
هێزە ئەمنییەکانی ئێران ڕێگەیان نەدا رێوڕەسمێکی نەورۆز لە گوندی مێمانداری سەر بە شاری نەغەدە بەڕێوەبچێت. ئەم ڕێگرییە چەند ڕۆژێک دوای ڕووداوەکانی نەورۆزی شاری ورمێ دێت، کە تێیدا گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان کورد و تورکەکاندا سەریهەڵدا و بەهۆیەوە ٢٢ کەس دەستگیرکران.
بڕیار بوو ڕۆژی دووشەممە ئاهەنگێکی نەورۆز لە گوندی مێماندار بەڕێوەبچێت، بەڵام هێزە ئەمنییەکان و پۆلیس ڕێگاکانی گوندەکەیان داخست و ڕێگرییان لە کۆبوونەوەی خەڵک کرد. سەرچاوەیەک لە گوندی مێماندار ڕایگەیاند کە خەڵکێکی زۆر لە شار و گوندەکانی دیکەوە بە مەبەستی بەشداریکردن لە ئاهەنگەکەدا ڕوویان لە گوندەکە کردبوو، بەڵام هێزە حکومییەکان ڕایانگەیاندبوو کە ڕێوڕەسمەکە مۆڵەتی نییە و بەهۆی یادی شەهادەتی ئیمام عەلییەوە ناتوانرێت بەڕێوەبچێت.
شاری نەغەدە دانیشتووانێکی کورد و ئازەری تێدایە، و سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەدا کە ڕێگرییەکە پەیوەندی بە ڕووداوەکانی ورمێوە هەیە.
ئاهەنگی نەورۆزی ورمێ لە ١٨ی ئازاری ٢٠٢٥ بەڕێوەچوو، کە دەیان هەزار کەس بەشدارییان تێدا کرد. لە ٢٢ی ئازاری ٢٠٢٥دا، ژمارەیەکی زۆر لە تورکە ئازەرییەکانی ورمێ بە بیانووی ماتەمگێڕان بۆ ئیمام عەلی، ڕژانە سەر شەقامەکان و دروشمیان دژی کورد بەرزکردەوە. ئەو کۆبوونەوەیە بە سەرپەرشتی موحەممەد خەلیلپور، سەرۆکی ئەنجومەنی شاری ورمێ، و بە بەشداری کەسانی وەکو نادر قازیپوور، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی ئێران، ڕێکخرابوو.
ڕەحیم جەهانبەخش، فەرماندەی پۆلیسی ورمێ، ڕایگەیاند کە ٢٢ کەس بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە و دروستکردنی دووبەرەکی" لە کاتی ڕێوڕەسمی یادی ئیمام عەلی دەستگیرکراون.