بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

کۆمارى ئیسلامى لە قەیرانە ئابوورییەکان تۆقیوە

کۆمارى ئیسلامى لە قەیرانە ئابوورییەکان تۆقیوە
سوپاى پاسداران بۆ تێکنەشکانى ئابوورییە سەربازییەکەیان دەیهەوێت کۆمپانیاکانى بفرۆشێتە کەرتى تایبەت
مەترسییەکى گەورە هەیە لەسەر مایەپووچبوونى کۆمپانیاکانى سوپاى پاسداران
posted onSeptember 1, 2018
noبۆچوون


چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن "داخستنى پتر لە 130 کۆمپانیاى وەزارەتى بەرگرى کۆمارى ئیسلامی ئێران، کە لە بوارەکانى گواستنەوە وزە و بیناسازی کار دەکەن، قوڵایی قەیرانەکانى دەسەڵاتى ئەو وڵاتە دەردەخەن، کە ڕووبەرووى بووەتەوە و، هەموو لایەنەکان لە بەرپرسیارێتى هەڵگرتنى قەیرانەکان هەڵدێن".

 

ئەمیر حاتەمی، وەزیرى بەرگرى بۆ بیانووهێنانەوە بە داخستنى ئەو کۆمپانیانە رایگەیاندووە کە "هەوڵدانێکى بۆ کەمکردنەوەى رۆڵى هێزى سەربازییە لە ئابوورى ئێراندا". ئامادەیی نیشان داوە سەدا 72ى پشکى پرۆژە و کۆمپانیاکانیان رادەستى کەرتى تایبەتى ئێران بکات.

پێدەچێت لایەنە سیاسییەکان لە پێشبڕکێیەکى توونددا بن، بۆ ئەوەى لە بەرپرسیارێتى قەیرانەکان خۆیان بدزنەوە، کە لە کاتێکدایە تۆمەتبەخشینەکان سەری چەندین گەورە پیاوانى وڵاتەی خواردووە، لە نێویاندا مەسعوود کرباسیان وەزیرى ئابوورى و عەلى رەبیعی وەزیرى کار و بەرپرسانى بانکى ناوەندی تاران بوونە قوربانی.

بەرەنگاربوونەوەکان دوێنێ گەیشتە لووتکە کاتێک حەسەن ڕوحانى سەرۆککۆمار لە بەردەم پەرلەمانى وڵاتەکەى ئامادە بوو و بیانووری داڕمانى خێرای ئابوورییەکەى خستە ئەستۆى کشانەوەى ئەمریکا لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەى 2015. بەهاى تمەن کە لە دواى هەڕەشەو سزاکانى ئەمریکا بە شێوەیەکى بەرچاو تووشى داڕمان بووەوە، ئاڵۆزی زیاتری بۆ ئابوورى تاران دروست کرد و، رێژەى بێکاریی بە پێی ئامارە نافەرمییەکان گەیشتۆتە سەدا 80ى دانیشتووان، سەرشێوانی لە نێو بەرپرسانى ئەو وڵاتە دروست کردووە.

زۆربەى پەرلەمانتارانى ئەو وڵاتە لەکاتى لێپرسینەوە لەروحانى، هیچ قەناعەتیان بەوەڵامەکانى ئاڵۆزییە ئابوورییەکان نەبووەو، هەڕەشەى ئەوەشیان کردووە "بەرەنگارییەکانیان بەرامبەر حکومەت بەرزتر بکەنەوەو، سەرجەم کەیسەکانی گەندەڵیش ڕادەستى دادگا بکەنەوە".

دواى رێکەوتنى ئێران و شەش وڵاتى زلهێزی جیهانى لە تەمموزی 2015، لایەنەکانى دەسەڵات و دامەزراوەکانى سوپای رژێم و سوپاى پاسداران پێگەکانى خۆیان لەنێو کەرتى ئابوورى ئێران پتەوتر کرد، ئەو کات ئومێدەواری ئەوەیان هەبوو سزاکان لەدواى ساڵێک لەرێکەوتنەکە سزاکان سووک بکرێتەوە".

