
بەپێی راگەیەندراوێکی سوپای پاسداران، رێگە بە ئاهەنگەکانی نەورۆز دەدرێت لە پارێزگای ئیلام بە چەند مەرجێکەوە. ئەم ڕاگەیەندراوە دەڵێت: قسەکانی پێشتری فەرماندەی سپای ئیلام لێکدانەوەی هەڵەی بۆ کراوە.
چالاکوانانی کولتووریی پارێزگای ئیلام پلانیان داناوە ئاهەنگە جەماوەرییەکانی نەورۆز لە شارەکانی ئاودانان، دێلران، پەهلە و هولەیلان بەڕێوەببەن و داوا لە خەڵک دەکەن بە خێزانەوە بەشداری بکەن.
سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە کە ئاهەنگەکان دەبێت لە چوارچێوەی یاسادا بن، بەدوور لە کاریگەریی "ڕەوتە جیاخوازەکان" (ئەم دەستەواژەیە حکومەتی ئێران بۆ ئاماژەدان بە حزبە کوردییەکان بەکاری دەهێنێت)، هەروەها دەبێت ڕێز لە مانگی ڕەمەزان بگیرێت و مۆڵەتی فەرمی بۆ ئاهەنگەکان وەربگیرێت.
ئەم ڕاگەیەندراوە لە دوای ئەوە دێت کە چالاکوانانی ئیلام بانگەشەیان بۆ بەڕێوەبردنی ئاهەنگی جەماوەریی نەورۆز کردووە. پێشتر بەرپرسانی پارێزگای ئیلام کۆبوونەوە و فەرماندەی سوپای پاسداران هەڕەشەی لە دامودەزگا حکومییەکان کردبوو کە مۆڵەت نەدەن بۆ بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکان، هەروەها هەڕەشەی دەستگیرکردنی لە چالاکوانان کردبوو ئەگەر هەوڵی بەڕێوەبردنی ئاهەنگەکان بدەن.
پێشتر دەزگا ئەمنییەکانی پارێزگای ئیلام تەلەفۆنیان بۆ چالاکوانان کردووە و هۆشدارییان داوەتێ ئەگەر بەردەوام بن لە بانگەشەکردن بۆ ئاهەنگەکانی نەورۆز، دەستگیریان دەکەن.