بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

کۆمارى ئیسلامى لە ترسى ئاشکرابوونى سەندووقە بەتاڵەکانى، بانگەشەى بەشدارى ٢٨ ملیۆن کەس دەکات

کۆمارى ئیسلامى لە ترسى ئاشکرابوونى سەندووقە بەتاڵەکانى، بانگەشەى بەشدارى ٢٨ ملیۆن کەس دەکات
AvaToday caption
posted onJune 19, 2021
noبۆچوون

حکومەتی کۆماری ئیسلامی بانگەشەی ئەوەدەکات کە ٢٨ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەس بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە و ئیبراهیم ڕەیسی بە بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگەکان سەرکەوتووی هەڵبژاردنەکانە.

کاتژمێر ٠٢:٠٠ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری و هاوکات ئەنجومەنەکانی شار و گوندەکان، لە ئێران کۆتاییهات و دەستکرا بە جیاکردنەوەی دەنگەکان. کەمێک لەمەوبەر و دوای ٩ کاتژمێر لە کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان، جەمال عەرەف جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران، بانگەشەی ئەوەی کرد کە ٢٨ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەس بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە، ئەوەش دوای جیاکردنەوەی ٩٠٪ی دەنگەکان.

عەرەف بە ئاماژەدان بەوەی، کە تا ئێستا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان دیار نییە، بانگەشەی ئەوەشی کردووە کە ئیبراهیم ڕەئیسی لە کۆی دەنگە جیاکراوەکاندا ١٧ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دەنگی بەدەستهێناوە و لە ئێستادا سەرکەوتووی هەڵبژاردنەکانە. عەرەف هەروەها وتوویەتی: موحسین ڕەزایی بە سێ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دەنگ، عەبدولناسر هیمەتی بە دوو ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دەنگ و ئەمیر حسێن قازی زادەی هاشمی بە یەک ملیۆن دەنگ، لە پلەکانی دوای ئەودان.

جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران، هەروەها ڕایگەیاندووە، ئاماری کۆتایی و ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، لەلایەن وەزیری ناوخۆوە ڕادەگەیەندرێت.

هەرچەند ئەنجامەکان ڕانەگەیەندراوە، بەڵام کاندیدەکانی دیکە پیرۆزبایی سەرکەوتنیان لە ئیبراهیم ڕەئیسی کردووە، کە یەکەم کەسیشیان محسێن ڕەزایی بوو.
ئەمە لە کاتێکدایە کە خەڵکی ئێران بە گشتی و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی، هاوکات لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئێران و ڕێکخستنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەیان بایکۆت کردبوو.

بەپێی ئەو ڤیدیۆ و وێنانەی کە دوێنێ تا درەنگانی شەو لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە و هەروەها ئامارە نافەرمییەکان کە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی ئێرانییەوە بڵاودەکرێتەوە، ڕێژەی بەشداریی خەڵک لەم هەڵبژاردنەدا زۆر کەمتر بووە لە هەموو هەڵبژاردنێکی دیکە لە مێژووی ئێراندا.