بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

هەناردەی نەوتی ئێران لە سفر نزیک بووەتەوە

هەناردەی نەوتی ئێران لە سفر نزیک بووەتەوە
AvaToday caption
posted onJune 25, 2019
noبۆچوون

 

"ئەمێریتا سێن" لێکۆڵەری وزەی سپێکت لە وڵامی ئەم پرسیارە کە ئایا دەتوانین چاوەڕێ ئەوە ببین کە ڕەوتی نزمبوونەوەی هەناردەی نەوتی ئێران تا گەیشتن بە ئاستی سفر درێژەی هەبێت، گوتی: بەڕای من ئێران هەر ئێستاش بە سفر نزیک بووەتەوە.

 

ئێران ڕەنگە بتوانێ تا ۹۰۰ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا باری کەشتییەکانی بکا، بەڵام توانیوە تەنیا دوو باری نەوت لە ڕێگای تورکیاوە بۆ سووریا هەناردە بکات و دوو نەوتهەڵگری دیکەی ئێران هێشتا لە نزیکی چین سەرلێشواون و بارەکەیان بەتاڵ نەکردووتەوە.  بەوتەی ئەمێریتا سێن، ئەمەش بەواتای ئەوەیە کە زۆرترین هەناردەی نەوتیان تا ۲٥۰ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدایە و ڕێژەی هەناردەکان لە مانگی جۆزەردان بەپێ زانیارییەکان کە لە شوێنهەڵگرتنی نەوتهەڵگرەکان پێمان گەیشتووە، تەنانەت کەمتر لە ۱۰۰ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا بووە.

بە بڕوای ئەم لێکۆڵەرە، بەهای نەوت لە بازاڕەکانی جیهانیدا هێشتا پیشاندەری نزمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە لایەن ئێران و ڤەنزوێلاوە نییە و ئەم بازاڕەش چاوەڕێ دیدار و چاوپێکەوتنی سەرکۆمارانی ئەمریکا و چین و ئەنجامەکەیە. ئەمێریتا سێن لە درێژەی قسەکەیدا گوتیشی کە جێگرەوە کردنی نەوتی ئێران بۆ وڵاتانی گەورەی بەرهەمهێنەری نەوت وەک عەرەبستان و ئیمارات کارێکی هاسان نییە و تا ئەو کاتەی کە بەهای نەوت هەڵکشانێکی بەرچاوی نەبێت بەدووری دەبینم کە لە کۆبوونەوەی دوایی ئۆپێک، ئەندامەکانی ئەم دامەزراوە بڕیار لەسەر ئەوە بدەن کە ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتیان بەرزبکەنەوە.

نەوت

بەپێ لێکۆڵینەوەی تاقمێک لە پسپۆڕانى پاپۆڕەوانى و نەوت، ڕێژەی کۆکردنەوە و ئەنبارکردنی نەوت لە لایەن ئێرانەوە لە مانگی جۆزەردانەوە تا ئەو ڕادەیە بەرز بووەتەوە کە نێونجی کۆکردنەوە و ئەنبارکردنی کورتخایەنی نەوتی جیهانی گەیاندووتە بەرزترین ئاستی خۆی لەماوەی ئەم دوو ساڵەی دواییەدا.

ڕۆژی دووشەمە ۲٤ی جۆزەردان، پاش زیاتربوونەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا،  ئاستى هەناردەی نەوتی ئێران نزمبووەتەوە بۆ ۳۰۰ هەزار بەرمیل لە ڕۆژ و تەنانەت کەمتر لەوەش. پێش دەسپێکردنی گەمارۆ نوێیەکانی دەوڵەتی ترامپ، هەناردەی نەوتی ئێران ۲ ملیۆن و ۷۰۰ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا بوو.