بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

وڵاتانى عەرەبی دڵخۆشن بە دانانى سوپاى پاسداران لە لیستى تیرۆرى ئەمریکا

وڵاتانى عەرەبی دڵخۆشن بە دانانى سوپاى پاسداران لە لیستى تیرۆرى ئەمریکا
AvaToday caption
posted onApril 9, 2019
noبۆچوون

 

بەشێک لە وڵاتە عەرەبییەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست پێشوازی لە بڕیارەکەى ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکەن، بە دانانى سوپاى پاسداران لەنێو لیستی تیرۆر، پێیان وابوو "هەنگاوێکە بۆ ڕێگاى ڕاست".

 

وەزارەتى دەرەوەى بەحرەین، لە ڕاگەیێنراوێکی خۆیدا خۆشحاڵى خۆى بۆ "بڕیارەکەى واشنتۆن بۆ ڕیزبەندکردنى سوپاى پاسدارانى ئێران وەک ڕێکخراوێکى تیرۆریستى". گووتیشى "ئەو هەنگاوە گرنگە بۆ بەرپەرچدانەوەى ڕۆڵە مەترسیدارەکەى سوپای پاسداران، کەهۆکارێکە بۆ ناسەقامگیری و ناکۆکی و کەرستەى بڵاوکردنەوەى توندوتیژی و تیرۆر لەرۆژهەڵاتى ناوەڕاست و جیهان".

ئەوەشى دووپات کردەوە "ڕێز لە هەوڵە بەردەوامەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان دەگرین لە بەرەنگاربوونەوەى چالاکییە دوژمنکارانەى ئێران و هەڵسوکەوتە تیرۆریستی و دەستێوەردانە خراپەکانى لەکاروبارى ناوخۆى وڵاتانى ناوچەکە". مەنامە داواشى کردووە "پێویستە جموجۆڵێکى تووندو کارا لەلایەن کۆمەڵگەى نێوەدەوڵەتییەوە ئەنجام بدرێت بۆ ناچارکردنى ڕژێمى ئێران لە ڕاگرتنى پاڵپشتییەکانى بۆ ڕێکخراوەو میلیشیا تیرۆریستییەکان".

جەخت لەوەش دەکاتەوە "پێویستە ڕێز لە سەروەرى و سەربەخۆیی وڵاتان بگرێت و، دەست وەرنەداتە کاروباریان".

تیرۆریست ١

لەو نێوەندەش یەمەن ئێوارەى دووشەممە پێشوازی لە بڕیارەکەى دۆناڵد ترامپ سەرۆکى ئەمەریکا بە دانانى سوپای پاسداران لە لیستى ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان کردووە. وەزارەتى دەرەوەى یەمەن، لە ڕاگەینراوێکى ڕۆژنامەوانیدا پێی وابووە "ئەو هەنگاوە ئاراستەیەکى ڕاستەو، کاریگەریى ئەرێنیش لەسەر ئاسایش و ئاشتەوایی ناوچەکەو جیهان دروست دەکات".

هێماشى بەوە کردووە "بڕیارەکەى ئەمەریکا ڕژێم لە تاران ناچار دەکات هەڵسوکەوتى خۆى بگۆرێت و دەستێوەردانەکانیشى لە ناسەقامگیرى ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمایەتى ڕابگرێت و چیتر دەست وەرنەداتە کاروبارى ناوخۆى وڵاتانى عەرەبی". داواشى لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کردووە "فشارەکانیان بۆ سەر ئێران تووندتر بکات تا ناچار بێت وەک وڵاتێکى ئەندامى نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێز لە پابەندییەکانى بگرێت".

لە یەکەم ساڵیادی کشانەوەى لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەى نێوان ئێران و شەش زلهێزە جیهانییەکان، ترامپ، ئێوارەى دووشەممە سوپای پاسدارانى ئێران کە هێزێکى نیمچە فەرمییە و ئەرکى پاراستنى ڕژێمی دەسەڵاتداری تارانە، خستە نێو لیستى تیرۆر و بە ڕێکخراوێکى تیرۆریستى هەژمارى کرد.

تیرۆریست ٢

سەرۆکى ئیدارەى کۆشکى سپی باسى لەوە کردووە "دواى سەلماندنى تێوەگلانى سوپاى پاسداران لە پارەدارکردنى گرووپە تیرۆریستییەکان، هەنگاویان بە تیرۆرناساندنى ئەو ڕێکخراوە کردووە". دووپاتیشی کردووەتەوە "ڕاگەیاندنەکەى کۆشکی سپی لەبارەى سوپای پاسدارانەوە، فشارەکانى سەر ڕژێمى ئێران تووندتر دەکات".

هاوکات برایان هۆک، نێردەى تایبەتى ئەمەریکا بۆ پرسى ئێران لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند "میلیشیاکانى سوپای پاسداران هەوڵى ناسەقامگیرى بەحرەین، یەمەن و لوبنان و وڵاتانى دیکە دەدەن". گووتیشى "هەژمارکردنى سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکى تیرۆریستى یارمەتی فشارەکانى سەر ڕژێمى تاران دەدات بۆ ئەوەى لەپاڵپشتىکردنى تیرۆر بوەستێت".