بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

شکستى سیاسەتەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە عێراق

موقتەدا سەدر ڕوو لە قاسم سولەیمانى: دەستتێوەردان لە عێراق بەسە!
موقتەدا سەدر ڕوو لە قاسم سولەیمانى: دەستتێوەردان لە عێراق بەسە!
posted onMay 16, 2018
noبۆچوون

 

موقتەدا سەدرى ڕۆحانى شێعە کە هاوپەیمانى سائیرونى بۆ هەڵبژاردنەکانى خوولى چوارەمى پەرلەمانى عێراق کە لە ١٢ى بانەمەڕ لە عێراق زۆرترین کورسى بەدەست هێنا، پێشنیارەکەى قاسم سولەیمانى فەرماندەى سوپاى پاسداران و نوێنەى ڕابەرى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە گفتوگۆ لەگەڵ شێعەکان، ڕەت کردەوە.

سەدر لە بەیاننامەیەکدا بە پێداگرى لەسەر سەروەرى گەلى عێراق و حیکمەت، گرووپەکانى سەر بە کۆمارى ئیسلامى ئێرانى لە لیستى هاوپەیمانییەکەى خۆى دەرکرد کە بڕیار وایە حکومەتیان لەگەڵ پێک بهێنێت. موقتەدا سەدر هاوپەیمانى فەتحى سەر بە حەشدى شەعبی و هاوپەیمانى دەوڵەتى یاساى بە سەرۆکایەتى نورى مالیکى سەرۆکوەزیرانى پێشوو و یەکێتى نیشتمانى کوردستانی لە نێو ئەو لیستە داناوە کە دەوڵەتیان لەگەڵ پێک ناهێنێت و ئەم گرووپەیش هەموویان نێزیکن لە کۆمارى ئیسلامى ئێران.

سەدر نووسى: نەوەیەکى نوێ دروست دەکەین کە شاهیدى گۆڕانکارى بەرەو چاکسازى بێت و عێراق خۆى بڕیاردەر بێت و دواتر ئاڵاى سەرکەوتن بەرز دەکەینەوە تا بەغداى پایتەختى عێراق ناسنامەى خۆمان بێت و بە بزاوتی دیموکراتیکەوە بەرەو پێکهێنانى دەوڵەتێکى ناحزبی و تەکنۆکرات و بەهێز بڕۆین.

ئەم قسانە لە کاتێکدایە کە قاسم سولەیمانى فەرماندەى سوپاى قودسى ئێران دوو ڕۆژ پاش هەڵبژاردنە سەراسەرییەکانى عێراق چووە بەغدا تا گرووپە شێعەکان ڕازى بکات پێکەوە دەوڵەتێکى شێعە دروست بکەن. موقتەدا سەدرى ڕۆحانى ٤٥ ساڵە، ناسراوترین نەوەى بنەماڵەى سەدر، کە سەردەمى لاویەتى خۆى لە تاران بەسەر بردووە، ئێستا خۆى بە بەهێزترین کەسایەتى نەتەوەیی ـ مەزهەبی دەزانێت کە دەیهەوێت کۆتایی بە دەسەڵات  ئێران و ئەمەریکا لە عێراق بهێنێت؟

لە ڕوانگەى موقتەدا سەردەوە، کۆمارى ئیسلامى ئێران بەرگرى لە کەسانى گەندەڵى وەک نورى مالیکى دەکات. شکستى ڕوانگەى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە عێراق لە حاڵێکدایە کە بە قسەى ڕاگەیاندنەکانى سائیرون، لە سێ مانگى ڕابردوو ئێران زیاتر لە هەشتا ملیۆن دۆلارى داوەتە لایەنە بەسیجییەکانى شێعە تا لە هەڵبژاردنەکان سەرکەوتوو بێت و بیباتەوە.