بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

نەورۆز.. سەرکەوتنى ڕۆژهەڵات و شکستی دەسەڵات

نەورۆز.. سەرکەوتنى ڕۆژهەڵات و شکستی دەسەڵات
AvaToday caption
posted onMarch 23, 2019
noبۆچوون

 

نەورۆزى ئەمساڵ جیاواز بوو لە هەموو ساڵانى پێشوو، چونکە ئەمساڵ کوردانى ڕۆژهەڵات یەک دەست و یەک ڕەنگ بەرەو پیرى جێژنى نەورۆزەوە چوون و سەرەڕاى بە ئەمنیەتیکردنى ڕۆژهەڵات لەلایەن کۆمارى ئیسلامى و پڕوپاگندەى دەنگ و ڕەنگى دەسەڵات، کەچى لاوان و ژنان و منداڵان و پیاوان بە جلوبەرگى واڵاى کوردى و جامانە و ئاڵاى کوردستانەوە ئەم جێژنەیان پیرۆز کرد.

 

لە شارەدێی نێ و زۆربەی گووندەکانی مەریوان، سنە، بانە و مەهاباد ئاڵای کوردستان هەڵکرا و پیلانی سوپا و ئیتلاعات بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز نەک پووچەڵ بووە، تەنانەت خەڵکی بە بڕیارتر جێژنەکەیان بەڕێوە برد.  بە دەیان گووند و شارە دێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نەورۆزی ئەمساڵ بە کردنەوەی ئاگر، هەڵپەڕکێ، گووتنەوەی سروودی شۆڕشگێڕی و خوێندنەوەی شێعر ڕێزیان لە جەژنی نەتەوەیی کوردان و نەورۆز گرت.

لە خوارەوە نەورۆزى ئەو گوند و شارەدێ و شارانە دەهێنینەوە کە ڕەنگین بەرەو پیرى ئەو جێژنە نەتەوەییە ڕۆیشتن:

 

سنە:

لە سنە و دێهاتەکانی دەوربەوری وەک گاوەرۆ، ئەوێهەنگ، تۆریوەر، حەسەن ئاوا، چاولکان سەر بە کەلاتەرزان و نیەر خەڵک بە جۆشێکی بێوێنەوە بەرەوپیری نەورۆزەوە چوون. ژنان و پیاوانی گووندی نیەر بە لەمەلکردنی هەوری و جامانە و ڕەشبەڵەک لە دەوری ئاگری نەورۆز کەشێکی تایبەتیان خوڵقاند و هێزەکانی سوپای پاسداران نەیانوێرا خۆ لە جۆش و حەماسەتی بەرزی بەشداربوانی ڕێوڕەسمەکە بدەن.

ژنانی گاوەرۆ بە پۆشینی بەرگی ڕازاوە بە نەخشی ئاڵای کوردستان و هەڵپەڕکێی و ڕەشبەڵەکێکی گەورە لە مەیدانی ئاوایی نیشانیان دا کە لە کوردستاندا ژنان هاوشانی پیاوان بۆ سەرخستنی ئاواتی لەمێژینەی کوردان کە ڕزگارییە لە بندەستی لە مەیدانن و ئامادەی فیداکارین. هەڵپەڕکێ و سروودی شۆڕشگێڕی لە زۆربەی گووندەکانی سنە دڵی خەڵکی تینووی ئازادی ئەو شارەی لاواندەوە.

 

مەریوان:

 مەریوان و گووندەکانی هەرسین، سالیان، چۆڕ، دەل، نێ، گوێزە کوێر و سەردۆش ئەوساڵیش وەک ساڵی پار لووتکەی دەروەستی بە بەها نەتەوەییەکانیان لە خۆیان نیشاندا و بە وەڕێخستنی هەڵپەرکێ و گۆڤەندی جامانە ڕێزیان لەو ڕۆژە پیرۆزە گرت.

لە گووندی نێ کە شابەیتی حەماسەی نەورۆزی ڕۆژهەڵاتە لاو و کاڵ و ژن و منداڵی ئەو گووندە تێکڕا سروودی وا هاتنەوە پێشمەرگەیان گووتەوە و بە دەیان ئاڵای کوردستان بە دەستی خەڵکەوە با دەیشەکاندەوە.

 

مەهاباد:

سەرەڕای گووشاری زۆری ئەمنیەتی و هەوڵەکانی سوپای پاسداران ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئەمساڵی مەهاباد لە چاو ساڵی ڕابڕدوو زۆر بە شکۆتر بەڕێوە چوو. لە گووندەکانی کۆسەکەرێز، گردەبەردان، گوێگتەپە و لە تەنیشت بەنداوی مەهاباد خەڵک بە جۆش و خرۆشەوە یادی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردیان بەرز ڕاگڕت.

لە گووندی کۆسەکەرێزی ئەو شارە بە سەدان کەس لە خەڵکی مەهاباد و گووندەکانی بە کردنەوەی ئاگر لە قۆپی کۆسەکەرێز و هەڵپەرکێیەکەی گەورە ڕێزیان لە سەری ساڵی کوردی گرت. جاش و پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی نە تەنیا نەیانتوانی پێش بە کردنەوەی ئاگر و ڕێوڕەسمەکە بگرن تەنانەت لە کۆڕی هەڵپەرکێدا لاوان سروودی ئەی ڕەقیبیان گووتەوە. لە جەزیرەی مەهاباد هەڵکرانی ئاڵای کوردستان لەگەڵ پێشوازی گەرم و بێوێنەی مەهابادییەکان ڕووبەروو بووە.

