بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

لە شارەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان ڕێز لە ڕۆژى زمانى دایکى نرا

لە شارەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان ڕێز لە ڕۆژى زمانى دایکى نرا
AvaToday caption
posted onMarch 2, 2019
noبۆچوون

 

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکییەوە لە چەندین شارى ڕۆژهەڵاتى کوردستان وەک شارەکانى سنە و بۆکان و مەریوان چەندین کۆڕ و سیمینار ئەنجام درا و مەبەست لەو کۆڕ و سیمینارانەش ڕێزگرتن و پەرەدان بە زمانى دایکى بووە.

 

زانستگای کوردستان بە ئامانجی هەڵگرتنی هەنگاوێکیتر بەرەو لێکۆڵینەوەی ئاکادیمیک و زانستییانە و هەروەها ناساندن و ڕۆشنکردنەوەی لایەنەکانی زمان و وێژە و فۆلکلۆری کوردی و بەرەوپێشبردنی ڕەوتی لێکۆڵینەوەی زانستی بە زمانی کوردی، دووەمین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی توێژینەوەی زمان و وێژەی کوردی و فارسی بەڕێوە برد. تەوەری سەرەکیی کۆنفرانسەکە بریتی بوو لە توێژینەوەی زاراوە ناسانە، ڕوانگەی نوێ لە بواری نووسینی ڕێزمان بۆ زمانی کوردی، خوێندنەوەی خەسارناسانەی زانستی فۆنیم، لێکۆڵینەوەی خەسارناسانەی ڕێنووسی کوردی، زمان ناسیی تیۆریک هەروەها توێژینەوەی زمان ناسیی کۆمەڵایەتی.

کۆنفڕانسە زانستییەکە کە لە هۆڵی مەولەویی زانکۆی کوردستان بەڕێوە چوو، تیایدا کۆمەڵێک مامۆستای زانکۆ و توێژەری کورد وتاریان پێشکەش کرد. دکتور خالید تەوەکولی کۆمەڵناسی کورد لە وتارێکدا باسی پێوەندیی زمان و کەلتووری کرد و گوتى "ئەگەر یونسکۆ ڕۆژی 21ی شوباتی وەک ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی دیاری کردووە مانای ئەوەیە کە پێناسەی نیشتمانی پێناسەیێکی فرەڕەنگییە و تاکە یەک شۆناس نییە. لە عەقڵییەتی مرۆڤی ئەمڕۆدا شارەدێی جیهانی مانای ئەوە نییە کە هەموو فەرهەنگەکان تێکەڵ بن و بۆن و بەرامەی تایبەتی خۆیان بگۆڕن بەڵکوو مەبەست ئەوەیە هەر فەرهەنگێک لە حەنای خۆیەوە بە پێوەر و تایبەتمەندیی فەرهەنگیی خۆیەوە لە تەنیشت فەرهەنگەکانی دیکەدا بژیت".

دوکتور بەختیار سەجادی سەرۆکی بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی کوردستان کە دووەم کەس قسەى کرد، ئاماژەی بە خوێندنی ئەدەبی کوردی لەو زانکۆیە کرد و گوتی "بە شانازییەوە ڕایدەگەیێنن کە لە بەشی زمان و ئەدەبی کوردی و هەروەها لە توێژینگەی کوردستانناسی ئیرادەی بەرز هەیە بۆ پێشخستنی ئەدەب و زمانی کوردی و لەو ماوەیەی ڕابردووشدا کاری فەرهەنگی و زانستیی زۆر لەو بارەیەوە کراوە و بەردەوام دەبن لە ئەرکەکانیان. کۆسپەکان بۆ خوێندنی زمان و ئەدەبی کوردی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و دامودەزگای پێوەندیدار هەڵگیراون و ئێستا ڕەوتێکی ئەرێنى بۆ سەرنج خستنە سەر زمانی کوردی دەستی پێ کردووە".

