ڕۆژی دووشەممە گەورەترین شەپۆلی ناڕەزایەتی لە سێ ساڵی ڕابردوودا ئێرانی گرتەوە. ئەمەش دوای ئەوەی بەهای تمەن بۆ نزمترین ئاست دابەزی و سەد دۆلار ١.٤ ملیۆن تمەنی تێپەڕاند.
خۆپیشاندانەکان لە تاران، قشم، کەرەج، ئیسفەهان و هەمەدانی گرتەوە. بازاڕییان و کاسبکاران دوکانەکانیان داخست و خوێندکارانی زانکۆی تاران لەناو گەمارۆی هێزە ئەمنییەکاندا دروشمی "بترسن، ئێمە هەموومان پێکەوەین"یان بەرزکردەوە. لە ناوچەی مەلاردی کەرەج و شوێنی دیکەش، هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسکڕێژ و توندوتیژییان دژی ناڕازییان بەکارهێناوە کە دروشمی دژ بە گرانی و حکومەتیان دەوتەوە.
هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییەکان، محەمەد ڕەزا فەرزین، سەرۆکی بانکی ناوەندی دەستی لەکار کێشایەوە و عەبدولناسر هیممەتی خرایە شوێنی.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند، وەزیری ناوخۆی ڕاسپاردووە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەری ناڕازییان، بەڵام بەرپرسانی ئەمنی دۆخەکە بە "جەنگی دەروونی" ناودەبەن. ئەم ناڕەزایەتییانە لە کاتێکدایە کە هەڵاوسانی خواردەمەنی گەیشتووەتە ٧٢٪ و فشارە داراییەکان بژێوی هاووڵاتییانی تێکداوە.