بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

جاشەکانی ئەوێهەنگ ڕێگەیان نەدا "بەهارانەی ژاوەرۆ" بەڕیوە بچێت

جاشەکانی ئەوێهەنگ ڕێگەیان نەدا "بەهارانەی ژاوەرۆ" بەڕیوە بچێت
AvaToday caption
posted onMay 6, 2019
noبۆچوون

 

بڕیاڕ وابوو ڕۆژی هەینی ١٣ی بانەمەڕ ڕێوڕەسمی بەهارانەی ژاوەرۆ لە ئاوایی ئەوێهەنگ بەڕێوە بچێت، بەڵام بە پێ ئەو زانیاریانەی دەست تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەی کەوتووە، جاشەکانی ئەوێهەنگ بە تایبەتی حەبیب میرزایی و شەریف جەلیلی بە هێنانی ٦٥٠ کەس لە سوپای پاسداران و هەروەها دەستبەسەرکردنی ڕێکخەرانی ئەو ڕێوڕەسمە، ڕێگەیان نەدا کۆبوونەوەکە بەڕیوە بچێت.

 

سەرچاوەکانی ئاڤاتودی لە ئەوێهەنگ گوتیان: شەریف جەلیلی کە پێشتر ئەندامی کۆمەڵە بووە و پاش تەسلیمبوونی ئێستا لەگەڵ سوپای پاسداران کار دەکات، لە سەر داوای حەبیب میرزایی لە تارانەوە گەڕاوەتەوە ئەوێهەنگ بۆ ئەوەی پێش لە ئەو کۆبوونەوەیە بگرن. بە وتەی سەرچاوەکان "شەریف جەلیلی سەردانی گوندەکانی دەوروبەری ئەوێهەنگی کردووە و دەنگۆی ئەوەی بڵاو کردووتەوە کە لە ڕێوڕەسمەکە تەقینەوە دەکرێت".

لە لایەکی دیکەشەوە ئیدارەی ئیتلاعاتی شوێشە و سوپای پاسداران ڕێکخەرانی ڕێوڕەسمەکەیان دەستبەسەر و پاش ماوەیەک ئازادیان کردن.

حەبیب میرزایی لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئەوێهەنگ، جامانەی لە سەر لاوان دەر‌هێنا و ڕێگەی نەدا سروودی ئەی رەقیب لە لایەن لاوانەوە بگوترێتەوە و پاش بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە لە لایەن ئاڤاتودەی، حەبیب میرزایی لە کۆبوونەوەیەک لە مزگەوتی ئەوێهەنگ گوتی"من ٣٥ ساڵە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و سوپای پاسداران کار دەکەم" و هەروەها لە دەنگێکى تۆمارکراودا کە دەستی ئاڤاتودی کەوتووە، حەبیب میرزایی بە شێوەزارى هەورامی دەڵیت "من ناهێڵم سروودی ئەی رەقیب بگوترێتەوە، چونکە تاوانە. تا کۆماری ئیسلامی هەبێت من ناهێڵم سروودی ئەی رەقیب بگوترێتەوە."