆنترۆڵی داراییە بیانییەکانى وەزارتی خەزێنەداری چاو لێ بکەن کە بە شێوەیێکی ئازاد لە بەردەمی گشتییدایە و بڵاو کراوەتەوە.

 

بانگەشەی سێیەم:

ئەمریکا گەمارۆی خستووتە سەر تەکنۆلۆژیای پەیوەندیدار لەگەڵ پەیوەندییەکانی ئێران.

ڕاستییەکەی:

ئەمریکا گەمارۆ ناخاتە سەر هاردوێر، سۆفتوێر و خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندیدار لەگەڵ پەیوەندییە تاکەکەسییەکان. ئێمە بە پێچەوانەی ڕژێمی ئێرانەوە، بڕوامان بە گەشتی تەواو و ئازادانەی پەیوەندییەکان و زانیارییەکان هەیە. بۆ وێنە، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی دێتە ئەمریکا کە لە بەرەکەتی ئازادییە میدیاکانی ئەمریکا سوود وەرگرێت. ڕەنگە ڕۆژێک ئەویش ئیزن بە ئێوە بدا کە سوود لە بەرەکەتی میدیای ئازاد وەربگرن.

ئێوە مافی دەستوێڕاگەیشتن بە زانیاریتان هەیە و دەبێ بتوانن پەیوەندیتان لەگەڵ دونیا هەبێت. ئەمە ڕژێمی ئێوەیە کە ڕازی بەمە نییە.

 

بانگەشەی چوارەم:

ئەمریکا ڕێگای هەناردەکردنی هاوکارییە مرۆییەکانی بۆ خەڵکی ئێران داخستووە.

ڕاستییەکەی:

کەرتی خزمەتگوزارییە مرۆڤدۆستانەکان کەوتووتە بەر  لێخۆشبوونی گەورە و تەواوى ئەمریکا. لە ڕاستیدا ئەمریکا تا ئێستا بە دەیان جار پێشنیاری خزمەتگوزاریی مرۆڤدۆستانەی خستووتە بەردەستی ئێران، بەڵام ڕژێمی ئێرانیش بەدەیان جار ئەم پێشنیارانەی ڕەت کردووتەوە. چونکە بۆ ئەوان بەروپێشبردنی ئایدیۆلۆژیاکەیان گرنگترە لە ئاسایشی خەڵکەکەیانە.

 

ڕاستیی گەمارۆکان ئەمەیە:

ئەمریکا گەمارۆی خستووتە سەر ئەکتەرانی خراپی ڕژێمی ئێران؛ نەک داودەرمانە جۆراوجۆرەکان، بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، کەرەستە پەیوەندییەکان و یان هاوکارییە مرۆییەکان کە بەنیازی سوودوەرگرتنی خەڵکی ئێران هەناردە دەکرێن.

دۆناڵد ترامپ سوورە لە سەر پاڵپشتیکردنی خەڵکی ئێران و بەهیوای گەیشتنی ڕۆژێکی باشترە لە ئایندەدا؛ ڕۆژێک کە خەڵکی ئەم دوو وڵاتە بتوانن پەیوەندییە دیپلۆماتیکییەکانیان دەست پێ بکەنەوە و بیرمەندانی دوو وڵات بتوانن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵکی ئێران و لە بەرژەوەندی جیهان، هاوکار بن.

 

لینکى قسەکانى برایان هۆک لە تویتەرى فەرمى حکومەتى ئەمریکا:

https://twitter.com/i/status/1154041364490801152