بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

جەمیل بایەک: ئێستا کاتى ئاشتییە

جەمیل بایەک: ئێستا کاتى ئاشتییە
AvaToday caption
ئێستا کاتى ئاشتى نێوان کورد و دەوڵەتى تورکیەیە با بەفیڕۆى نەدەین
posted onJuly 4, 2019
noبۆچوون

 

جەمیل بایک یەکێک لە پێنج دامەزرێنەرانى پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە)یە.

کێشەى نێوان کوردەکان و دەوڵەتى تورکیە لە سەردەمێکى چارەنووسسازدایە و ئێستا چانسى ئەوەمان هەیە کە ئەم کێشە درێژخانەیە ڕێگەچارەیەکى درێژمەوداى بۆ بدۆزینەوە. ئەگەر ئەم چانسە لەدەست بدەین، لەوانەیە بۆ نەوەیەکى دیکە چانسێکى وەهامان بۆ پێش نەیێتەوە.

لە سەرەتاى دەستپێکى کۆمارى تورکیە لە ساڵى ١٩٢٣ى زایینى، کوردەکان هەوڵى ئەوەیان داوە کە وەک هاووڵاتییەکى تورکیە بناسرێن. هەزاران شێوازى زوڵم و زۆر و هەڵاواردن بینیوە. پاش پێنج دەیە لە هەوڵى بێوچان بۆ پێشخستنى سیستەمێکى سیاسى، ئێمە جگە لە خەباتێکى چەکدارانە هیچ بژاردەیەکى دیکەمان نەبوو.

پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) لە ساڵى ١٩٧٨ دامەزرا. لە ساڵى ١٩٨٤ دەستى بە شەڕى گریلایی کرد، لە کاتێکدا دەوڵەتى تورکیە هەوڵى دا نەتەوەپەرەستى و ئیلامى سیاسى بۆ سەرکوتى خەباتەکەمان بەکار بهێنێت، حزبەکەمان خوازیارى ئازادى گەلان و ئایین بووە. لە ساڵى ١٩٩٩ تورکیە ڕێبەرى تورکیە لە ئۆپەراسیۆنێک کە لە لایەن ئەمریکاوە پاڵپشتى دەکرا، دەستبەسەر کرد و مەحکووم کرا بە زیندانیی هەتاهەتایی لە دورگەى ئیمرالى. شوێنێک کە نزیکەى ٢٠ ساڵە لە زیندانى تاکەکەسیدایە.

دەستگیرکردن و زیندانیکردنى عەبدوڵا ئۆجەلان هاوکات بوو لەگەڵ بەهێزبوونى حیزبی داد و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتى ڕەجەب تەیب ئەردۆغان. ئەردۆغان و حزبەکەى بە درووشمى دیموکراسى و مافى مرۆڤ و دادپەروەرى، ڕاى خەڵکیان بۆ ڕاکێشا، بەڵام چەند ساڵ دواتر، کاتێک لەسەر کوردەکان پرسیاریان لە ئەردۆغان کرد، گوتى "ئەگەر بیرى لێ نەکەنەوە، شتى وا نییە"، بەڵام هێشتا ئەو کێشەیە هەیە.

ئێمە بە نیەتێکى پاکەوە، چەندین جار هەوڵى دانوسانمان لەگەڵ دەوڵەت دا هەروەک ڕاگەیاندنى ئاگربەست، بەڵام بەڵێنەکانى دەوڵەت بۆ ئاشتى تەنیا تا ئەو کاتە بڕى دەکرد کە لە بەرژەوەندى ئەوان دەشکایەوە. لە ساڵى ٢٠١٢، سەرەڕاى لەمپەرى زۆر، پەکەکە ئاگربەستى جێبەجێ کرد. پەکەکە هەموو سەرباز و پۆلیسە دەستبەسەرەکانى تورکیەى ئازاد کرد و هەروەها هێزەکانمان وردە وردە لە نێو خاکى تورکیە کشانەوە. ئەمە دەروازەیەکى بۆ دانووسان کردەوە.

لە ٢٨ى فێبریوەرى ٢٠١٥، پاش دووساڵ گفتوگۆ، نوێنەرە کوردەکان و دەوڵەتى تورکیە گەیشتنە ڕێککەوتنێک لەسەر بەرقەرارکردنى ئاشتى، بەڵام کاتێک ئەردۆغان تێگەیشت ئەم گفتوگۆیانە لە بەرژەوەندى حزبەکەى نییە لە هەڵبژاردنى ئایندەدا، جارێکى دیکە شەڕى هەڵبژاردەوە. چاوپێکەوتنە بەردەوامەکانى نوێنەرانى دەوڵەتى تورکیە و ڕێبەرەکەى ئێمە کۆتایی پێ هات و شەڕ بە گوڕێکى نوێوە، بەردەوام بوو. زرێپۆش و فڕۆکە جەنگییەکان، دە شارى کوردییان خاپوور کرد. ئەرتەشى تورکیە بێ بەزەییانە، سەدان کەسى مەدەنیان لە ژن و منداڵ و بەتەمەنەکان کوشت. تەنانەت هێزە ئەمنییەکان نەیانهێشت کە خەڵک تەرمى کەسوکارە کوژراوەکانیان وەربگرنەوە.

واشنتۆن پۆست

ڕووپەڕى ماڵپەڕى واشنتۆن پۆست کە وتارەکەى جەەمیل بایکى بڵاو کردووەتەوە.

