بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

شارۆچکەی پیرانی ئامەد له باکووری کوردستان گەماڕۆی ئەمنی و عەسکەری درا

شارۆچکەی پیرانی ئامەد له باکووری کوردستان گەماڕۆی ئەمنی و عەسکەری درا
posted onSeptember 1, 2024
noبۆچوون

بەرپرسانی تورکیا ڕایانگەیاندووه که لە سنووری شارۆچکەی پیران سەر بە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان، بۆ ماوەی ١٥ رۆژ چوونی خەڵک بۆ چیاکانی کورشونڵودوزو و گۆرەسە قەدەخە کرا. بڕیارەکەش بەپێی یاسای سەربازی دراوە.

بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە ئەمڕۆ یەکشەممە، یەمی ئەیلوول لەلایەن پارێزگای ئامەد بڵاوکراوەتەوە، لە سنووری شارۆچکەی پیران، چیاکانی کورشونڵودوزو و گۆرەسە کە دەکەوێتە نێوان گوندەکانی شیمگرکی سەروو، پپراژما و هێرەدۆ وەک "ناوچەی ئەمنیی تایبەت" ناسێندراون و بۆ ماوەی ١٥ رۆژ چوون و هاتنی خەڵک بۆ ئەو ناوچانە قەدەخە کراوە.

جێگای ئاماژەیه، بڕیاری قەدەخەکردنەکە رۆژی ٣ی ئەیلوول دەستیپێدەکات و تاوەکو ١٥ی ئەیلوول بەردەوام دەبێت.

پارێزگای ئامەد رایگەیاندووە، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، دەستەبەرکردنی سەلامەتی گشتی، رێگری لە تاوان و پاراستنی ماف و ئازادییەکانی دیکە، ئەو ناوچانە وەک ناوچەی ئەمنیی تایبەت راگەیێندراون و داوای لە خەڵک کردووە بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆیان پابەندی بڕیارەکە بن و سەردانی ئەو ناوچانە نەکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە بە بڕیاری پارێزگای مێردین لە سنووری شارۆچکەی نسێبین لە ٣١ی ئابەوە تاوەکو ١٤ی ئەیلوول، بۆ ماوەی ١٥ رۆژ چوونی خەڵک بۆ هەشت گوندی قەدپاڵی چیای باگۆک قەدەخە کراوە.

بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکانی هەواڵ، بە پاڵپشتیی هێلیکۆپتەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە ناوچە شاخاوییەکانی چیای باگۆک دەستیپیکردووە.

سوپای تورکیا لەم دواییانەدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە گەریلاکانی پەکەکە لەسەر سنووری باکوور و باشووری کوردستان و چەند پارێزگایەکی دیکەی باکووری کوردستان زیادکردووە، بەو هۆیەوە قەدەخەی هاتووچۆ و ناوچەی ئەمنیی تایبەت لە ناوچەکەدا رادەگەیێنرێت.