
زیاتر لە ٢٠٠ چالاکوانی مەدەنی و سیاسی بەیاننامەیەکیان بڵاوکردووەتەوە و تێیدا پاڵپشتی خۆیان بۆ وریشە مورادی دەربڕیوە، کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.
لە بەیاننامەکەدا، واژۆکاران نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لە ئەگەری پشتڕاستکردنەوەی سزاکە لەلایەن دادگای باڵاوە و جێبەجێکردنی. ئەوان هەروەها ڕایانگەیاندووە کە لەسێدارەدان بە هەر هۆکارێک بێت، "کوشتنی بەئەنقەستی حکوومەتییە".
واژۆکاران هەروەها ئاماژەیان بەوە داوە کە سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی بە "حوکمێک لە دژی هەموو ژنانی کۆمەڵگە و کوردستان" دەزانن، و جەختیان لە ڕۆڵی ژنان لە خەبات دژی "کاردانەوە و فاشیزم" کردووەتەوە لە ماوەی ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا.
بەیاننامەکە ئیدانەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی و زیاتر لە ٥٠ زیندانیی سیاسی و عەقیدەتی و هەروەها هەزاران زیندانی بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر دەکات.