جارێکى دیکە دەوڵەت بە دواوى ئەوەوە بوو کە گورزێکى کوشندە لە خەڵکى کورد بدات ئەویش لە ڕێگەى توندئاژۆیی ئایینى و فاشیزمەوە بوو و دواجار قوربانییەکەى دیموکراسى و ژیانى خەڵکى مەدەنى بوو.

بەم شێوەیەى کە ئێستا هەیە، دەوڵەتى داد و گەشەپێدان، نە تەنیا بۆ کوردەکان، بەڵکو مەترسییە بۆ سەر ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست و هەموو دونیا. ئێستا ئەردۆغان، شۆڕشى دیموکراتیکى کوردەکانى سوریا و شکستى دەوڵەتى ئیسلامى (داعش) وەک مەترسییەک بۆ سەر سیاسەتى دەوڵەتى تورکیە بەرامبەر کوردەکان و دەسەڵاتەکەى خۆشى دەبینێت. ڕێکخراوەکەى ئێمە خوازیار ئازادى هەموو خەڵکى سوریە و دیموکراسییەکى ڕاستەقینەیە لەو وڵاتە.

ئێستا کوردەکان، عەرەبەکان و ئاشوورییەکان لە باکوورى ڕۆژهەڵاتى سوریە، ئۆتۆنۆمییەکى دیموکراتیکیان دامەزراندووە کە لە تیۆرییەکانى عەبدوڵا ئۆجەلانى زیندانیکراوەوە سەرچاوەیان دەگرت. ئێمەیش هەڵەى خۆمان سەرە ئەم پرسانە هەبووە، ئێمە زۆر سادە بووین کە بیرمان دەکردەوە کێشەى کوردەکان دەتوانرێت بە گفتوگۆ لەگەڵ حزبەکەى ئەردۆغان چارەسەر دەکرێت، بۆ چارەسەرى کێشەیەکى ئاوا ئاڵۆز و پەیوەست بە کێشەکانى دیکەوە، ئێمە دەبوو هەوڵێکى زۆرتر بدەین بۆ ئەوەى کە هێزە دیموکراتیکەکانیش پشکدار بکەین.

ئێمە دەبوو، هێزە دیموکراسیخوازەکانى ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست و دونیامان کۆ کردبایەوە تا بەشدار بن لە دیموکراتیزەکردنى تورکیە و چارەسەرى کێشەى کوردەکان. ئەگەر تا ئێستا هیچ تێکنەگەیشتنێک لەسەر ئەم خاڵە هەبووە، ئێمە جارێکى دیکە ڕایدەگەیێنین کە پابەندین بە دانووسان و گفتوگۆ لەسەر چارەنووسێکى سیاسى بۆ کێشەى کورد لە نێو سنوورى تورکیە.

جارێکى دیکە ئەو شتانەى پێشتر وتوومانە، ئێستا دووپاتى دەکەینەوە کە ئۆجەلان دانووسانکارى سەرەکى ئێمەیە و ئێمە کۆکین لەسەر هەموو خاڵەکانى دواهەمین ڕاگەیێنراوى ئۆجەلان و هەروەها پێداگرى لەوە دەکەینەکە بۆ دڵنیابوون لە ئاگربەستێکى درێژخایەن، تواناى ئۆجەلان بۆ کارکردن و بەشداریکردنى ئازادانە بۆ ئێمە زەروورییە. بۆ ئەوەى کە وردتر بم، ئەو (ئۆجەلان) دەبێت لە ئیمرالییەوە بگوازرێتەوە بۆ ماڵێکى پارێزراو. بەرژەوەندى دونیا لەوەدایە کە پاڵپشتى ئامانجەکانى ئێمە بێت. کێشەکانى ئەمڕۆى تورکیە، کێشەى سیاسین. ئەم قەیرانە، لە ئەنجامى سیاسەتى پووچى ١٠٠ ساڵەى کۆمارى تورکیە بەرامبەر کوردەکان سەرچاوەى گرتووە. کێشەیەک کە پەیوەندى ڕاستەوخۆى لەگەڵ کێشە ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانییەکانى تورکیە هەیە.

هەر لەسەر ئەم بابەتە، تورکیە پێویستى بە تێگەیشتنێکى نوێ لەسەر میللەت هەیە کە جێگاى سەرجەم گەل و پێکهاتە کەلتوورییەکان هەبێت. ئەم هەنگاونانە دەبێت لە نێو سیستەمێکى کارگێڕی نوێ و دوور لە ناوەندگەرایی ئەنکەرە بێت کە فرەڕەنگییە مێژووییەکانى تێدا ڕەنگ بداتەوە. بە چارەسەرکردنى کێشەى کوردەکان، تورکیا دەتوانێت ڕۆڵێکى کاریگەرى هەبێت لە بەرەوپێشبردنى دیموکراسی و سەقامگیرى و ئاشتى لە ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست، بەڵام تورکیە تا ئێستا خۆى لەم کارە بواردووە.

لە لایەکى دیکەوە، ئێمە بەردەوامین لە هەوڵدان بۆ دیموکراتیزەکردنى ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست لە ڕێگەى دیموکراتیزەکردنى تورکیەوە.

 

 

* لە ئینگلیزییەوە: ئاڤاتودەى
* لینکى وتارەکە بە ئینگلیزى:
 https://www.washingtonpost.com/opinions/2019/07/03/now-is-moment-peace-between-kurds-turkish-state-lets-not-waste-it/?noredirect=on&utm_term=.934042616f8f