بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئەکسیۆس: هەواڵگریی ئەمریکا گومانی لە ئێران هەیە

ئەکسیۆس: هەواڵگریی ئەمریکا گومانی لە ئێران هەیە
posted onJune 15, 2026
noبۆچوون

بەگوێرەی هەواڵی ماڵپەڕی ئەكسیۆس كە لە زاری چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاوی كردووەتەوە، جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی (CIA) گومانی جددی لای ترەمپ و بەرپرسانی باڵا لەبارەی ئامادەیی تاران بۆ پێشکەشکردنی سازشی ئەتۆمی دەربڕیوە.

راتکلیف ئاماژەی بەوە کردووە، زانیارییە هەواڵگرییەکان نیشانی دەدەن جیاوازی هەیە لە نێوان ئەوەی بەرپرسانی ئێران لە ناوخۆدا دەیڵێن لەگەڵ ئەو پەیامانەی دەیدەنە نێوەندگیرەکان.

لە نێو ئیدارەکەدا، مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوە و پیت هیگسێت وەزیری بەرگری تێبینییان لەسەر ڕێککەوتنەکە هەیە، بەڵام لە بەرامبەردا جی دی ڤانس جێگری سەرۆک و هەریەکە لە ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر پشتگیری لە بەردەوامبوونی پڕۆسەکە دەکەن.

مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە:
یاداشتنامەکە پشت بە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی وردتر دەبەستێت لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا. بەپێی بەندەکان، ئێران پابەند دەبێت بە ڕاگرتنی پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی لە ماوەی دانوستاندا، ئەمریکا سزای نوێ ناسەپێنێت و هێزی زیادە لە ناوچەکەدا بڵاو ناکاتەوە، گەرووی هورمز بە شێوەیەکی پلەبەندی دەکرێتەوە، ئێران بۆ ٦٠ ڕۆژ ڕێگە بە تێپەڕبوونی کەشتییەکان دەدات بەبێ باج، ئەمریکاش لە بەرامبەردا لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا گەمارۆ دەریاییەکانی لادەبات.

بڕیارە ڕۆژی هەینی، هەریەکە لە ڤانس، ویتکۆف و کوشنەر لەگەڵ محەممەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆببنەوە. کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی نێوەندگیرانی پاکستان و قەتەر دەبێت بۆ تاوتوێکردنی قۆناغی داهاتوو.

بەرپرسێکی کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە، ترەمپ گوێی لە هەموو بۆچوونەکان گرتووە، بەڵام خۆی بڕیاردەری کۆتاییە.

جەختیشی کردەوە، هێڵە سوورەکانی واشنتن بریتین لە ڕێگریکردن لە ئێران بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی و پاراستنی دابینکردنی وزەی جیهانی. هەر ئاسانکارییەکی دارایی بۆ ئێران بەستراوەتەوە بە هەنگاوی کردەیی و بەرجەستەی تاران.