ڕەزا شەجیعی هەڵسووڕاوی مەدەنی و توێژەری کوردیش لە بەشێکی دیکەی پەنێلە زانستییەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر زەروورەتی خوێندن بە زمانی دایکی و گوتی "خوێندن بە زمانی دایکی مافی هەموو تاکێکی کۆمەڵگایە و یەکێکە لە زەروورەتە سەرەتاییەکانی مرۆڤ. شەجیعی لە وتارەکەیدا باسی کارتێکەریی خوێندن بە زمانی دایکیی کرد و ڕایگەیاند: بە پێی داتا زانستییەکان هەر تاکێکی کۆمەڵگا بە زمانی دایکیی خۆی خوێندبێتی لە باری زانستییەوە سەرکەوتووتر بووە و خوێندن بە زمانی دایکی یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی بواری پەرەوەردە و ڕاهێنان".

لە شارى مەریوانیش، ئەنجومەنی ئەدەبیی مەریوان کە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک هەواڵی بەڕێوەچوونی سیمینارێکی بڵاو کردەوە، سیمینارێکى بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکى بەڕ ێوە برد کە تیایدا کۆمەڵێک هەڵسووڕاوی مەدەنی و لایەنگرانی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی لە هۆڵی ئیدارەی ڕۆشنبیریی شاری مەریوان قسەیان لەسەر ئەم پرسە کرد.

ڕۆژى زمانى دایکى

سیمینارەکە لە ژێر ناوی "زمانی کوردی و جیهانی مودێڕن" بەڕێوە چوو و لەو سیمینارەدا  «دوکتۆر بەختیار سەجادی » سەرۆکی بەشی زمان و ئەدەبی کوردیی زانستگای کوردستان وتاری پێشکەش کرد. سەرەتا پێشکەشکاری سمینارەکە، عەتا وەلەدی بەخێرهاتنی سەرجەم میوانانی کرد. داوای ئەو، هادی موحەممەدیان دەقی پەیامی ئەنجومەن خوێندەوە و پاشان ئەمین عەزیزی وتاری یەکێتیی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوانی بەبۆنەی ڕۆژی جیھانیی زمانی دایک پێشکەش کرد.

دواتر دوکتۆر  بەختیار سەجادی بانگھێشت کرا بۆ پێشکەشکردنی بابەتەکەی لەسەر زمانی کوردی و جیھانی مۆدێڕن. دوای وتارەکەی سەجادی، لە پانێلێکی دوو کەسیدا "ئارام ساڵحی" لەسەر زمانی کوردی چەن پرسیارێکی ئاراستەی "دوکتۆر بەختیار سەجادی" کرد. لەو پەیوەندیەدا، ژەمارەیەک لە بەشداربووان ئاماژەیان بە چەند خاڵ و بابەتێکی ئەو پانێلە کرد و چەن پرسیارێک ھاتە ئاراوە. لە کۆتاییدا بە پێشکەشکردنی سپاسنامەییەک بۆ دوکتور بەختیار سەجادی لە لایەن ئەنوەر ڕەوشەن سمینارەکە کۆتایی پێ هات.

ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی بەیان ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی زگماکی و بەرز ڕاگرتنی یادی مامۆستا هەژار لە شاری بۆکان بەڕێوە برد. لەو ڕێوڕەسمەدا کە بە بەشداری مامۆستایان و لایەنگرانی زمان و ئەدەبی کوردی بەڕێوە چوو، گرینگی خوێندن و نووسین بە زمانی زگماکی و پێویستی بایەخدان بە زمانی کوردی و ئەرک و خزمەتەکانی ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی بەیان خرا بەر باس و وتووێژ.

لەو ڕێوڕەسمەدا هەریەک لەم کەسایەتییانەى خوارەوە قسەیان لەسەر زمانى دایکی کرد:

١. ئەمیر پیادە (بەرپرسی گشتی ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی بەیان)

٢. ئەنوەر پیادە (بەرپرسی ڕێکخراوی میساقی عیداڵەتی زاگڕۆس)

٣. محەمەد حوسەینپوور (ڕێزان)

٤. خالید عەسگەری (تەزوو)

٥. دکتور ئەمیر عەبباسی

٦. عەلی فرووتەن (حەیرانبێژ)

٧. سەعدوڵا مەجیدی

٨. ناسر کەریمی

٩. حوسین شێربەگی

١٠. نوسرەت سوارە

١١. پژمان شەریعەتی