
هاووڵاتییەکی گەنجی کورد و خەڵکی شارۆچکەی کۆتۆلی سەر بە شاری خۆی بەناوی شەمسەددین ئیسماعیلی، پاش ۴۵ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە بەندیخانەی شاری ئامەد سەر بە باکووری کوردستان، بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا. هۆکاری مەرگی ئەو هاووڵاتییە کە لە بەندیخانە ئەشکەنجە درابوو بە "خۆکوشتن" ڕاگەیەندراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، شەمسەددین ئیسماعیلی، هاووڵاتیی تەمەن ۲۵ ساڵی خەڵکی گوندی هندوان سەر بە شارۆچکەی کۆتۆلی شاری خۆی، پاش ۴۵ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە بەندیخانەی دیاربەکر گیانی لەدەست دا.
تەرمی ئەو هاووڵاتییە چوارشەممە ۱۴ی جۆزەردان ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا و ئێوارەی یەکشەممە ۱۸ی جۆزەردان لە سنووری ڕازی شاری خۆی بۆ ئێران گواسترایەوە و بەیانی ڕۆژی دووشەممە بۆ ورمێ نێردرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە بۆ کارکردن ڕووی لە تورکیا کردبوو و لە وێستگەیەک لە دیاربەکر دەستبەسەر کرابوو و دواتر بۆ بەندیخانە گواسترابۆوە و بەسەختی ئەشکەنجە دراوە.