بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

مایەپووچی ڕێکخراوەی بیمەى کۆمەڵایەتی نزیکە

مایەپووچی ڕێکخراوەی بیمەى کۆمەڵایەتی نزیکە
AvaToday caption
بەڵگەیێک لە دۆخی ماڵی و نزیکبوونەوەی مایەپووچی ڕێکخراوەی بیمەى کۆمەڵایەتی!
posted onJune 1, 2019
noبۆچوون

 

لە داهاتوویێکی نزیکدا ڕێکخراوەی بیمەى کۆمەڵایەتی بەهۆی کەمبوونی لەڕادەبەدەری بودجە، توانای پێدانی مووچەی زیاتر لە ٦ ملیۆن خانەنشینکراوی مووچەخۆری نامێنێت! دوێنێ هەینی ١٠ى جۆزەردان، ماڵپەڕی ڕێکخراوەی بیمەى کۆمەڵایەتی لەلایەن گرووپێکی هاکری پێشینەدارەوە هاک کرا. لەم ڕووداوەدا، جیا لە کەوتنەمەترسی زانیارییەکانی زیاتر لە ٤۲ ملیۆن کاربەری ئەم ڕێکخراوە، بەڵگەیێکی گرنگ و سەرنجڕاکێش کە دۆخی ماڵی ئەم ڕێکخراوە گەورەی ئابوورییە، بە شێوەی ڕوون ئاشکرا دەکا، لەقاو درا.

 

بەپێ ئەم بەڵگەیە، کە نامەی سەرپەرشتی ئابووری و پلانداڕێژی ڕێکخراوەکە بۆ سەرپەرشتی ڕێکخراوەی بیمەى کۆمەڵایەتی بوو، باسی دڵەڕاوکێ خۆی لە دۆخی ئابووری ئەم دامەزراوە کردبوو و هۆشداری دابوو کە پێنەدانی پارەی ناوەندە دەرمانی و نەخۆشخانەکان، بووەتە هۆی پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکانی بیمەکراوان و ناوەندە دەرمانییەکان، ئەمەش قەیرانەکە دوو ئەوەندە دەکاتەوە.

لەم بەڵگەدا ڕاگەیێندراوە کە ڕێکخراوەی بیمەى کۆمەڵایەتی زیاتر لە ۳۹ هەزار ملیار تمەن قەرزاری ناوەندە دەرمانییەکانە! و لە لایێکی دیکەشەوە دەوڵەت ڕەقەمێکی سەرسۆڕهێنەر واتا ۱۹۰ هەزار ملیار تمەن قەرزاری ئەم ڕێکخراوەیە. هەروەها باس لەوە کراوە کە ئەم دامەزراوە بۆ قەرەبووی کەمی بودجەکەی، زیاتر لە ۱۳ هەزار ملیار تمەن لە بانکی ئاسایشی کرێکاران، وامی وەرگرتووە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە گەڕاندنەوەی ئەم وامە لە توانای ئەم ڕێکخراوە نییە، بەم زووانە بانکی ئاسایشی کرێکارانیش مایەپووچ دەبێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا باس لەوە کراوە کە درێژەی ئەم پڕۆسەیە ئێستا لەئارادایە لەگەڵ کەمی بوودجەی سەرسۆڕهێنەری ئەم ڕێکخراوەیە، بووەتە هۆی ئەوەی خزمەتگوزاری بۆ زیاتر لە ٤۲ ملیۆن هاووڵاتى ژێر چاوەدێری دامەزراوەکە و هەروەها پێدانی مووچەی زیاتر لە ٦ ملیۆن مووچەخۆر و خانەنشینکراوی ئەم ڕێکخراوەیە، جێبەجێ نەبێت! ئەمەش کاریگەریی نەرینی گەمارۆکان بۆ سەر چینی کەم داهاتی کۆمەڵگا زیاتر دەکاتەوە و دەبێتە هۆی مایەپووچی ڕێکخراوەی بیمەى کۆمەڵایەتی لە داهاتوویێکی نزیکدا.