 

سەقز:

شاری ساحیب، قەڵاکۆن و دایە سلێمان و لە زۆربەی گەڕەکەکانی  وشاەی سەقز ئاگری نەورۆز کرایەوە. لە گووندی قەڵاکۆن خەڵکی نیشتیمان پەروەری سەقز بە لە مل کردنی جامانە و گۆڤەند و کردنەوەی ئاگر بەرەوپیری جەژنی نەورۆز هاتن. گووتنەوەی سروودی کوردانە و شۆڕشگێڕی و هەڵدانی جامانە دوو نیشانی سەرەکی ڕێوڕەسمەکانی سەقز بوون.

 

کرماشان:

شار و گووندەکانی کرماشان ئەمساڵ پێشەنگی کردنەوەی ئاگر و دانی پەیامی "ئەم کوردین" بە کۆماری ئیسلامی بوو. لە تاقۆسان هەوریلەبەر و جامانە لەملانی کورد  بە دەم گووتنەوەی "خۆم کرماشانی فارسی نیەزانم"،ی حوسێن سەفامەنیش ئاڵای شادییان دەست دایێ. لە جوانڕۆ و نەوسود و پاوە و شمشێر شایی و هەڵپەڕکێی نەورۆز عەرشی کۆماری ئیسلامی وەلەرزە خست و بە هەزارن کەس بەشداری ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان بوون.

ژنان و پیاوان بە لە بەر کردنی بەرگی کوردی و ڕازاوە نەورۆز کە هێمای ژیانەوەی کوردەیان بەرز ڕاگڕت.

 

بۆکان ، پیرانشار، سەردەشت، شنۆ:

لە شاری بۆکان خەڵک بە کۆبوونەوە لەسەر گۆڕستانی هونەرمەندان و شادی و هەڵپەڕکێ و کردنەوەی ئاگر ئەو جێژنە لەمێژینەی کوردستانیان بەرز ڕاگڕت. لە پیرانشار سەرەڕای گوشاری زۆری هێزە ئیتلاعاتییەکان خەڵکی نیشتیمانپەروەری ئەو شارە بە شادی و هەڵپەڕین و گووتنەوەی سرودی ئەی ڕەقیب پێشوازییەکی بێوێنەیان لە نەورۆزی کوردەواری کرد. ئەو ڕێوڕەسمە کە لە تەنیشت زانکۆی پەیامی نووری ئەو شارە بەڕێوەچوو، هێزە ئەمنیەکانی ئەو شارەی وڕ و کاس کردبوو.

لە گووندی سیسێری سەر بە شاری ڕەبەت رێوڕەسمێکی بەشکۆ پێک هات. خەڵکی سەردەشت و ڕەبەت و ناوچەکانی دەوروبەری هەر زوو لە گووندی سیسێر ئامادە بوون و بە شکۆوە ڕێزیان لە نەورۆز و سەری ساڵی کوردی گرت.

لە شاری شنۆ سەرەڕای هەوڵی چەند جارەی هێزە ئەمنییەکان بۆ ڕێگریکردن لە کردنەوەی ئاگر و پیرۆزکردنی جێژن بەڵام خەڵکی حەسەن نووران بە تڕۆکردنی هێزەکانی سوپای پاسداران و کردنەوەی ئاگر و هەڵپەڕکێ، پیلانی کۆماری ئیسلامییان کردە بڵقی سەر ئاو. لە زۆربەی گووندەکانی شنۆ ئاگری نەورۆز کراوە و خەڵک بە جۆشێکی گەورەوە بەشداری ڕێوڕەسمەکان بوون.

 

ورمێ:

لە دزەی مەرگەوەڕ و تەرگەوەر، پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی نەورۆز هیچ دەسکەوتێکیان بە دەست نەهێنا و نەورۆز لە ورمێ و گووندەکانی بە شکۆوە یادی کرایەوە. کردنەوەی ئاگر و ئەنجامدانی یاری ئاگرین و سروودی شۆڕشگێڕی لە دزەی مەرگەوەڕ کەشێکی تایبەتی خوڵقاندبوو.

 

ئیلام:

ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی زۆری هەوڵدا بە زەقکردنەوەی مەزهەب لە ئیلام و ناوچەکانی دەوروبەری پێش بە بەرزبوونەی هەستی نەتەوەیی لەو شارە بگرێت، بەڵام ئیلام ئەمساڵ سەلماندی کوردبوون لەسەرووی هەموو باوەڕێکەی دیکەیە بۆ خەڵکەکەی.

لە گووندی خەزەلی ئیلام خەڵک بە کردنەوەی ئاگر و ئەنجام دانی هەلپەڕکێ پەیامی نەبەزین و نەتوانەوەیان بە کۆماری ئیسلامیدا. لاوانی ئەو شارە ئاگریان کردەوە و بڵیسەی ئاگرەکان لە هەموو بەرزاییەکانی ئەو شارە دیار بوو.

 

بانە:

لە ئارمەردە و خواجامێری شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەزاران کەس لە خەڵکی نیشتمان دۆستی ئەو شارە بە کۆبوونەوە لە دەوری ئاگر و ڕەشبەڵەک و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان ڕێزیان لە جەژنی نەورۆز گرت.

نەورۆز

 

نەورۆز ٢