بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

چیتر کەس سووتەمەنى ناداتە فڕۆکەکانى ئێران

چیتر کەس سووتەمەنى ناداتە فڕۆکەکانى ئێران
AvaToday caption
هێڵەکانى گواستنەوەى ئێران تووشى قەیران بوونەتەوە
posted onApril 24, 2019
noبۆچوون

 

بەهۆى ڕەتکردنەوەى زۆربەى فرۆکەخانە هەرێمایەتى و نێودەوڵەتییەکان بۆ دابینکردنى سووتەمەنى، کۆمپانیا فرۆکەوانییەکانى کۆماری ئیسلامی ئێران تووشى قەیران و نەبوونى سووتەمەنى بوونەتەوە.

 

مەقسود ئەسعەد سامانی، ئەمیندارى گشتى کۆمەڵەى فڕۆکەوانى ئێرانى لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسەکانى وڵاتەکەى ئاشکرای کرد "زۆربەى کۆمپانیاکانى دابینکردنى سووتەمەنى فڕۆکە، چیتر ئامادە نین سووتەمەنى بۆ فڕۆکەکانى تاران دابین بکەن"، هۆکارەکەشى بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە زۆربەى ئەو کۆمپانیایانە یا فرە نەتەوەیین یاخود لە ویلایەتە یەکگرتووەکان پشکیان هەیە و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ واشنتۆن بەهێزە و ڕێگرە لەئەنجامدانى پرۆسەیەکى لەو شێوەیە".

بەرپرسەکەى کۆمارى ئیسلامی جەختى لەوەش کردەوە "کێشەکانى کەرتى فرۆکەوانى ئێران، دواى کشانەوەى ئەمەریکا لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەى ٢٠١٥ لە بانەمەڕی ساڵى ڕابردوو، خەریکە دەر دەکەون". دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمەریکاش دواى کشانەوەى لەو ڕێککەوتننامەیە کە لە نێوان ئێران و شەش زلهێزى جیهانى واژوو کرابوو، کۆمەڵێک سزای ئابوورى جۆراجۆری بەسەر ڕژێمى ئێران سەپاند کە سێکتەرەکانى نەوت، بانکی و دارایی و پیشەسازی گرەوە.

فرۆکە

سامانى گووتیشى "ئاستەنگە قورسەکان ئەوەن کە کەس ئامادە نەبێت سووتەمەنى بۆ فڕۆکەکانى ئێران دابین بکات، بەتایبەت لەکاتى گەشتە درێژەکانیان بۆ وڵاتانى ئەوروپاو ئاسیا، چونکە دەبێت قەبارەیەکى سووتەمەنى زیاتریان پێ بێت، چ کاتى چوون یاخود نیشتنەوە". سەرۆکى کۆمەڵەى کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکەى تاران دووپاتی دەکاتەوە "کۆمپانیا فرۆکەوانییە ناوخۆییەکان، ئومێدیان بە ڕێکارە بانکییە ئەورووپیەکان هەیە کە کورتکراوەکەى (ئێنستکس)ـەو، چاوەروان دەکرێت بخرێنەروو. ئەوەشى نەشاردەوە کە "کۆمەڵێک ئاستەنگی ڕوون هەیەو، تا ئێستاش نەچۆتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە".

زۆربەى کۆمپانیاى وڵاتە جیاوازییەکان ئامادە نین سووتەمەنى بۆ چەندین کۆمپانیاى فرۆکەوانى ئێران دابین بکەن، گرنگترین ئەو وڵاتانەش بریتین لە " ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیاو لوبنان"، هۆکارەکەشیان بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە " کۆمپانیاکان لەسەر لیستى سزایەکانى ئەمەریکا تۆمار کراوەو، ڕۆڵیان هەبووە لە گواستنەوەى چەک و، تەقەمەنى و چەکدار بۆ وڵاتانى دراوسێی و، دەستیانیش لە بڵاوکردنەوەى تیرۆر هەبووە.

پاکێجی دووهەمى سزاکانى واشنتۆن بەسەر تاران، کە گەڵاڕێزانى ڕابردوو، ڕاگەینرا، نزیکەى ٦٥ کۆمپانیاى فرۆکەی کۆمپانیاى ئێران ئەیری فەرمیی کۆمارى ئیسلامی خرایە لیستى ڕەشى وەزارەتى خەزێنەى ئەمەریکا، لەپاڵ ئەوانەش چوار کۆمپانیاى فرۆکەوانى لەنێویاندا مەعراج و ماهان ئەیر، کە سەرجەمیان لەگەڵ سوپای پاسداران تێوەگڵاون لە کارگۆکردنى چەک و تەقەمەنى و گۆاسانەوەى چەکداری بۆ وڵاتانى سووریاو عێراق و یەمەن.

لەلایەن خۆیەوە وەزارەتى خەزێنەى ئەمەریکا هۆکاریی داوەتە سەرجەم وڵاتانى جیهان و، کۆمپانیا فرۆکەوانییە نێودەوڵەتییەکان لەمەترسیی دابینکردنى ڕێگەپێدان یاخود پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى ئاسمانى بۆ هێڵە ئاسمانییەکانى ئێران. بیانووەکەشى ئەوە بووە "تێوەگڵاون لەهەناردەکردنى تیرۆر بۆ وڵاتانى هەرێمایەتى".

فرۆکە ٢

تایبەت بەقەیرانەکانى کەرتى فرۆکەوانى، ئەو کەرتە ڕووبەرووى قەیرانێکى دیکە بووەتەوە، ئەویش کۆچکردنى زۆربەى فرۆکەوانە لێهاتووەکانە بۆ دەرەوەى وڵات، گرنگترین هۆکاریش "داڕمانى ئابوورى بووە، کەزۆربەى فرۆکەوانەکان بەهۆى پەکخستنى گەشتەکانیان و، قورسى کردنى مەرجی کارکردنیان، ناچاری کردوون، کارەکانیان جێبهێڵن و کۆچ بکەن". جگە لەوانەش ژینگەى کارکردنیان دڵنیا نییەو، زۆربەى کرێیەکانیان بەهۆى داڕمانى بەهاى دراوی تمەن و تێکشکاندنى فرۆکەکانیان، مەترسی گەورەى لەسەر ژیانیان دروست کردووە.

زانیارییە ناوخۆییەکان ئاشکرای دەکەن "لە نێوان سەرماوەزى پێشوو بۆ بانەمەڕ ئەمساڵدا نزیکەى ١٠٠ فرۆکەوان داواى کۆچکردنیان پێشکەش کردووە". کۆمەڵە فرۆکەوانییەکەش دەڵێت "نزیکەى دوو هەزار فرۆکەوان، تا ساڵى نوێی ١٣٩٧ بێکار بوونە، کە رێژەى سەدا ١٣ کۆى گشتى گەشتە ئاسمانییەکانى پێک هێناوە"