دوو ساڵ پێش ئێستا کۆمەڵێک بەڵێنى پێشکەوتن و سەرکەوتنى پیشەسازی و ئابوورى لە داهاتى نەوتیان بە هاووڵاتیان بەخشى، پێشبینى ئەوەشیان کردووە "زانیاری نوێی تەکنەلۆژی رۆژئاوایان دەست بکەوێت"، بەڵام ئەمرۆ هەموویان رکابەرى دەکەن بەئاراستەى پێچەوانەوە هەنگاو بنێت، بەتایبەت دواى ئەوەى بەڵێنەکان بوونە هەڵم.

ئێستا هەموو لایەنێکى نێو تاران بەدواى کەسێک دەگەرێن بیکەنە قوربانى و، لە توڕەیی شەقامی ئێراندا هەڵبێن، کەهەموو لایەنەکانى خستۆتە نێو یەک سەبەتەى گەورەى بەرپرسی داڕمانى ئاستى بژێوییان، کەپێشکەشکردنى خزمەتگوزارییەکانیش تووشى ئاڵۆزی بووە. بەشێک لەو لایەنانەى نێوخۆى ئێراندا ددان بەشکستەکانیان هێناوەو، کۆمەڵێک بەڵێنى ئەوەشیان داوە کێشەکان چارەسەر بکەن، بۆ ئەوەى تاڕادەیەک توڕەیی شەقام بڕوێننەوە.

تەنانەت عەلى خامەنەئی، رابەرى باڵاى کۆمارى ئیسلامى ئێران دانى بەوە ناوە " کێشە ئابوورییەکانى وڵاتەکەى بەخۆى خراپی بەرێوەبردن و سزا ئابوورییەکانى ئەمەریکاوە بووە".

قۆناغی یەکەمى سزا ئابوورییەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان لە 7 ئاب (خەرمانان) چووە بوارى جێبەجێکردنەوە، کە قەدەغەکردنى ئاڵوگۆری بازرگانى بە دۆلار و، قەدەغەکردنى کەرتى ئۆتۆمبێل، بانکی و تەکنەلۆژیا و، پیشەسازی لەخۆ گرتبوو، چاوەڕوانیش دەکرێت لەتشرینى دووهەم (خەزەڵوەر)ـیش کەرتى وزە و نەوت بخرێتە نێو ئابڵووقەکانى ئەمریکا.

حکومەتى تاران ئێستا لە نزیکبوونەوەى قۆناغی دووهەمى سزاکان تۆقیوە، کە مەترسییەکى گەورەى بۆ ئابوورییەکەى هەیەو، ئەگەری ئەوەی لێدەکرێت، ئاڵۆزییە ئابوورییەکان بچێتە قۆناغێکى مەترسیدارەوە. لە ساڵانى رابردوو کۆمپانیا نزیکەکان لەرابەرى باڵا و سوپاى پاسداران، پاوانخوازییەکى فراوانیان بەسەر کەرتى ئابوورییدا کردووە و، بووەنە هۆکارێک بۆ داڕمانى بنەما ئابوورییەکانى ئەو وڵاتەو، ئێستا بەهۆى نەبوونى نەختینەى پێویست دەستبەرداری پرۆژەکانیان بوونە.

بەرپرسانى تاران بۆ دابینکردنى نەختینەى پێویست کۆمەڵێک هاندانى پێویستیان خستۆتە بەردەم کەرتى تایبەت، بۆ ئەوەى پرۆژە پەکخراوەکانیان دووبارە بە گەڕ  بخەنەوەو، پاڵپشتیەک بۆ ئابووریش دروست بکەنەوە. ئێستا زۆربەى ئێرانییەکان لە ترسی داڕمانى زیاترى بەهاى دراوەکانیان دەست بۆ بەدەستهێنانى دراوى بیانى دەبەن، تەنانەت دیناری عێراقی، کەئێستا لەرێگەى بەرزبوونەوەى ژمارەى گەشتیارانى عێراقی بۆ وڵاتەکانیان بینیوەو، هەوڵدانێکیشە بۆ پاراستنى پاشکەوتى داراییە بۆ دراوەکانیان.